كاریگە‌ری ڕای گشتی لە‌سە‌ر توندوتیژی بە‌رامبە‌ر ئافرە‌ت

د. ڤیان سلێمان

لە هەموو قۆناخێکی مێژوویی و لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بابەتێک بوونی هەیە ئەویش ڕای گشتی تاکەکانە چونکە لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە لە ئەنجامی تێگەیشتنی تاکەکان لەوەی کە ناتوانن ژیان بە تەنیا ببەنە سەر و پێویستییەکانیان بەدی بهێنن، دروست بووە، کەواتە دەتوانین بڵێین کۆمەڵگە پێکەوەژیانی تاکەکانە. ڕای گشتی کاریگەری لەسەر هەر پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هەیە و دەتوانێت ڕەوتی ڕووداوەکان ئاراستە بکات و بەرپەرچ یان پەسەندیان بکات، ئەوەش بەپێی قەبارەی ئەو جەماوەرە و کەناڵەکانی دروستبوون و ئاراستەکردنی و ئەو ڕایە، بۆ نموونە لەمڕۆدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو کەناڵەن کە ڕای گشتی لێیانەوە دروست دەبێت و ئاراستە دەکرێت.
بە شێوەیەکی گشتی ئەوەی ڕای گشتی دروست دەکات جەماوەرە و ئەو ڕایەش بۆ پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری یان هەر بوارێکی دیکە کە بە لای خەڵکەوە گرنگن دروست دەبێت.
هەر بۆیە وەک چۆن ڕای گشتی کاریگەری لەسەر هەر پرس و بابەتێک هەیە، بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر پرسی ئافرەت بە گشتی و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت بەتایبەتی هەیە، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ئافرەتان لە ڕێگەی دروستکردنی ڕای گشتی یاخود بەدەستهێنانی هاوسۆزی ڕای گشتی دەتوانین تا ئەوپەڕی ئەو دیاردەیە ناپەسەند و قێزەون پیشان بدەین، بە دڵنیاییەوە ئەوەش کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر کەم کردنەوەی ئەو دیاردە ترسناکە.
توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت کارێکی قێزەون و دوور لە بەها مرۆڤایەتییەکانە، کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و جیهانی پێشکەوتوو بە تەواوی دژ بەم دیاردەیەن و وەک ڕەفتارێکیی ترسناک و مایەی هەڕەشە بۆ مرۆڤایەتی و شارستانیەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی لێی دەڕوانن.
هاوکات خەباتێکی مەدەنی سەرتاسەری دامەزراوەیی و ڕێکخراوەیی بۆ نەهێشتن و بنەبڕکردنی هەیە، توندوتیژی دژی ئافرەت دیاردەیەکی سەرتاسەرییە، ئافرەت لە هەمان کاتدا لە کۆمەڵگە نەریتیی و پێشکەوتووەکانیش توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، بەڵام هۆکار هەروەها ڕەفتار و مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیە لە کولتوورێک و کولتوورێکی دیکەدا جیاوازە، ئەوەی مەبەستمە لێرەدا تیشکی بخەمە سەر ڕۆڵی ڕای گشتی کۆمەڵگەیە لەسەر ئەم دیاردەیە، ئێمە با بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەی یاخود هۆکاری سەرەکی ئەو توندوتیژییەی پیاو بەرامبەر ئافرەت ئەنجامی دەدات، کە سەرچاوەکەی هزری پیاوسالاریی و هزری خاوەنداری پیاوە بۆ ئافرەت لەو چوارچێوەیەشدا تێگەیشتن بۆ چەمکی پیاوەتی و ئەو ڕۆڵ و ئەرکەی
دەدرێتە پاڵ هەر یەکە لە ئافرەت و پیاو.
خۆشبەختانە لە کۆمەڵگەی کوردستانیشدا ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ڕای گشتی لەسەر توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت لە، لە ئێستادا دەبینین توندوتیژی پیاو بەرامبەر ئافرەت لە پێشوودا وەک هێمایەک بۆ ئازایەتی و پیاوەتی لە قەڵەم دراوە و ئەوەش دەتوانم بڵێم ڕای گشتی کۆمەڵگە بووە، بەڵام ئێستا ئەو تێڕوانینە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و توێژێکی زۆر لە کۆمەڵگە بە تەواوی لە دژی ئەو ڕەفتارەن، بەشێکی دیکەش بە شانازییەوە لێی نادوێن، دەشتوانم بڵێم بەشێکی دیکە یان ڕەوتێک لەسەر ئەو تێگەیشتنە نامرۆڤانە بەردەوامن و پشتگیر و هاندەری ئەو ڕەفتارەن، بە دڵنیاییەوە ئەم ئاراستەیە ڕەوتی زۆرینەی کۆمەڵگە پێک ناهێنن و بەرەو کەمینە دەڕۆن، ئەمەش گۆڕانێکی دڵخۆشکەرە و هەوڵێکی هەمەلایەنی زۆری بۆ دراوە، بێگومان پێویستی بە کار لەسەر کردنی زیاتر هەیە و دەبێت وێنایەکی سەردەمیانە لەسەر توندوتیژی لە ناخی تاکەکاندا بچەسپێنرێت و ڕای گشتی بۆ نەفرەتکردنی توندوتیژی بەرامبەر
ئافرەت ساز بدرێت. ئەوەش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەڵمەتی فراوانی هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت، گۆڕانکاری لە تێگەیشتن بۆ چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی پیاوەتی و ژنێتی و هاوسەرگیری و خێزان، لە یەکگرتوویی خەباتی یەکسانیخوازی ئافرەتان ووتارێکی میانڕەو و دوورکەوتنەوە لە هەموو دژایەتییەکی پیاو بەڵکوو بەرەنگاری هزری پیاوسالاری نەک خودی پیاو، بەوەش دەتوانین زۆرترین هاوسۆزی و پشتیوانی پیاوانی یەکسانیخوازیش بەدەست بێنین و ڕای گشتی بۆ پشتیوانی لە پرسەکەمان درووست بکەین.

ھەواڵی زیاتر