چێنەر سابیر: کاری هونەری زۆرە و هونەرمەندیش زۆر بووە، بەڵام کەمی تێدایە بتوانێ سەرکەوتوو بێت

گۆرانیبێژ “چێنەر سابیر” کە ساڵانێکی زۆرە لە کایەی هونەردایە و لە موزیک و دەنگبێژیدا جێپەنجەی دیارە و هەواداری تایبەت بە خۆی هەیە، “هەولێر” ئەو گۆرانیبێژەی بەسەر کردەوە و بە کۆمەڵێک پرسیاری هونەری و تایبەت بە ئەمڕۆی سۆشیال‌میدیا و هونەر دیدارێکمان ساز کرد.

٭ سەرەتا باسێک لە ژیانی هونەریت بکە و پێمان بڵێ چۆن دەستت بەکاری هونەری کرد؟
ـ هەر لە تەمەنی منداڵییەوە چومەتە خولی فێربوونی ئامێری ئۆکۆردیۆن، لە ساڵی1992ەوە هەموو هاوینێک کە خولی موزیک دەکرایەوە من بەشداریم دەکرد، لە ساڵی 2002 لەلای مامۆستا “سەلام ڕەشید” دەستم کرد بە ڕاهێنان لە سەر ئامێری کەمانچە و بەردەوامبووم تا ساڵی 2010 لەدوای ئەوە ڕاهێنانم کرد لەسەرئامێری پیانۆ، دوای ئەوە حەزم کرد وەک هەندێ لە ژەنیارەکان گۆرانی تایبەتی خۆمم هەبێت، بۆیە لە ساڵی 2011 گۆرانییەکم تۆمار کرد کە لەیوتیووبی خۆم بەردەستە بۆیە تا ئێستا بەردەوامم لە ڕاهێنان لەسەر ئامێری پیانۆ، ئەگەر تێکستێکی جوان بێتە بەرچاوم هەوڵ دەدەم کە ئاوازی بۆ دابنێم و بیڵێم بە هەستی خۆم دەری‌ببڕم، زۆربەی گۆرانییەکانم ئاوازی خۆمن و کاری دابەشکردنی موزیک و تۆمارکردنیش خۆم دەیکەم.

