زانیاری تەواو لەسەر تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان و عێراق

سەعد هەورامی – هە‌ولێر

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاماژە بەوەدەکات کە پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە 2 ساڵی 2022 وەزارەتی ناوخۆ، دەستییان بە کارکردن لە سیستەمی نوێى پێدانی ژمارە تابلۆى ئۆتۆمبێل کردووە کە سیستەمێکی گشتگیرە و بەپێ ڕێککەوتن بووە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ.

تەرخان کردنی ژمارە بۆ تابلۆکان
فازڵ حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، ئه‌و تابلۆیانه‌ى ئێستا ته‌رخان كراون له‌ ژماره‌ (١ تا ٩٩٩٩٩) پیتى (A) بۆ ژماره‌كه‌ زیاد ده‌كرێت و هه‌مان ژماره‌ى خۆى بۆ ته‌رخان ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ش كه‌ ئێستا تابلۆیان بۆ ته‌رخان كراوه‌ له‌ ژماره‌ (١٠٠,٠٠٠، ٢٠٠,٠٠٠، ٣٠٠,٠٠٠، ٤٠٠,٠٠٠، ٥٠٠,٠٠٠، ٦٠٠,٠٠٠، ٧٠٠,٠٠٠، ٨٠٠,٠٠٠، ٩٠٠,٠٠٠) دووباره‌ تابلۆیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێته‌وه‌ و ژماره‌ى دووه‌م له‌ لاى چه‌پ لاده‌درێت و پیتی (M)ى بۆ زیاد ده‌كرێت. هەروەها ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى ئێستا تابلۆیان بۆ ته‌رخان كراوه‌ له‌ ژماره‌ (١٠٠,٠٠١) تا دوایین ژماره‌ دووباره‌ تابلۆیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێته‌وه‌ و ژماره‌ى دووه‌م له‌ لاى چه‌پ لاده‌درێت و پیتێكى بۆ زیاد ده‌كرێت به‌ پێى ئه‌م پیتانه‌ى خواره‌وه‌ به ‌پێى ژماره‌ى دووه‌م كه‌ لابراون (0B, 1C, 2D, 3E, 4F, 5G, 6H ,7J, 8K, 9L).
روونیشیکردەوە کە ژماره‌ى سێیه‌م له‌ لای چه‌پ لاده‌برێت ئه‌گه‌ر لابردنى ژماره‌ى دووه‌مى لاى چه‌پ ببێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ گشت ژماره‌كانى تابلۆ وه‌ك یه‌ك لێ بێت (ژماره‌ى نایابى وه‌ك یه‌ك) و پیتى (M)ی بۆ زیاد ده‌كرێت و تەنیا پیتی (i)ى کەپیتاڵ بەکار ناهێنرێت، چونکە بە ژمارە (١) دەخوێندرێتەوە و ئەمەش لە سیستەمی جیهانی وایە.
تێچووی تابلۆ نوێیەکە
فازڵ حاجی راشیگەیاند، پێشترهاووڵاتی کە تابلۆی ئۆتۆمبێلى وەردەگرت ٥٠ هەزار دینارى تێدەچوو، بەڵام بۆ ئەم تابلۆ نوێیە ٦٠ هەزارە. بۆ ئەو ئۆتۆمبێلەى کە پێشتر تۆمار کرابێت، ئەگەر ساڵیانەکەی بەسەر چوو بێت، ٦٠ هەزار دینار و سزاى بەسەرچوونەکەى تێدەچێت، بەڵام ئەگەر بەسەر نەچووبێت و هاووڵاتی خۆی بیەوێت نوێی بکاتەوە تێچووەکەی دەبێتە دوو هێندە.

