بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران و زاخۆ دەكرێنەوە 

بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ زیاتر گرنگیدان بە کەرتی گەشتوگوزار و گەشتیاریی لە ھەرێمی کوردستان لە ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزار دەکرێنەوە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە “بە گوێرەی فەرمانێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر میلاكی وەزارەتی شارەوانی بڕیاری دا بە هێنانەكایەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، وەک لە بڕیارەكەدا هاتووە ئەم فەرمانە لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەكرێت.”

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش دا کە “ئەم بڕیارەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەری زۆری لەسەر پەرەپێدان و بووژانەوەی سێكتەری گەشتوگوزار لە سنووری ئیدارەی سۆران دەبێت و هەنگاوێكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ بایەخدان بە سێكتەری گەشتوگوزار و ئیدارەكە كە بە بەردەوامی ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری ناوخۆ و پارێزگەكانی عێراق و بیانی سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری سۆران دەكەن.”

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەختی کردەوە کە بڕیاری کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار، لە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ جێبەجێ دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر