حکومەت ملیارێک دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی خەرجدەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی یەک ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگاری سلێمانی خەرجدەکات، بڕیارە پارەکە بۆ راکێشانی ئاو، قیرتاوکردن و ئامادەکردنی رێبەری گەشتیاری بەکاربهێندرێت.

لە راگەیەندراوێکیدا، ئەمڕۆ 27ی نیسانی 2022، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکردوە کە “بەگوێرەی چەند فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا بە خەرجكردنی گوژمەی نزیكەی یەك ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی”.

ئاماژە بەوەشدراوە، كۆی گوژمەی پارەكە لەسەر داهاتەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سنووری شاری سلێمانی دابینکراوە، كە بەشێكی بۆ دابینكردنی قیری شل و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ چەند شەقام و كۆڵانێک.

بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو بڕە پارەیەدا، ڕێبەری گەشتیاری ئامادە دەکرێت، هەروەها چەند پرۆژەیەکی راکێشانی و ئاو بەهێزکردنی تۆڕی ئاو بۆ چەندشوێنێکی سنوری شاری سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی شارەوانی دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 11ی ئەم مانگە، نزیکەی سێ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پەرەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری شارەوانی سلێمانی و دەوروبەری خەرجکرا.

ھەواڵی زیاتر