هونەرمەندی دەرهێنەر (بارزان سنجاوی) لە دوای بەرهەمهێنانی چەند پرۆگرامێکی کۆمێدی وەک (بەزمی بەزم و کەنین)، کە تا بە ئەمڕۆش، لە تۆڕی ڤیدیۆیی یوتیوبدا زۆرترین بینەریان هەیە، ئێستا کۆتایی بە بەشێک لە پرۆگرامێکی نوێ هێناوە بە ناونیشانی (گەرمەسات)، کە لە سیناریۆ و نووسین و دەرهێنانی خۆیەتی، هاوکات چەندین ئەستێرەی دیاری بواری کۆمێدیا لەو پرۆگرامەدا بەشدارن و بڕیاریشە حەفتەی دابێ یەکەمین ئەڵقەی ئەو پرۆگرامە لە کەناڵی نێوخۆییەکەی دیمەنەوە پەخش بکرێت.
بارزان سنجاوی سەبارەت بە پرۆگرامە تازەکەی لە ئاخاوتنێکی تایبەت بۆ (هەولێر) گوتی: پرۆگرامی گەرمەسات پرۆگرامێکی درامیە لە شێوازی تراجۆکۆمیدیا، تەکنیکی نووسینەکان بەشێوازێکی جادوو ئامانجدارە، لە یەک تێکستدا کۆمیدیاو تراژیدیا ئاوێتەی یەک دەبن. هەوڵمانداوە دووربکەینەوە لە نواندن و دیالۆگی هەزەلی و قسەی بازاڕی، تێکستەکان هەم ناوەڕۆک و هەم بە فۆرمێکی تازە کاری لەسەر کراوە، خۆمان لە دوبارە بوونەوە پاراستووە، زۆربەی بیرۆکەکان تازەن، تێکسەەکان بابەتی گەرمی رۆژانەن، کارمان لەسەر ئەو ساتانە کردووە، کە رۆژانە بە ئاسایی لەناویدا دەژیین و بێئاگاین لەوەی کە سەرچاوەی کێشە و ناکۆکییەکانن، کاری هونەرمەند ئەوەیە، کار لەسەر بابەتێک بکە بە روئیایەکی هونەری دایڕێژێتەوە نەک واقع کۆپی بکاتەوە؛ ئێمە هەوڵمان داوە کارێکی تەواو تازە بخەینە بەردیدی بینەری کوردی، لە ڕووی وێنەگرتن و دەرهێنان و کارە هونەریەکانی تر، لە گەرمەساتدا چەندین ئەکتەری دیاری کوردستان بەشدارییان کردووە؛ لەوانە: ئەحمەد رەئوف و عەلی عەبدولباقی و ڕێبوار رەحیم و رێزان فەرەج و سامان عەزیز و بێریڤان سەربەست و حەمەی مەولود و چەندین ئەکتەری دی.
کاری میکس و موزیکی لە وڵاتی ئێران بۆ کراوە؛ نووسینی تێکستەکان بەرهەمی ئازاد پێنجوێنی و، بارزان سنجاوییە؛ هەر ئەڵقەیەک چەند کورتەدرامایەکە و باسی بابەتی جۆراوجۆری کۆمەڵگای کوردی دەکات.
کارە هونەریەکانی تر:
لوکەیشن؛ حەمەی مولود، رێبوار رەحیم، کەیوان زراری.
گرافیک؛ بۆتان لوقمان.
موزیکی بەرهەمەکەش هەستی رزگارە و کاری لایتینگ ئاکام جێبەجێی کردووە.
دەنگهەڵگریش محەمەد یەحیایە و مۆنتاژ و دی ئۆپی یەحیا رەزایە و
تەها فازڵ سەرپەرشتیاری گشتی پرۆگرامەکەیە.
بارزان سنجاوی گوتیشی: زیاتر لە دوو مانگە خەریکی بەرهەمهێنانیین؛ بەشێک لە کارەکانی تەواو بووە، هەفتەی داهاتووش، کاتژمێر ٩ـی شەو لە کەناڵی دیمەن یەکەم ئەڵقەی پەخش دەکرێت.