كورد لە‌سە‌ردە‌می سە‌رمایە‌داری دیجیتاڵیدا لە‌ناو دە‌چێت

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەناو ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان، یان لانی كەم دەڤەرەكەی ئێمە ” زۆنی شارەزوور” وا باوە كاتێ ھەڕەشەیەك یان ئەركێكی قورسی چاوەڕواننەكراو دێتە پێشەوە، كە قورستتر و كاریگەرتر بێت لەئەركەكانی پێشوو، دەڵێن: ئەوەی پێشوو بە لێو ئەخورا، یان كێشەكەی پێشوو ئاوخواردنەوەبوو لەچاو ئەمەی ئێستا!.
ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ قورسی و گرانی ئەو كێشەیەی كە حاڵی حازر ھاتۆتە پێشەوە.
واتە ئەگەرچی كێشەكەی پێشووش قورس بوو بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەو كێشەی ئێستا سەری ھەڵداوە، وەك ئاوخواردنەوە وابوو. ئایا ئاوخواردنەوە قورسە؟ بێگومان بۆ مرۆڤی تەندروست نەخێر.
گەلی كورد لەمێژووی دوور و درێژی خۆیدا، سەدان جار دووچاری ئاستەنگ و ئاڵەنگاری و تەحەدای زۆر گەورە بووەتەوە كە بەتەواوی ھەڕەشەیان لەسەر ژیانی دروستكردووە. بەڵام كاتێ سەیری جۆر و جەوھەری ئەو ئاستەنگانەی پێشوو دەكەین، تێدەگەین لەڕووی پاساو و، میكانیزمی پراكتیزەكردنیانەوە، ھەروەھا لەڕووی قەبارە و گوڕییانەوە، لەناو ھەمان ئەو مەنزومە شارستانیی و مێژووییەوە بوون كە كوردیش تیایدا وجودی ھەبووە و، دانەبڕاوە لێیان. بەمانایەكی تر: شاڵاوەكانی ئەنفال، یان بۆردوومانی ھەڵەبجە، بە میكانیزم و پاساوێكی ئەوەندە سەرەتایی كراون، كە زۆر دووربوون لەسەردەمی ئەقڵی مۆدێرنێتە و شارستانییەتی نوێ، دەی خودی كوردیش لەناو ھەمان زەمینەی پێش مۆدێرنێتە بووە، توانیویەتی ململانێ
بكات و، دەربازببێت لەو مەترسی لەناوچوونەی كە ڕووبەڕووی بووەتەوە!.
ھۆكاری ئەوەش ئەوەیە، عەرەب یان تورك و فارس كەمەترسییەكانیان دروستكردووە لەسەر كورد، خۆیشیان لەدەرەوەی مۆدێرنێتە بوون و، لەناو ھەمان ئەو زەمینەیەدا جوڵاون كە كورد تیایدا جوڵاوەو، ئەوانیش وەك كورد لەڕووی جەوھەرەوە، دواكەوتووبوون! لەبەرئەوە دەبینین مەترسییەكانیان بۆ لەناوبردنی كورد، لەلایەن كوردەوە كراوەتەوە میكانیزمی بەردەوامیدان بەژیان!.
پێم وایە لەسەردەمی ئیستادا، دەرفەتەكانی مانەوەو درێژەدان بە ژیان بەم ڕیتمەی كورد ھەیەتی، زۆر ئەستەمە و، ڕەنگە لەڕاستی دوورنەكەوینەوە ئەگەر بڵێین: لەسەردەمی سەرمایەداری دیجیتاڵیدا، زۆر ئەستەمە ئەقڵە دواكەوتووەكان و كۆمەڵگە سونەتییەكان بتوانن بژین و نەتوێنەوە!.
