هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هاوسەرگیری پێشوەختە، هۆکار و لێکەوتەكانی

ئەوجۆرە ھاوسەرگیرییە ناتەندروستەیە کە لەڕوی ( دەروونی – تەندروستی – جەستەیی)ەوە کەسەکە ئامادە نییە بۆ ھاوسەرگیری. ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری دوور لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دوور لە بنەما یاساییەکان ئەنجام دەدرێت، پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافەکانی منداڵ و ئافرەتە و ھۆکارێکیشە بۆ دروستبونی کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان کە دواجار بە کوشتن یان خۆکوشتن و خۆسوتاندن یان ھەڵوەشاندنەوەی خێزان یاخود خیانەتی هاوسەری (وەک تۆڵە کردنەوە ) کۆتایی دێت .

ھۆکارەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە چین ؟
١- کەمی ھۆشیاری کۆمەڵگە دەربارەی لێکەوتە خراپەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە :
ئەمەش پەیوەندی بە کلتورو دابونەریتە کۆمەڵایەتیەکانەوە ھەیە، کۆمەڵگەی ئێمە ھێشتا لەو بیرە چەق بەستوەدا ماوە کە دەبینێت منداڵەکانیان ( بەتایبەتی کچان ) وردە وردە گەورە دەبن ئیتر ترس لەوەی توشی کێشەیان نەکەن و شەرەفی خیزان و بنەمالەکە لەکەدار نەکەن خێرا دەیان دەن بە شو و لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە .

٢- نەبونی داھاتی سەربەخۆ:
زۆربەی کچان بێکارن و خاوەن داھاتی سەربەخۆی خۆیان نین، چونکە باوک یان برا ڕێگە نادەن کچ یان خوشکیان کار بکەن، ئەمە وایکردوە کە کچه‌كان چاوەڕێی دەستی باوک یان برا بن تا پێویستی ڕۆژانەیان بۆ دابین بکەن و پارەیان بدەنێ، لە ڕوی ئابوورییەوە فشارە بۆ باوک و براکان، لە ڕووی دەروونییشەوە فشارێکی ناخۆشە بۆ کچ کە هەندێکجار هەست دەکەن باوک و براکانیان خێریان پێدەکەن، ئەمە وایکردوە بەشێک لە کچان هاوسەرگیری پێشوەختە بەهەموو خراپیەکانییەوە بەباشتربزانن لەو بارودۆخەی تێیدا دەژین لە ژێردەستی باوک و برادا .
٣-جێبەجێنەکردنی یاسا وەک خۆی ھۆکارە بۆ زیادبونی ھاوسەرگیری پێشوەختە :
ھەرچەندە کاری یاسا دابینکردنی ئەرک و مافی ھاوڵاتیانە و سەپاندنی سزایە بەسەر سەرپێچی کاراندا، بەڵام چاوپۆشی کردن لە جێبەجێکردنی سزاکاندا ھەیە، جیا لەوە تاکی کۆمەڵگەی ئێمە ھۆشیاری کەمە دەربارەی ئەو یاسایانەی لە دادگاکاندا هەن و کاریان پێدەکرێت، ھەربۆیە ئەمجۆرە هاوسەرگیرییە زۆرکات لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دەدرێت.

