هاژه

حەمەسەعید حەسەن

گوڵی کراسه‌که‌ی به‌رت
خوێنی گه‌شی هاوڕێ کرێکاره‌که‌مه‌،
پارچه‌کانی ئۆتۆمبیله‌ قه‌شه‌نگه‌که‌ت
په‌نجه‌ی قرتاو،
ده‌ستی بڕاو،
ئه‌ندامانی تری له‌شی هاوڕێ کرێکاره‌که‌مه‌.
*
بناغه‌ی کۆشکه‌ به‌رزه‌که‌ت
له‌سه‌ر تەرمی‌ هاوڕێ کرێکاره‌کانم
هه‌ڵچنراوه‌،
ئه‌و جۆلانه‌یه‌ی له‌ ناویا دێیت و ده‌چی
هاتوچۆی به‌ په‌له‌ی خوێن و
ترپه‌ی دڵی کرێکاران
ئاوازه‌که‌یا‌ن داناوه.
*
ئه‌و شه‌رابه‌ی
له‌ په‌رداخی کریستاڵا نۆشی ده‌که‌ی
به‌ری ئاره‌قه‌ و جواناوی هاوڕێ کرێکاره‌که‌مه‌،
پرشنگی ئه‌و ڕسته‌ مروارییه‌ی به‌ نازa
له‌ هه‌واری گه‌ردنه‌ بێگه‌رده‌که‌تا
بارگه‌ی ئارامی خستووه‌،
پریشکی گیانی سووتاوی هاوڕێ کرێکاره‌که‌مه‌.
*
ئاشنایه‌تیت له‌گه‌ڵ ژیانی بێ ئه‌رکا
ئه‌نجامی ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ پته‌وه‌ی
نێوانی کرێکاران و ماندووبوونه‌،
هه‌ر قاقایه‌
له‌ ناخته‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دا و
به‌ره‌و ئاسمانی ساماڵی به‌خته‌وه‌ریت
ده‌فڕێ، قرچه‌ی سه‌د ده‌روونه‌.
*
شه‌وانه‌ که‌ ده‌ست ده‌که‌یه‌
ملی خه‌وێکی هێمن و
بێ خه‌م ده‌نووی،
هه‌ر کرێکاره‌ و گوێی کاسی
ته‌قوهوڕی ئامێره‌،
هه‌ر کارگه‌ره‌ و بێداره‌ وه‌ک ئه‌ستێره‌.

ئه‌وه‌ هاژه‌ی چه‌می خوڕ و ڕووباره‌؟
یان ڕه‌وتی ڕووه‌ و ئامانجی کرێکاره‌؟

١ی ئایاری ١٩٧٩