چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

چوار پارچە شیعر

1-نامە
بە نەسیمی بێوادەی ئیشقم وت:
ئەو نامەیەم بە تۆ سپارد..
بیرت نەچێ
بە رێگاوە
بۆ دیاری پەپوولەیەک بکەی بە قردێڵە بۆ سەری
پەلکەزێڕینە دابگری بۆ ملوانکەی ملی..


ئەو نامەیەم بە تۆ سپارد
دڵنیاش نیم
بە گومانم لە هەست و نەستم
داخوا دەگات
یان
بە کۆژراوی دێتەوە نێو دەستم..

2-جیاوازی
شەڕ تەواو بوو
دەنگی تەقە نابیسترێ
قەوانەکان ژەنگاوی بوون
تەرمەکانیشیان ژمارد..


شەڕ دەستی پێکرد
دەنگی تەقە دێ
قەوانەکان ژەنگ لێی نەداون
هێشتا تەرمەکانیش نەژمێردراون…
3-بەراورد
مردوو لە مردن دەکا
زیندووش لە ژیان،
منیش لە هەردووکیان..

4-دوا هەوار
کۆڵەپشتەکەی ئەمجارەم
لێوانلێوە لە باران
وەک دێوانە بەدوای سارای رۆحت وێڵم
تا هاوینم نەگەیوەتێ
دە پێم بڵێ
ناونێشانی دوا هەوارت…
2022/4/25