دیالۆگێکی سەختی ئەفلاتۆن بە کوردی بڵاو دەکرێتەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لە نوێترین کاری وەرگێڕانیدا نووسەر و وەرگێڕ ئاوات ئەحمەد سوڵتان یەکێکی دیکە لە دیالۆگە ناسراوەکانی ئەفلاتۆن وەردەگێڕێت بەناونیشانی ” پارمێنیدێس”، کە بە دیالۆگە سەختەکە ناسراوە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و بڕیارە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

وەرگێڕ پێشتر بەشێک لە دیالۆگەکانی ئەفلاتۆنی کردووە بە کوردی، بەڵام سەبارەت بەم دیالۆگە، باس لە سەختی وەرگێڕانەکەی دەکات و دەڵێت: دایالۆگێکی هەتا بڵێی ئاڵۆز و قووڵ، دایالۆگێکی سەخت و تاقەتپڕوکێنە لەنێوان پارمێنیدێسی فەیلەسوفی ئیلییایی لە کۆتاییەکانی تەمەنی و سۆکراتی لاودا کە تازە دەستی داوەتە فەلسەفە ڕوو دەدات و کە زۆری پێناچێت لەسەر داوای ئامادەبووان داوا لە پارمێنیدێس دەکرێت تیۆرەکەی لەبارەی بوونەوە ڕوون بکاتەوە و لاوێکیش کە ناوی ئەرەستۆیە (ئەرەستۆی فەیلەسوف نا، بەڵکو بەپێی هەندێک لە گێڕانەوەکان، دوای بەزینی ئەسینا لە جەنگی پیلۆپۆنیشدا، دەبێت بە یەکێک لە سی ستەمکارەکەی شار). پارمێنیدێس هێرشێکی بێڕەحمانە دەکاتە سەر تیۆری فۆرمەکان، ئەفلاتون لە ناوەڕاستی تەمەنیدا کاری لەسەر ئەم دیالۆگە گرنگە کردووە.
وەرگێڕ باس لەوەش دەکات کە بۆ وەرگێڕانی ئەم دیالۆگە کاتێکی زۆرم پێچووە لە زۆر جێگادا بەدەستییەوە گیری خواردووە، بەڵام دواجار دەستی بەسەر کۆی تێکستەکەدا شکاوە و ئامادەی چاپ بووە و ئێستا بەرەو چاپخانە ڕوانە کراوە و بڕیارە لە چەند هەفتەی ئایندەدا چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
ئاوات ئەحمەد سوڵتان، لە وەرگێڕە پڕکارەکان و بە وەرگێڕی دەقە گرنگەکانی ئەفلاتۆن و رۆسۆ و فرۆید و جۆن ستیوارت میل و چەند نووسەر و بیرمەندێکی دیکە ناسراوە.

ھەواڵی زیاتر