به‌شی شێوه‌كاری له‌ فیستیڤاڵی ساڵانەی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێردا

له‌ ڕۆژی یه‌كه‌م (8.5.2022) ڤیستیڤاڵی ساڵانه‌ی كۆلیژی هونه‌ره‌ جواته‌كانی هه‌ولێر، به‌شی شیوه‌كاری له‌ هۆڵی سه‌نته‌ری ڕۆشنبیریی زانكۆی سه‌لاحه‌دیندا به‌رهه‌می خۆیان رانا، كه‌ پێک هاتبوو له‌ هه‌موو جۆره‌ وێنەکێشانێک، سیرامیك، په‌یكه‌رتاشی، دیزاین و چه‌ند جۆره‌ ستایلێكی تر؛ ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كان كاری ده‌ستی قوتابیانی كۆلیژ بوو.

بۆ ئه‌و ته‌وه‌ر و باسه‌ هونه‌رمه‌ندی مامۆستا (عه‌لی هادی ئیبراهیم) مامۆستای كۆلیژ و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌و بواره‌دا، بۆ (ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر) دوا و وه‌ڵامی چه‌ه‌ن پرسیارێكی داینه‌وه‌:

  • بەرهەمەکان کاری خوێندنی ڕۆژانە و وانەی ڕۆژن، یان تایبەتن بە ڤیستیڤاڵ؟
    زۆربەی مامۆستایان، لە وانەی ڕۆژانەیاندا، بێگومان خەریکی پرۆسەی خوێندن و ئەزموونی فێرکارین، نەک کارکردن بەتایبەت بۆ فیستیڤاڵ؛ واتە کاری قوتابی دەبێت هەمیشە لە گۆڕانکاری و پێشکەوتندا بێت؛ چونکە ئەوەش بنەمایە بۆ کەڵەکەبوونی مەعریفە و رەوتی دەستکەوتنی کارامەیی.
  • لەسەر چ بنەمایەک ئەو کارانە هەڵبژێردراون؟
    ئەو کارە هونەریانەی فیستیڤاڵ بەشێکی کەمە لە تێکڕای ئیشی قوتابیان بۆ هەموو ساڵی خوێندن، بۆیە پێویستی بە هەڵبژاردنی بەشێک لەو کارانە بوو، هۆڵی ڕۆشنبیرییش بەشی هەموو ئەو بەرهەمانەی نەدەکرد، بێگومان زۆر حەزمان دەکرد لە کۆلێژی خۆماندا ئەم فیستیڤاڵە سازبکەین، کە زیاتر کاری قوتابیان لە ژینگەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی خۆیان نمایش کرابان، بەڵام بەداخەوە باڵەخانەی کۆلێژەکەمان بۆ ئەوە ناشێت فیستیڤاڵێکی شێوەکاریی ئەوتۆی لێ بکرێت. هەڵبژاردنی کارەکان لەسەر بنەمای کاری کامڵ و پوخت بوون، کە شایستە بن لە پێشانگایەکی شێوەکاری و ئاساییدا پیشان بدرێن.
  • مەرجە هەموو قوتابیەک بەشدار بێت، یان تەنها ئەوانەی ئاستیان بەرزە؟
    خۆی لە هەموو فیستیڤاڵێکدا زیاتر ئەو کارانە نیشان دەدەرێن کە ئاستێکی بەرزیان هەبێ. لە پرۆسەی فێربووندا وانەی پراکتیکیمان هەیە کە زۆر گرنگن، وەکو وانە بنەڕەتییەکانی ڕوانگە و توێکاری وهێڵکاری، بەڵام بەرهەمی تەواویان کەمە. من بەش بە حاڵی خۆم حەزم دەکرد، هەر قوتابییەک بە کارێک بەشدار بێت، بۆ بەرجەستەکردنی زیاتری ئەزموون و بۆچوون و جیاوازیی کەسایەتی هونەریی قوتابیان. وێنەیەکی واقیعیتر دەربارەی پرۆسەی خوێندنی پێشان بدرابا، چونکە کۆلێژی هونەر لە سەرجەم هیلاکی و هەوڵی ڕۆژانەی کارگێڕی و مامۆستا و قوتابیاندا، لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و ڕوانگەیەکی ڕۆحی و فیکری و نیشتمانپەروەرانە پێک دێت، بەڵام شوێنی پێشانگاکە، هەڵبژاردنی کار و ماندووبوونی قوتابیان و مامۆستایانی سنووردار کرد.
    عەلی هادی ئیبراهیم، هونەرمەندی شێوەکار و مامۆستای هونەری شێوەکاری لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر؛ هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە هونەری شێوەکاری، هەروەها هەڵگری ماستەر لە فەلسەفە لە زانکۆی رێن ٢ و پاریس ٨ لە وڵاتی فەرەنسا.
    شایانی باسه‌ كۆلیژی هونه‌ره‌ جوانه‌كان ڕۆژی (8تا 10ی 5ی 2022) بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ ڤیستیڤاڵی ساڵانه‌ی خۆی كرد بۆ به‌شه‌‌كانی شیوه‌كاری و موزیك و شانۆ و سینه‌ما؛ فیستیڤاڵەکەیش بە جوانی سەری گرت.
ھەواڵی زیاتر