ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری: دۆسیه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق ناكۆك نییه‌ 

سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان رایدەگەێنێت، لەسەر بنەمای یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007، كە پشتی بە دەستووری عێراق بەستووە، هەرێمی كوردستان ئیدارەی ئەو كێڵگانە دەكات و یاساكە لەگەڵ دەستووری عێراق هیچ ناكۆكییەكی تێدا نییە.
دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: مامەڵەكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی نەوت و پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەگەڵ دەستووری عێراق ساڵی 2005 یەكدەگرێتەوە، ماددەكانی یاسای نەوت و گاز ژمارە 22ی ساڵی 2007، كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە‌، لەگەڵ ماددەكانی دەستووری عێراق ناكۆك نییە.
هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری گوتی: لەبەر ئەوەی ماددەی 110 و 112ی دەستووری عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، كە حكومەتی فیدراڵی لەو كێڵگانەی ئێستا هەن ئیدارەی نەوت و گاز دەكات، لەگەڵ هەرێمەكان و پارێزگاكان، تا بەرهەمەكەی بە شێوەیەكی گونجاو بەسەر دانیشتوانی هەموو عێراق دابەش بكرێت، لەگەڵ پێدانی پشكێكی دیاریكراو بۆ ئەو هەرێمانەی لە سەردەمی رژێمی پێشوو زیانیان بەركەوتووە، ئەمەش بەپێی یاسا رێكدەخرێت، بۆیە پێویستە پڕۆسەكە بە پێی ئەو ماددە دەستووریانە بەردەوام بێت.
دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن روونیشیكردەوە كە ئەمە پێویستی بەوەیە، كە ئەو كێڵگە نەوتییانەی لە دوای ساڵی (2005) لە هەرێمی كوردستان دامەزراون، بكەونە ژێر بەرپرسیارەیەتی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی دەقی دەستوور ئاماژەی تەنیا بە كێڵگە نەوتییەكانی ئێستا “ئەو كات” كردووە، كە بەر لە ساڵی 2005 هەبووە، بەڵام كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دوای ساڵی 2005 كاری لەسەر كراوە، بۆیە لەسەر بنەمای یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007، كە پشتی بە دەستووری عێراق بەستووە، هەرێمی كوردستان ئیدارەی ئەو كێڵگانە دەكات و یاساكە لەگەڵ دەستووری عێراق هیچ ناكۆكییەكی تێدا نییە.

ھەواڵی زیاتر