مامەڵەی ئۆتۆمبێلە لێدراوەکان بۆ تابلۆی نوێ
وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو ئۆتۆمبێلانەى ژمارەی کاتین و شاسییان لێ دراوە، لە کوردستان و دوبەى پشکنینی هاتووچۆیان بۆ دەکرێت. هەر ئۆتۆمبێلێک لە ئەمریکا و ئەوروپا هێنرابێتە هەرێمی کوردستان، ئەگەر لەرێگەی دوبەی لێدرابێت و پشکنین و هەزەیان بۆ دەکرێت، گەر کێشەیان لە شاسییەکانیان نەبێت ڕاستەوخۆ تۆمار دەکرێن، بەڵام لە بوونى هەر تەقین و بڕینەوەیەک لە شانسییەکەیان، تۆمار ناکرێن.
ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل کە هەیە، کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە. ئێستا حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنى دەدات و کێشەکە گەیێنراوەتە وەزارەتی ناوخۆ و لەوانەیە لە ئایندەیەکی نزیک چارەسەرێک بدۆزرێتەوە.

چۆنییەتی وەرگرتنەوەی تابلۆی ونبوو
لە بارەی ونبوونی تابلۆکانەوە فازڵ حاجی رایگەیاند ئەگەر یەکێک لە تابلۆکان ون بێت ئەوە لەلای پۆلیسی ونبووەکان پەڕاوێک دەردەچێت بۆ ونبوونی یەک لە تابلۆکان و ئەو کات دروست دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەردوو تابلۆکە ون بن، ئەوە مانای دزراوە، چونکە لەیەک کاتدا هەردوو تابلۆ ون نابن، بۆیە لەوکاتەدا پەڕاوی بنکەکانی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی دەوێت.

تۆماری تایبەتمەند
لەبارەی تۆمارکردنی تابلۆی تایبەتمەندەوە وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، ئەگەر هاووڵاتی بیەوێت یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی خۆی بۆ نموونە پیتی ناوی خۆی یان کەسێکی ئازیزی یا منداڵێکی لەسەر تابلۆکە دابنێت، ئەوە ڕسوماتی دەوێت کە بڕەکەی دوو ملیۆن دینارە. سەبارەت بە ساڵی لەدایکبوون یان تابلۆ ناوازەکان ئەوانە مەزاد دەکرێن بەپێی سیستەمی هەموو عێراق، ئەوکاتە هاووڵاتی بەشدار دەبێت و هەر کەسێک زیاتر پارەی پێ بدات دەدرێت بەو، چونکە بۆ ساڵی لەدایکبوون بەهەزاران کەس لە ساڵێکى دیاریکراو لەدایک بوون، بەڵام تابلۆکە دەدرێتە تەنیا یەک کەس، بۆیە مەزادى بۆ دەکرێت و بەگوێرەی پارەکە وەری دەگرێت، ئەو پارەیەش دەچێتەوە سەر داهات و وەک پەرەپێدانی هاتووچۆ خەرج دەکرێتەوە بۆ شارەکان. لە بارەی مەزادەکەش پاڵپشت بە بڕیارەکانی یاسای کرین و فرۆشتنی مۆڵک و ماڵی دەوڵەت دەبێت بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و بەرێوەبەرایەتیی هاتووچۆ بێت. پێش لە مەزادەکەش ئاگادارى بۆ ژمارەکە و کاتى مەزادەکە ئاگادار دەکرێتەوە لە میدیاکان.

ئەمنییەتی تابلۆکان
سەبارەت بە ئەمنیەتی تابلۆکان فازڵ حاجی رایگەیاند، بەداخەوە ئەوانەی پێشتر دەتوانرا لاسایی بکرێتەوە یان لەسەری دروست بکرێتەوە، بەڵام ئەم تابلۆ نوێیە زۆر ئەستەمە و بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت دروست بکرێتەوە لەبەر ئەوەی هۆڵۆگرامێکی لەسەرە کە دەدرێتە بەر تیشکی ڕۆژ و شێوەکەی دەگۆردرێت، جگە لەوەش بەدرێژایی تابلۆکە هێڵێک لە چەند شوێنێکی تابلۆکە بە ڕەنگێکى سپی هەیە کە لەسەری نووسراوە حکومەتی هەرێمی کورستان و کەس ناتوانێت ئەوە دروست بکاتەوە، هەروەها جۆری پلێتەکەش جۆرێکە لەگەڵ ئەوانی تر جیایە.

ھەواڵی زیاتر