٤- ترسی کچان لە ھەڵکشانی تەمەنیان و قەیرە بونیان : ھۆکارە بۆ ئەوەی کچان لە تەمەنێکی زۆر کەمدا بیر لە پرۆسەی ھاوسەرگیری بکەنەوە، لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆربەی پیاوان ئارەزوی ئەوە دەکەن کە ھاوسەرگیری لەگەڵ کچانی کەم تەمەندا بکەن و کەمتر بەلای کچانی تەمەن هەڵکشاودا دەچن .
٥- بونی توندوتیژی لەناو خێزان دا :
ھۆکارە بۆ ئەوەی کچان لە تەمەنێکی کەمدا پەنا بەرنەبەر ھاوسەرگیری بۆئەوەی لەو بارە ناخۆشە خێزانی و سایکۆلۆژیە ناخۆشە و لەو ژینگە پر توندوتیژیە دوور بکەونەوە.
٦- کاریگەری ھاورێ و کەسانی دەوروبەر:
کاتێک ھاورێ و کەسانی دەوروبەر کاریگەریان لەسەر ژیانی تایبەتی دروستکرد دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی چاو لە ھاورێ بکات، یاخود بە قسەی ھاورێ و کەسانی دەوروبەر بکات بیر لە ھەبوونی ھاورێی کوڕ یان بیر لە خۆشەویستی بکاتەوە لە تەمەنێکی زۆرکەمدا کە دواجار کاریگەری خراپ لەسەر ژیان دروست دەکات، بۆیە باشترین شت ئەوەیە کە ( ھیچ کاتێک ھاورێ کاریگەری نەبێت لەسەر ژیانی تایبەتیتان).
٧- بەداخەوە هۆکارێکی دیکەی هاوسەرگیری پێشوەختە ئاینە:
لە ئاینی ئیسلامدا رێگە دراوە بە هاوسەرگیری پێشوەختە کە ئەمەش والە خێزانەکان و دایکان و باوکان دەکات کە نەک رێگر بن لەو پرۆسەیە بەپیچەوانەوە زۆربەی خێزانەکان هاوسەرگیری پێشوەختە وەک بەجێهێنانی ئەرکێکی ئاینی تەماشادەکەن .

ڕێژەی ئەو کەسانەی کە داوای جیابونەوە ئەکەن لە ٪‏٧٠ ئەوانەن کە تەمەنیان لە نێوان (١٥ -٢٥) ساڵی دایە، بەمەش بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێژەی جیابونەوەکان لە تەمەنێکی زۆر کەمدایە.
ئامانجی گشتی ئێمە لەم بابەتە ئەوەیەکە :
١- کەمکردنەوەی ھاوسەرگیری پێشوەختە
٢- کۆمەڵگە ھۆشیار بکرێتەوە لە دەرئەنجامە خراپەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە
٣- پێویستە ئێمە ببینە دەنگی ئەوکەسانەی کە بونەتە قوربانی ھاوسەرگیری پێشوەختە .
٤-ھۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان لە تێکدانی ژیانی کچەکانیان بەهاوسەرگیری پێشوەختە
٥-بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیا لەلایەن منداڵەکان لەژێر چاودێری دایکان و باوکان و لایەنی پەیوەندی دارگرنگە .

٦- جەخت کردنەوە لەسەر ئەو یاسایانەی بۆ رێگری لە ھاوسەرگیری پێشوەختە داندراون .
ئامانجی تایبەتی ئێمە ئەوەیە کە کچان دەبێت تەمەنی یاسایی خۆیان تەواو بکەن و چێژ لە ژیانی منداڵی و هەرزەکاری خۆیان ببینن و دواتر کە عەقڵ و جەستە و دەرونیان کامڵ بو ئەوکات بیر لە ژیانی خێزانی و هاوسەرگیری بکەنەوە.
لە کۆتایدا داوا کارم لەژێر ھیچ کاریگەریەکدا کچان ھاوسەرگیری پێشوەختە نەکەن تا ئەوکاتەی خوێندن تەواو دەکەن و دەگەن بە داھاتی خۆیان، ھەروەھا بیانوی دانەمەزراندن و نەبونی کار نەکەنە ھۆکار، لەبەرئەوەی ئەگەر خوێندن تەواو بکەن ئاستی ڕۆشنبیریان زیاتر دەبێت تێکەڵاویان لەگەڵ خەڵکدا زیاتر دەبێت، زیاتر چاک و خراپە لێک جیا دەکەنەوە، و دەوروبەرباشتر دەناسن و ئەزمونی زۆر شت دەکەن لە ژیاندا، بەمەش کە گەشتنە تەمەنێکی گونجاو و یاسایی باشتر دەتوانن بەرپرسیارێتی ئەو ژیانە بگرنە ئەستۆ کە هاوسەرگیری دروستی دەکات .