ماوەی 25 ساڵە، سەلاحەدین بولوت لە شەقامی ئیستیقلال لە ئیستانبۆڵ، كتێبی كوردی دەفرۆشێت، بەڵام كتێبخانەكەی كە ناوی (میدیا)یە دادەخات و لە پەیامێكیشدا دەڵێت: ”كتێبخانەی میدیا، ماڵی كوردەكانە، خەزینەیەكی كلتوورییە و تكاتان لێ دەكەم خۆتان بكەنە خاوەنی“
لەساڵی 1996، بولوت ئەو كتێبخانەیەی لە شەقامی ئیستیقلال لە ئیستانبۆڵ كردەوە، بە هەزاران كتێبی كوردی لێیە و یەكەم كەسە كە زیاتر لە 25 ساڵە تەنیا كتێبی كوردی دەفرۆشێت.
وەكوو ئەوەی خۆی باسی دەكات، بە هۆی كرێی دوكانەكەی مانگانە لە سێ هەزار لیرەوە بووەتە 12 هەزار لیرە، بۆیە ناتوانێت كرێیەكە بدات و ناچارە كتێبخانەكە دابخات.
بەگوێرەی گوتەی خۆی، ئەگەر تا 1ی تەمووز هیچ رێگەچارەیەك نەدۆزرێتەوە بۆ كرێی دوكانەكەی بەیەكجاری دایدەخات.
ئەو دەڵێت: ”لەساڵی 1990 هاتمە ئیستانبۆڵ، چەندین كاری جۆراوجۆرم كردووە، بەڵام هەموو كاتێك بیرم لەوە كردووەتەوە، دەبێت ئەو خەونەم بێتە دی، كە دوكانێكی كتێبفرۆشتن لە ئیستانبۆڵ بكەمەوە و تەنیا كتێبی كوردی تێدا بفرۆشم؟ لە ئیستانبۆڵ هەر رۆژنامەیەك، یان كتێبێك و تەنانەت ئەگەر لە رۆژنامەیەكدا یەك لاپەڕە یان دوو لاپەڕەی بە زمانی كوردی تێدا نووسرابێت، وەكوو رۆژنامەیەكی كوردی وەرمگرتووە و لە دوكانەكەمدا فرۆشتوومە و هەڵمگرتووە. هەر كتێبێكیش كە لە توركیا قەدەغەكرابێت و كوردی بوبێت، چووم كتێبەكانم گڕیوە و هەڵمگرتوون. لە 1996 تا 1999، پۆلیس مانگانە دوو تا سێ جار هاتوون و هەڵیانكوتاوەتە سەر دوكانەكەم و پشكنینیان كردووە بزانن كتێبە كوردییە قەدەغەكراوەكان لای من هەن، چەند جارێكیش دەستبەسەر كراوم. هەندێك كتێب هەبوون نەمدەفرۆشتن، بەڵام وەكوو دیاری پێشكەشی خوێنەرانم كردووە و زۆرم خۆش دەوێن“.
كتێبخانەی میدیا وەكوو ماڵی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان بووە، وەكوو ئەوەی بولوت باسی دەكات، بۆ یەكەمجار ئەو بووە وای كردووە، كە نووسەرە كوردەكان كتێبەكان لەو كتێبخانەیە بفرۆشن و لەگەڵ خوێنەرەكانیاندا یەكتری ببینن و ئیمزا لەسەر كتێبەكان بكەن.
بولوت، پێیوایە ئەگەر خوێنەری كورد لە ئیستانبۆڵ كتێبی كوردی لێ بكڕن، ئەو دووچاری ئەوە نابێتەوە بە ناچاری كتێبخانەكە دابخات، بەڵام وەكوو ئەوەی باسی دەكات، ئەو قوتابی و خوێنەرە كوردانەش ناحەقیان نییە كە لە كتێبخانەی میدیا كتێبی كوردی ناكڕن، چونكە پێشتر كتێبی كورد قەدەغە بووە و بۆ نووسینی تێزەكانیان نەیانتوانیوە سوود لە كتێبخانەی میدیا ببینن.
بولوت، داوا لە كوردپەروەر و سەرمایەدارانی كورد دەكات، خۆیان بكەنە خاوەنی ئەو كتێبخانەیە و لە داخستن رزگاری بكەن، چونكە خەزینەیەكی گەورەی كلتووری كوردە و بەداخستنی زیانێكی گەورە بەر كتێبی كوردی دەكەوێت لە توركیا.