د. دیـلـمان ئـازاد خۆشــناو: خێزانی وشیار، کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی بنیات دەنێت

هەندیک رەفتار هەیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرامبەر بە منداڵ دەکرێت، کاردانەوەی خراپی بە دوودا دێت.

د. دیـلـمان ئـازاد خۆشــناو پزیشکی پسپۆڕی دادوەری مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی باس لەوە دەكات كە هەندێک جار ئەو بابەتانە كە باسدەكرێت وەک ڕاچڵەکین و تەکانێکی پەروەردەیی گرنگ کە جێی خۆیەتی لایەنی پەیوەندیدار و پسپۆڕانی پەروەردەیی بیخەنە نێو پڕۆگرامی خوێندن و بابەتەکە لەشەرمێکی درۆیینەی ژێر شەرمەوە دەربچێت، چونکە ئەو بابەتە سادانە ئێستا بابەتی گەرمی ڕۆژن و ڕۆژانە لەبەر ناحاڵیبوون لەو شتە سادانەی دەبوو بەشێوازێکی دروست منداڵان و خێزان لێی ئاگادار بن و نەبوونە، کێشەی گەورەی ئەخلاقی ڕووی داوە.

د. دیـلـمان ئـازاد خۆشــناو دەشڵێت: لێرەوە ئەوەی گرنگە و مەبەستمە بیڵێم، دایکان و باوکان هەندێک لەبارەی پەروەردەی زایەندی (سێکسی) بزانن، مەبەستمان لە پەروەردەی زایەندی (سێکسی) فێرکردنی منداڵەکەتە بە شێوەیەکی زانستی و سنووردار، کە لەلایەک لەگەڵ کۆمەڵگا بڕوات و لەلایەکی دیکە منداڵەکەت بپارێزی لە کارەساتی نەخوازراو.
ئەم خاڵانەی خوارەوە چەند هەنگاوێکی پەروەردەیی گرنگە، بۆ ئەوەی منداڵەکەت لەلێشاوی دەستدرێژی سێکسی بپارێزی، و کەسایەتییەکی خاوەن پەروەردەیی جوانی هەبێ و کەس نەتوانێ زەفەری پێ ببات و دەبێت دایک و باوک بەشێوەیەکی دروست و بە پلانەوە منداڵەکەیانی لەسەر ڕابهێنن:

١- هەندێک جار دایک و باوکان وادەزانن ئەگەر منداڵ لەهەموو شتێکدا بەگوێی کردن و بێ بیرکردنەوە و پرسیارکردن لەبارەی کردن و نەکردنی هەر شتێک وتیان بەڵێ یان باش، ئەوە منداڵەکەیان گوێڕایەڵە، نازانن دەبێ منداڵ فێر بکرێت کە لەبەرامبەر هەندیک جۆرە شت دەبیت بڵێت (نا). ئەو نا گوتنە بێئەدەبی نییە بەرامبەر بە گەورەکان، بەڵکوو ئەوپەڕی پەرەوەردەیەکی جوان و بێوەیە و پێدانی هێزی متمانە و خاوەن ڕادەربڕینە و جوانترین کەسایەتییەکە کە بۆ منداڵ دروستی دەکەیت. چونکە زۆرجار بە گوێکردنی کوێرانە و گوتنی بەڵێ بۆ هەموو شتێک، کەسایەتی منداڵەکەت لاواز دەکات و دەیکاتە نێچیری هەموو دەستێک و هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئارەزوی خۆی بەکاری بێنێت و دەستی پیس و گڵاوی بەسەردا بێنێت. چونکە منداڵەکەت وا فێر کردووە، بەبێ پرسیارکردن بۆ هەموو شتێک بڵێت: بەڵێ.
٢- منداڵەکەت فێر بکە کە لە جەستەیدا شوێنی تایبەت بەخۆی هەیە و پەیوەستە بە ڕەگەزەکەی و هیچ کەسێک بۆی نییە دەستکارییان بکا و ئەگەر کەسێک ویستی دەستی لێ بدات، ئەوا بەدەنگی بەرز هاوار بکا و ئەوانی دیکەی لێ ئاگادار بکاتەوە و نەهێڵێت دەستی لێ بدات.
٣- منداڵەکەت ئاشنای شوێنە هەستیارەکانی لەشی بکە و بە وردی باس لە تایبەتمەندییان بکە و فێریان بکە هەر یەک لەو ئەندامانە ناوی تایبەت بەخۆیان هەیە و نابێ مرۆڤ شەرم بکا لە ناوهێنانیان.
٤- منداڵەکەت فێر بکە کە بە هیچ شێوەیەک لەدەرەوەی ماڵ خواردن و خواردنەوە لە بێگانە وەرنەگریت و لەگەڵ کەس نەڕوات بە ناوی یاری.
٥- دەبێت منداڵان فێرڤبکرێن کە لەگەڵ هاوتەمەنی خۆیان یاری بکەن و برادەرایەتی بکەن.
٦- زۆر پێویستە منداڵان فێر بکرێن کە لە پێش یەکتری و لە بەردەم خەڵک جلی خۆی نەگۆڕێت و تایبەتمەندییەکانی بە وریاییەوە بشارێتەوە و دەریان نەخات.
٧- لە تەمەنی ٧ ساڵان بەرەوسەرێ، ژووری نوستنی کوڕ و کچ لە ماڵیکدا لێک جیا بکرێتەوە.
٨- کاتێک کە ناسیاوێک هەندێک جار بە گاڵتەوە لەگەڵ منداڵەکەت یارییەکی نەشیاو دەکات، بۆ نموونە بیجامەکەی لەبەر رادەکێشیت، ئەوە وەک دایک و باوک نابێت ئەوە قبووڵ بکەیت بەللڵکو دەبێت ئەوە بڵێی کە دەزانم تۆ بە گاڵتە وا دەکەی و وا دەڵێی، بەلام ببوورە من ڕازی نیم لەبەر پەروەردەی منداڵەکەم.
٩- مانەوەی منداڵ بە تەنیا لە ماڵان کارێکی باش نییە؛ سنوور هەبێت لە هاتوچۆ بە تایبەتی نێوان دراوسێکان.
١٠- مندال فێر بکەن کە لە باوەشی کەسدا دانەنیشێت و لێ نەگەڕێ ماچی بکەن. بە داخەوە لەناو کۆمەلگای ئێمە ئەو دیاردەیە هەیە.

ھەواڵی زیاتر