ھە‌ندێك ئادابی زە‌كاتی سە‌رفترە‌

عومەر‌چنگیانی

بە ئەرکم زانی دوا گوڵخەرمانی ئەم ڕەمەزانەی ئیمساڵمان ۱٤٤٣ بەرانبەر ۲٠۲۲ تایبەت بکەم بە بیرهێنانەوەی هەندێك ئادابی زەكاتی سەرفترە:
دوای ئەوەی لە ساڵی دووی كۆچیدا، شان بەشانی نەتەوەكانی تری پێش ئیسلام، گرتنی رۆژووی مانگی ڕەمەزان، بە پێویست گێڕدرا لەسەر بڕوادارانی شوێنكەوتەی محەمەد پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێ کە خوای گەورە لە سەدوهەشتاوسێهەمین ئایەتی سوورەتی “بەقەرە”دا پێمان دەفەرمێت: “ئەی گرۆی بڕواداران! خوای گەورە، ڕۆژووی لەسەرتان پێویست كردووە، هەروەك چۆن لەسەربڕوادارانی بەر لە ئێوەیشی پێویست كردووە، بۆ ئەوەی خۆتان لە هەڵە بپارێزن”. بەشوێنیشیدا، ئەركێكی دیكە، كە پەیوەستە بە داهات و خەرجی و سامانی مسوڵمانان بە پێویستگێڕدرا، كە پێی دەگوترێت: زەكاتی سەر فترە، كە وەك یارەكان بۆمانی باس دەكەن، پێغەمبەر
دروود و سڵاوی خوای لێ بێ ئەوئەركەی دەستنیشان كرد و دەفەرموون: “ساعێك خورما، یان ساعێك جۆ، بە پێویست گێڕراوە، بۆ زەكاتی سەرفترەی هەر مسوڵمانێك، ئەوكەسە ئازاد بێت، یان بەندە، نێر، یان مێ، گەورە، یان بچووك، هاوكات فەرمانیشی داوە، كە بەر لە چوونی مسوڵمانان بۆ نوێژی جەژن بدرێت”. وەك لە هەندێ دەقی تردا هاتووە، دەبێ هەركەس لە كوێ جەژن دەكات لەوێیش زەكاتی سەرفترەكەی خۆی بدات. كە ئەم دەقە پیرۆزە و ئەوانەی لەمبارەوە هاتوون، لە كۆن و نوێدا بوونەتە جێگەی فتوای لێكجودای زانایانی ئیسلام، هەیانە دەڵێن: دەبێ مرۆڤ هێندە پابەند ببێت بە دەقەكەوە، خورما یان جۆ زێدەتر نەدات، یان كەشك وەك لە هەندێك دەقی تردا هاتووە. هاوكات هەندێكی تر لە زانایان وا بۆ بابەتەكە دەچن، كە هەردەم ڕەچاو كردنی بەرژەوەندی هەژاران لە هەمووشت لە پێشترە، ئەڵبەتە بۆ ئەم بۆچوونەیشیان، پەنا بۆچەند دەقێك دەبەن، وەك ئەوەی كە ئەوكەسانەی لەسەردەمی پێغەمبەردا دروود و سڵاوی خوای لێ بێ نێڕابوون بۆ وڵاتی “یەمەن”، كە زەكاتی ئەوێیان كۆ دەكردەوە، لەمیانەی زەكاتەكان هەندێ كراس بوو كە بۆ خەڵكی مەدینە نەدەبوو، یارەكان لەوێ دەچوون دەیان فرۆشتنەوە و لە مەدینە شتی تریان پێ دەكڕی، لێرەشدا دەفەرموون: “بەرژەوەندی هەژاران ئەگەر لە پارە و دراوپێداندا بوو، بایی ئەو ساعە خۆراكە، دراوی بە رەواج دەدرێت بە هەژاران.
چەند ئامۆژگارییەكی بچووك:
۱. ئەگەر هەر سەرەك خێزانێك تەماشای داهات و بار و
دۆخی تایبەتی خۆی بكات و وردببێتەوە لە ماڵەكەیدا و بە ئەندازەی مامناوەندی ژەمێكی ئێوارانی ڕەمەزانی هەرتاكێك بدات لە باتی سەرفترە، ئەوە بۆ خۆی خێری زۆرە.
۲. دەرێ هەرچەند ماڵێك زەكاتەكەی خۆیان ئاوێتە بكەن و وێكڕا بیدەنە ماڵێكی هەژار، سا بەڵكو وایان لێبێت لە جێژنەدا ئەوانیش بە خۆشیی و بوونێكی مامناوەندییەوە
جەژن بكەن.
٣. ئەوانەیش كە لە دەرەوەی وڵاتن و لای خۆیان هەژار
نییە و دەینێرنەوە بۆ كوردستان، كارێكی باش دەكەن، بەڵام باش وایە ئەوان ئەوەندەی ژەمێكی خۆیانی پێ دابین
دەكرێت لەلای خۆیان، ئەوەندە بنێرنەوە بۆ كوڕدستان

ھەواڵی زیاتر