پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

1ژاپۆن 100 ملیۆن دۆلار وەك قەرز بە ئۆكراینا دەدات

دوای ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە ئاكامی هێرشی رووسیا دووچاری ئۆكراینا بووەتەوە، ژاپۆن و ئۆكراینا واژوویان لەسەر رێككەوتنێكی پێدانی قەرز بە بەهای 13 ملیار یەن (100 ملیۆن دۆلار) كرد.
حكوومەتی ژاپۆن بەردەوامە لە هاوكارییەكانی بۆ ئۆكراینا كە هێرشەكانی رووسیا بۆسەر ئەو وڵاتە بەردەوامن.
لەو میانەیەدا سەرۆكی ئاژانسی هاریكاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (JICA)، ئاكیهیكۆ تاناكا و وەزیری دارایی ئۆكراینا، سێرگی مارچەنكۆ لە رێگای ئۆنلاینەوە كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، واژوو لەسەر رێككەوتنێكی پێدانی قەرز بە بەهای 13 ملیار یەن كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا، ئاكیهیكۆ تاناكا ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی هێرشەكانەوە بە “گەورەترین تەحەدا كە رووبەڕووی سیستەمی نێودەوڵەتیی بووەتەوە لەو سەدەیە” لەقەڵەم دا.
سێرگی مارچەنكۆ سوپاسی حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ رێككەوتنەكە و گوتی: “زۆربەی ئۆكراینییەكان تەنها لە پێناو سەربەخۆیی وڵاتەكەیان نا، بەڵكو لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ئەورووپاشدا خەبات دەكەن”.
ئاژانسی هاریكاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو قەرزە “بۆ مەبەستی سەربازیی بەكار ناهێندرێت و راستەخۆ دەخرێتە سەر بوودجەی حكوومەتی ئۆكراینا”.