هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

کچە کوردێک بوو بە یەکەمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا

لوقمان مستەفا – هه‌ولێر

(نیلان ئاراز)، کە کچێکی کوردە لە پێشبڕکێی قوتابیانی کۆلیژی کامبریجدا لە نووسینی “کورتەچیرۆک”ـدا توانیی ببێتە یەکەمی سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە نێو 250 قوتابیدا.

“نیلان ئاراز” تەمەنی 14 ساڵانە و 3 ساڵە بە زمانی ئینگلیزی کورتەچیرۆک دەنووسێت؛ و بە نووسینەکانیدا دیارە حەزی لە شێوازەنووسینی ‘سۆڕیاڵ’ و خەیاڵاویە؛ نیازی وایە رۆژێک لە رۆژان ئەو خەیاڵانەی بکات بە ڕاستی. “ئەفسانەی واتە” ناونیشانی چیرۆکێکی “نیلان” خانە، کە خوێنەر دەبات بۆ گەڕان و سووڕانێکی ورد بۆ گەیشتن بە ماناکانی ژیان.
نیلان، سەبارەت بە سەرکەوتنەکەی دەڵێت: “لە قوتابخانە من و کچێکی تر بەشداریمان کرد، کە دەبوایە کورتەچیرۆکێکمان بنووسیبا کە هەشت نۆ دە وێنەی خەیاڵینەی تێدا با، بەو مەرجەی قوتابییەکە خۆی دایهێنابێت و بیشزانێت خەیاڵەکەی بگەیێنێتە خوێنەر.
نیلان دەشڵێت: “حەز دەکەم ببم بە دکتۆری دەرمانساز بۆ ئەوەی لە بواری پزیشکیدا خزمەت بکەم و لەپاڵ دەرمانسازییشدا بەردەوام بم لە نووسیندا.”
نیلان پۆلی نۆی بنەڕەتییە؛ جیا لە نووسین، خوێندنەوەی کتێب بە هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی خۆی دەزانێت و، وەک خۆی دەڵێ بە تەواوەتی دوورە لە ژیانی تەکنەلۆژیا و مۆبایلەوە و، لە تەمەنی دە ساڵانەوە دەستی کردووە بە خوێندنەوەی کتێب؛
یەکەم کتێبێکیشی کە خوێندبێتیەوە، (هاری پۆتەر) بووە. ئێستاش، رۆژانە چەن سەعاتێکی تەرخان کردووە بۆ خوێندنەوە؛ خۆی گوتەنی: “خوێندنەوە خۆراکە بۆ مێشک و رۆح”.
باس لەوەیش دەکات: “کاتێک کە چوومە نێو جیهانی پەرتووک خوێندنەوە، شێوازی بیرکردنەوە و ژیانم گۆڕا، کاتێکیش دەستم کرد بە خوێندنەوەی ڕۆمان چوومە نێو دنیای خەیاڵ و خەیاڵم کرایەوە؛ ئیدی ویستم ئەو خەیاڵانەم بنووسمەوە.”
نیلان، ئەوەیشی خستە ڕوو: “کارەکتەرە سەرەکییەکەی کورتەچیرۆکەکەم (پێرسویس)ـە، کە کارەکتەرێکی خەیاڵینەیە؛ “پێرسویس” لە ژیاندا بەدوای ئامانجێک دەگەڕێت، بەڵام نەیدۆزیوەتەوە؛ شەوێکیان “پێرسویس” لە ناوشاردا چاوی بە کابرایەک دەکەوێت کە کتێبە بەناوبانگەکەی ‘ئەفسانەی سێزیف’ دەخوێنێتەوە، هی ئەلبێرت کامۆ؛ “پێرسویس” کە دەبینێت کابرا رۆمان دەخوێنێتەوە، پرسیارێکی لا گەڵاڵە دەبێت؛ ئاخۆ ئەو پیاوە لێ دەگەڕێت ئەو رۆمانە کار بکاتە سەر ژیانی، یاخود دەگەڕێتەوە سەر ژیانەکەی جارانی خۆی؟ ئینجا دەبێتە گفتوگۆی نێوان پێرسویس و کابرا.