نیشتمان لە نێو تارماییدا

عەلی مستەفا

ماڵێک بوو پڕی بوو لە میهرەبانی، بۆنی خۆڵ و کازیوەی لێ دەهات، هێمن کاتژمێری بەدیوارەکەوە چرکەی لێوە دەهات، خۆری هیچ سپێدەیەکی ئەم مەملەکەتە بێ خەندەنەبوو، نیگای هەموو تیشکێک ئومێدێکی هەڵگرتبوو، تەمەن هێمای هەڵکشانی پێوە نەبوو، ختوکەی هیوا لە سیلەی هەموو دەقێکی تەمەندا بریسکەی دەدا.

نازانم تۆ باسی کام سەردەم و زەمان دەکەی، چما ئەو ڕۆژگارانە لە ژیانی هیچ ڕوحلەبەرێک و ئاهەنگی مرۆڤایەتیدا هەبوونە… بەڕاستی باسی شتی سەیر و سرووشتی دەکەی… وەک بڵێی تۆ لە هەسارە و دۆخێکی تر حیکایەتم بۆ بگێریتەوە و منی نەدیتە و نەوەی سەردەمێکی پڕ تیشک وەهم ببیستم و لە کانێکی تری ژیان بۆنی مەرگ لە خۆڵ و ترس لە سپێدەکانی ژیان بکەم.
ڕۆڵە گوێ بگرە، من حیکایەتێکم هەیە بۆتی دەگێڕمەوە، بەرلەوەی حیکایەتەکە بگێڕمەوە، پێم بڵێ تەمەنت چەندە و لە چ ساڵەکی لە دایک بووی، چونکە ئەو حیکایەتەی من بۆتی دەگێڕمەوە هی سەردەمێکی زێرینە، هی سەردەمێکە، قاقای پێکەنین نەبووبووە عەیبە و چرپەچرپی قسانیش هەرلە باولی نوکتە و ئاهەنگە خۆشەکانی ژیان بوون.
من تەمەنم هەژدە و هەندێک ساڵە، ئەولادی دوای جەنگی ئازادی عێراقم… وەختی ئەمریکا هات و سەددامی ڕووخاند.
تێگەیشتم، تۆ ئەولادی نێو تیشکە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداریت، دەزانم فرچکت بە گەمە سەیروسەمەرەکانی ئەو ڕۆژگارە گرتووە، بە مۆدە و ڕاپ و چەنچ و چالنچ و ئەو شتە قۆڕانەوە گۆشکراوی… تکایە گوێم لێ بگرە:
من ئەولادی سەردەمی جوانمێریم، ڕۆژگارێک من چاوم بە دنیا هەڵێنا، نیشتمان پڕ پڕ بوو لە هاوڵاتی ڕێزلێگیراو، بەهای هەموو شتێک سرووشتی بوو، نرخەکەی زۆر بەرز بوو، ئێواران دەرگای ماڵەکان ئارامی پاسەوانی دەکردن و بەیانیانیش ئومێدێک خۆی دەکرد بە ماڵەکاندا. لەو سەردەمەی ئێمە تێیدا گەورەبووین و هێزی ئینسانییمان تێدا گەشەی کرد، ڕووداو و برینی گەورە زۆر زۆر بوون، هەموو ئەم ڕووداو و ئازارانە وایان لە مرۆڤ دەکرد هایی لە یەکتر بێت و بە هانای یەکەوە بچێت، لە خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتر بەشداری بکەین، بەزەییمان بەیەکدا بێتەوە، بیرمە هاوینی ساڵی هەزار و نۆسەد و هەشتا و نۆ بوو، لە هەیوانی ماڵێ، دایکم لەتەک باوکم و ڕوو لە کاکی جوان کۆچکردووم پشتی دابووە ستووندە و هێمن فرمێسک بە چاوەکانیدا دەهاتنە خوارێ، من منداڵ بووم سەرم لە بارودۆخەکان دەرنەدەکرد، بەڵام دەمزانی خوێنی مرۆڤ زۆر بە نرخە بەتایبەتی خوێنی پێشمەرگە. گوێم لێ بوو کاکم دەیگێڕایەوە کە دوێنێ لە دەوروبەری قەڵادزێ پێشمەرگە کەوتۆتە ناو کەمینی جاش و سەربازەکانی سوپای عێراقی و پێشمەرگەیەک شەهید بووە، تەرمەکەش کوتۆتە دەست سەربازانی سوپا، بەم هۆیەوەش خێزانی پێشمەرگەکە لە خۆیان دەترسن و چارەنووسیان لە مەترسیدایە، دوور مەبینە حکومەت هەموو خێزانەکە ئەنفال بکات و ڕاپێچی مردنی تاهەتایییان بکات، بەداخەوە بەسەرهاتێکی تاڵت لە ڕۆژگارێکدا بۆ دەگێڕمەوە، هەموو کەسەکان بە بچووکترین ڕووداوی ناخۆش بۆ یەکتری دەکەوتنە ئازار و نیگەرانی، بە بچووکترین خۆشیش بۆ یەکتر دەخەنینەوە. بچکۆڵ ڕووداوی لەم چەشنە و جیاواز تریش زۆر بوون، بەڵام ئەوە بزانە ئەم جۆرە ڕووداوانە سیاسی و تایبەت بوون، ئاسان ڕوویان نەدەدا، وەک سەردەمی ئێستا نەبوو، خوێنی مرۆڤ وەک شەڕابی لێهاتووە، هەموو کەسێک بازرگانی پێوە دەکات، بەهای خوێن و ڕووداوەکان هیچ هەستێکی ئینسانی ناجوڵێنێت.
ڕۆڵە بە دڵنیاییەوە گوێ بگرە، چونکە ئەو حیکایەتەی من دەیگێڕمەوە ئەفسانە نییە، بەڵکو سرووشتی ژیان ئاوا بوو، پڕی بوو لە گۆرانی، لەو گۆرانییانەی بەختەوەری دەخزاندە هەموو ماڵێک، وەفا، ڕەوشتێک بوو نەدەکرا بەرامبەر هیچ چاکەکارێک و دڵسۆزێک نەینوێنین، ئێمە ئافەریدەی خۆشەویستی بووین، لەپێناو یەکتر و یەکترویستیدا خۆشەویستیمان دەگۆڕییەوە.
ئەزانی نیشتمان خاوەنی شکۆیەک بوو سەگەکەی لە هاووڵاتی وڵاتێکی تر بە نرختر بوو، مرۆڤ ڕێزی لێ دەگیرا، بە هەر کۆڵانێکدا بڕۆیشتباین مەشخەڵی کوردبوونمان لە لوتکەدا دەبینی، نەورۆزانمان بە ئومێدەوە دەچڕی….
ڕۆڵە چاوانت پڕ مەکە لە ئەسرین، دەزانم هێزی بەرگریت نەماوە، ناتوانی ئەم جیهانە ئەفسووناویەی دەیگێڕمەوە بیگریتە خۆت، دەزانم دەروونت چەشنی کورەیە جۆش دەدات، تکایە بمبوورە منیش ناتوانم لەمە زیاتر باسی سەردەمێکت بۆ بگێڕمەوە، کە منی لە تەک یارویاوەرانم جێماوە.

ھەواڵی زیاتر