شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: پارتی دەستپێشخەریی هەیە بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان

پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا، باس لە ھۆکاری دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق دەکات و دەڵێ، لایەنە شیعەکان ھۆکارن کە تا ئێستا حکوومەت پێک نەھاتووە. دەشڵێ، بۆ ناو ماڵی کورد لە لایەن پارتییەوە دەستپێشخەری ھەیە و دەگەنە ڕێککەوتن، بەڵام ناو ماڵی شیعە ڕۆژبەرۆژ لە یەکتر دوور دەکەونەوە، بۆیە ئەگەر وا بڕوات شتێک نامێنێت بەناوی عێراق.

ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر ھەڵبژاردن ھێشتا حکوومەتی عێراق پێک نەھاتووە و سەرکۆماریش ھەڵنەبژێردراوە.
شوان محەمەد، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکێک لە ھۆکارەکان ناکۆکی نێو ماڵی شیعەیە، بنەماکانی دیموکراسی لە عێراق بە تەواوەتی نەچەسپاون، ئەوانەی کە دۆڕاون ئەنجامی ھەڵبژاردن قبول ناکەن، ھەڕەشەی چەک دەکەن، چەکداریان ھەیە، داوا دەکەن بە ھەر شێوەیەک بێت دەبێت لە حکوومەت بەشداریان پێ بکرێت، سەدریش حکوومەتی زۆرینە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ، حکوومەتی نیشتمانی پێک دەھێنم، ھەروەھا تەدەخولاتی ھەرێمی ھۆکارێکی دیکەیە بۆ پێکنەھاتنی حکوومەت، ھەندێک وڵاتی ھەرێمی دەیانەوێت لە ڕێگەی ھەندێک حزبەوە پێگەیان لە عێراق ھەبێت، لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، ھەندێک جار کێشە دروست دەکات و وا دەکات کە لایەنەکان بە ئاسانی نەتوانن بگەنە ڕێککەوتن، بۆیە کورد ھۆکار نییە بۆ دواکەوتنی حکوومەت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەر کاتێک لایەنە شیعەکان گەیشتنە ڕێککەوتن و ھاتنە نێو ھۆڵی پەرلەمان دانیشتن بەڕێوە دەچێت و سەرکۆمار ھەڵدەبژێردرێت، بەڵام لایەنە شیعەکان ڕێک ناکەون تا دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران ئامادەی کۆبوونەوەکە بن.
ئەو پەرلەمانتارەی کورد لە بەغدا، ڕوونیشی کردەوە: “بۆ ناو ماڵی کورد لە نێوان پارتی و یەکێتی گفتوگۆ ھەیە، لە لایەن پارتی دەستپێشخەری ھەیە، بەڵام بۆ ناو ماڵی شیعە بە پێچەوانەوە بابەتەکە توندتر بۆتەوە، گۆمان دەکرێت خۆپیشاندان دەست پێ بکەنەوە، ھەندێک شتی خراپ ڕوو بدات، بۆیە ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەت پێک نەھێت، عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەڕوات، خەڵکیش ئەوە قبوول ناکات و خۆپیشاندان دەست پێ دەکاتەوە و وڵات بە تەواوەتی تێک دەچێت”.

ھەواڵی زیاتر