دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت ڕەنگە خۆپێشاندەران بهێنێتەوە سەر شەقام

نزیکەی حەوت مانگ و نیوە لە عێراق هەڵبژاردن بەڕێوەچووە بەڵام هیچ هیوایەک بۆ ئەوە لە ئارادا نییە حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێنرێت و عێراق لەو دۆخە چەقبەستووییە سیاسییە بهێنێتە دەرەوە. هۆشداری ئەوە دەدرێت ئەگەر خۆپێشاندانەکانی عێراق سەرهەڵبدەنەوە لە خۆپشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ گەرم و گوڕتر بن.

بێلایەنەکانیش بەسەر دوو بەرەکەدا دابەشبوون
وەک ئاشکرایە لە ١٠ تشرینییەکەمی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو بەڵام لەو کاتەوە سەرجەم هەنگاوەکان شکستیان هێناوە. هیوایەک هەبوو لەوەی دوای جەژن لە عێراق بەستەڵەکی ناکۆکییە سیاسییەکان بتوێتەوە و هەنگاوی پراکتیکی بنرێت بۆ ئەوەی حکوومەت دابمەزرێت بەڵام نەک هەنگاوی پراکتیکی نەنراوە بگرە دۆخی عێراق زیاتر چەقبەستوو بووە.
٤٠رۆژ دەرفەتەکەی بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ١٥ رۆژەکەی دەرفەتی بەردەم سەربەخۆکانیش بۆ پێکهێنانی حکوومەت تەواو بوو و فراکسیۆنی زۆرینە دەرفەتی خستووەتە بەردەم سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هاوپەیمان و بەرەی بەرانبەر تا بەڵکوو هەنگاوێک بنێن بەڵام هیچ شتێک لە ئارادا نییە.
لە عێراق بۆیەکەم جار لەوەتەی عێراق دامەزراوە دوو بەرەی سیاسی کەوتوونەتە بەرانبەریەکتر و سەیر لەوە دایە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی وەک کورد و سوننە و شیعەش بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا دابەش بوون. هەر دوو بەرەی سیاسییەکتر بەوە تۆمەتبار دەکەن بە بێ پشتبەستن بە لایەنی بەرانبەر توانای پێکهێنانی حکوومەتیان نییە.
هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوە بوو سەربەخۆکان کە نزیکەی ٤٠ کورسی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە شتێک بکەن و بە قازانجییەکێک لە بەرەکان هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن بەڵام ئەوانیش بەسەر دوو بەرەکەدا دابەش بوون و نەیانتوانی لەم رووەوە بەردێک لە سەر بەردێکی تر دابنێن.
ئەو دەستپێشخەرییانەی چ لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی و چ لە لایەن رەوتی سەدر گیراونەتە بەر هیچ شتێکیان لێ شین نەبووە.

دوایین هەڵوێستی فراکسیۆنی زۆرینە
هەفتەی رابردوو دواین هەڵوێستی فراکسیۆنی زۆرینە ئەوە بووە کە ببێتە ئۆپۆزسیۆن بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە دیار نییە ئۆپۆزسیۆنی کێیە و جگە لەمە ماوەی بوونیشان بە ئۆپۆزسیۆنیەک مانگ دیاری کراوە و دیار نییە دوای مانگێک لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ چی دەگۆڕدرێت.
لە ١٥ی ئەم مانگە، موقتەدا سەدر لە تویتێکدا راگەیاند، رێگەچارەیەکیان لەبەردەمدا ماوە کە پێویستە تاقی بکەنەوە، ئەویش ئەوەیە ببنە ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانی بۆ ماوەیەک کە لە ٣٠ رۆژ کەمتر نەبێت. موقتەدا سەدر رایگەیاند، ئەگەر لایەنەکانی تر و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەوانەشەوە کە هاوپەیمانیان بوون توانیان حکومەت پێکبهێنن، ئەوە کارێکی باشە و پێشوازی لێ دەکەن، ئەگەرنا ئەو کاتە بڕیارێکی دیکەیان دەبێت.
لە چەند راۆژی رابردوودا هەندێک سەرچاوەی عێراق هۆشداری ئەوەیان داوە چەقبەستوویی زیاتری دۆخی سیاسی عێراق دەرهاویشتەی خراپی لێ بکەوێتەوە و خۆپێشاندان لە شەقامەکانی عێراق دەست پێ بکاتەوە و ئەم جارە لەوانەیە داخوازییەکانی خۆپێشاندەرانیش زیاتر ببن و حکوومەتیش کە حکوومەتی کاربەڕێکەرە ناتوانێت وەڵامی پێویستی بۆ داواکارییەکانیان هەبێت.
ئەمە لە میانەی خستنەڕووی راپۆرتی نوێنەری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراقیش تیشکی خرایە سەر و لە کاتی پێشکەشکردنی راپۆرتەکەیدا، جنین پلاسخارت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لەو چەقبەستووییە سیاسییەی عێراق کرد و گوتی ئەگەر هەنگاوی پێویست نەنرێت و لایەنەکان هەرچی زووە رێک نەکەون لەوانەیە دۆخی عێراق زۆر خراپتر بێت و کێشە و قەیرانەکان قووڵتر ببنەوە.

حکوومەتی زۆرینە
جێی باسە گرنگترین بەرەی سیاسی عێراق هاوپەیمانی لایەنەکانی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان و سەروەری سوننەن بەڵام نەیانتوانیوە زۆرینەی ٢٢٠ کورسی کۆ بکەنەوە. ئەوەی لەم پڕۆسەیەدا مایەی کێشە و ناکۆکی بووە دوو پرس بووەیەکەمیان پێوەندی بە ناکۆکییەکانییەکێتی و پارتی هەیە کە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەسەریەک کاندید ساغ نەبوونەتەوە و دووەمیش پێوەندی بە رەوتی سەدر هەیە کە رای گەیاندووە حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی پێک دەهێنێت و حکوومەتی سازان رەت دەکاتەوە.
سەدر هێشتا سوورە لەسەر دامەزراندنی حکوومەتی زۆرینە بەڵام لە پرسی پێوەندییەکانی یەکێتی و پارتیدا هەندێک هەواڵی ئەرێنی بڵاو بوونەتەوە کە مایەی دڵخۆشین و ئەگەر کورد هەنگاوی پێویست بنێت و گوراتەکەی هاوبەش بکات ئەوا دەتوانێت بە تیرێک لە دو ئامانج بدات .

ھەواڵی زیاتر