٭ کۆمەڵێک بەرهەمت هەیە، بەڵام تا ئێستا نەمانبینیوە هیچ دوێتێکت هەبێ، هۆکاری ئەمە چییە و نیازی هیچ کارێکی دوێتت نییە؟
ـ وەک کاری دوێت پێم باشە تێکستێک بێت کە دووکەس بتوانێ هەستی تێدا دەرببڕێ، نەوەک دووکەس بیڵێت و وابزانیت کە یەک کە هەستی دەردەبڕێ و هیچی تر، دوێت وا جوانترە لای من کە تێکستەکە پیا هەڵدانی تێدا بێت بۆ هەردوو ڕەگەزو، هەردوو ڕەگەز بەرامبەر یەکتری بیڵێن و وێنەیەکی جوان پیشان بدەن بۆ گوێگر، هەر کاتێک تێکستێک هەبێت لەوبابەتەی کەسەرنجم خستە سەری زۆر ئاساییە ئامادەم بیڵێم لەگەڵ هەر هونەرمەندێکی بەڕێز کە منی پێ قبوڵ بێت.
٭ کاری تێکست و میلۆدی بۆ بەرهەمەکانت زیاتر هی کێ هەڵدەبژێریت و پشتت به‌ كێ بەستووە؟
ـ بۆ مەبەستی تێکست من پشت بە کەس نابەستم هەر کاتێک نووسەرە بەڕێزەکان هەستێکی جوانیان دەربڕی و زانیم کە تێکستەکەی ئاوازێکی جوانی لێدەردەچێ پەیوەندی پێوە دەکەم و ڕوخسەتی لێ وەردەگرم، ئەوسا دەیکەم بەگۆرانی، وەک میلۆدی ئەگەر سەرنج بدەن گۆرانییەکانم ئاوازو موزیکەکەی خۆم بۆم داناوە بێجگە لەم گۆرانییە “گوناهم چی بوو” کە ئاوازی مامۆستای بەڕێزم “سەلام ڕەشید”ە و تێکستی “نالی خۆشناو”ە و، کاری تۆمارکردنی خۆم بۆم ئەنجام داوە و زۆربەی کلیپەکانم “ڕەنجدەر”ی برام بۆم دەیکات.
٭ گۆرانیچڕین تا ئێستا تەنها بۆ حەز و پەرەسەندنی هونەر کاری لەسەر دەکردرێ، مەبەستم ئەوەیە بەتەواوی نەبووەتە پیشە، بە بڕوای تۆ چیبکەین بۆ ئەوەی گۆرانی و کارە موزیکییەکان زیاتر بکەینە پیشە؟
ـ دەبێت لەڕێگەی کاری هونەرییەوە چ بە کۆنسێرت بێت بۆ هونەرمەند یاخود کۆمپانیای هونەری هەبێت بۆ پاڵپشتی هەر کارێکی هونەری کە دەیکەیت، تا لەڕێگەیەوە دەستکەوتی مادی هەبێت بۆ ئەوەی ناچار نەبیت کاری لاوەکی بکەیت دوور لە هونەر بۆ ئەوەی هەمیشە لە کایەی هونەردا بیت.
٭ دەربارەی دۆخی ئێستای هونەر بە گشتی چ قسەیەکت هەیە و پێت باشە بۆ باشترکردن چی بکرێ؟
ـ کاری هونەری زۆرەو هونەرمەندیش زۆر بووە و، کاری زۆریش دەکرێت، بەڵام کەمی تێدایە دەتوانێ سەر کەوێت و بمێنێتەوە؛ ئێستاکە وای لێ هاتووە لە ڕێگەی سۆشیال‌میدیاوە پێوەر بۆ کاری هوەنەری دادەنرێت و گەورە دەکرێت و، بەرهەمە جوانەکان ون دەبن، ئەوەی دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم ئەوەیە کە کڕینی دیمەن لە یوتیووب و لایک و کڕینی پەیجەکان دنیای هونەریان تێک داوە لە بینەر و بیسەر، کە ئەم کارە فێڵکردنە لە خۆیان و هەرزەکارەکانمان لەگەڵ ڕێزمدا، بۆیە خۆزگە سانسۆرێک یاخود فلتەرێک هەبوایە بۆ کاری هونەری و چیتر پەیجەکان نەیانتوانیایە یاری بە بەهای هونەر بکەن لە پێناوی دەسکەوتێکی مادیدا.
٭ بەشێک لە گۆرانیبێژان زوو دەردەکەون و زووش ون دەبن، هۆکاری ئەمە چییە؟
ـ هەندێ لە گۆرانیبێژ زوو دەردەکەوێ دوای ون دەبێت لەبەر ئەوەی کە ئاوازی نوێی پێ نییە و زۆرجار ئاوازی بیانی دەهێنن و دەیکەن بە بەری تێکستێکی کوردی، واتە بەرهەمەکە خۆماڵی نییە و چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە لەلای گوێگر و هیچ جوانی و هەستێکی هونەریی تێدا نامێنێت؛ دواییەکەیشی گۆرانیبێژەکە بەرهەمی پێ نامێنێ و ناچار دەبێت واز بێنێت.
٭ سۆشیال‌میدیا بۆ هونەرمەند تا چەند گرنگە؟
ـ سۆشیال‌میدیا ئێستاکە ڕێگەیەکی خێرایە بۆ بڵاوبونەوەی کارە هونەرییەکانت و زوو گەیشتن بە گوێگرو بینەر، چونکە ئێستاکە کۆمەڵگە بەگشتی سەرقاڵی بەکارهێنانی سۆشیال‌میدیایە.
٭ کۆتا گۆرانیت دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو؛ بەمزووانە چاوەڕێی بەرهەمی نوێت لێ بکەین؟
ـ وا بەرهەمی نوێم ئامادەیە، بەڵام کاری کلیپی ماوە کە بۆی بکەم، کە تەواو بوو بڵاوی دەکەمەوە و هیوادارم بەدڵی گوێگران بێت.

ھەواڵی زیاتر