ئەم بیروڕایە بابەتی ڕەشبینی و گەشبینی نیە، پرسەكە لەوە گەورەترە، چونكە چ كورد یان ئەو كۆمەڵگە و نەتەوانەی كەلەھەمان ئاست و زەمینەی شارستانی كورددان، مەحكومن بە لەناوچوون. ئەویش لەبەر ھۆیەكی یەكجار زۆر سادە، ھۆیەكەش ئەوەیە لەجەوھەردا جیاوازن لەڕۆحی سەردەمەكەو ڕادەی دواكەوتنیان لەسەردەم پێوانە ناكرێت و، تەنانەت ھەست بەدواكەوتنی خۆیان ناكەن و ھیچ پلانێكیان نیە بۆ ئەوەی بگەنەوە بە ژیانی سەردەمەكە. سەرمایەداری دیجیتاڵ، كاپیتالیزمی ژمارەیی و ئەلیكترۆنی، ھیچ بوارێك ناھێڵێتەوە بۆ فەرھەنگ و كۆمەڵگە دواكەوتووەكان تاكو تیایدا بجوڵێن. ئەو لەگەڵ ھەوادا مامەڵە دەكات و تەنانەت چركەكانی ژیانی تاك بەتاكی كۆمەڵگەی كۆنترۆڵ كردووە.
ئیستا سەردەمی كاپیتالیزمی دیجیتالی كۆمپانیا گەورەكانی (فەیسبوك، ئەمازۆن، ئەپڵ، ئەلفابێت، ھواوی، مایكرۆسۆفت…ھتد)ە. ئەمانە لەڕێی زیرەكی دەستكرد و، ئەلیكترۆنەوە، ھەواو و كاتەكانی ژیانی مرۆڤیان لەسەر زەوی كردۆتە بواری وەبەرھێنان. قەبارەی وەبەرھێنانی ئەم كۆمپانیا زەبەلاحانە، زۆر گەورەترە لە قەبارەی ئەو پارەیەی كەلەھەموو جیهاندا ھەیە!. ئەم كۆمپانیایانە، ھەموو شتێكی مرۆڤ دادەڕێژنەوە، سەرمایەدارییەكەیان ھیچ سانسۆر و یاسایەكی بەركاری لەسەرنیە. جەوھەرو پێوەرەكانی كاركردن و نەخشەدانانیان بەجۆرێك تازەیە كە كۆمەڵگە دواكەوتووەكانی وەك كۆمەڵگەی كوردی بەدەیان ساڵی تریش ناتوانیت لێی تێبگات، چ جای ئەوەی خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت…ئەم چەكە تازەیە و كورد و كۆمەڵگە
دواكەوتووەكانی تر، ھیچ بوارێكی جوڵەیان لەپەراوێزی سەردەمەكەدا بۆ دیاری نەكراوە. لەبەر ئەوە دەڵێم: مادەم كورد ھیچ بەشدارییەكی نیە لەم سەردەمە تازەیەدا و لەگەڵ ڕۆح و جەوھەری مۆدیلەكەدا نامۆیە، نە لێی تێدەگات و نەھەست بەمەترسییەكانی دەكات، وەك مرۆڤێكە كەلەمەلەوانی نەزانێت و لەناكاو خۆی لەناو قووڵایی دەریایەك ببینێتەوە. لەكاتێكدا پێشتر لەناو تەشتێك ئاودا خۆی شۆردبێت!.
كاپیتالیزمی دیجیتاڵی، مەترسییەكی ئەوەندە گەورەیە لەسەر كورد، بەتایبەتی چونكە كورد دەولەتی نیە تاكو مەترسییەكانی سەر وجود و كەلتوری ئیحتیوا بكات، ھەموو مەترسییەكانی ۲۰۰۰ ساڵی ڕابردوو كە دووچاریان بووە، وەك ئاو خواردنەوە ئاسان بوون!. چونكە كورد كوڕی سەردەمی دیجیتاڵ نیە و، ئەسڵەن پێی نەخستۆتە سەردەمی مۆدێرنێتەو، كۆمەڵگەی كوردی بۆ گەیشتن بەو سەردەمە پێویستی بە دەیان ساڵ كاركردن و بیركردنەوەو، ھەنگاونا ھەیە.

ھەواڵی زیاتر