مەحمود محەمەد؛ ئەو لایەنانەی کورسیشیان بەدەست نەهێناوە دەتوانن ببنە پاڵپشتییەکی بەهێز

دوای ئەوەی شاندی پارتی سەردانی بزوونتنەوەی ئیسلامی کرد، گوتەبێژی پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەیان کرد و باسیان لە ناوەڕۆکی سەردانەکە کرد. مەحمود محەمەد، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا دووپاتی کردەوە، سەردانی شاندی پارتی بۆلای سەرجەم لایەنە سیاسیەکان بەردەوام دەبێت، ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە یا نا، وە ئەو لایەنانەشی کورسیان بەدەست نەهێناوە.
مەحمود محەمەد، ڕایگەیاند؛ ئەو لایەنانەی کورسیشیان بەدەست نەهێناوە، لە نێو هەرێمی کوردستان و کایەی سیاسییدا بەشدارن و حیزبن و لەنێو دڵی کوردستاندان و ئەندام و لایەنگرانیان هەیە و، دەتوانن ببنە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ ئەو کەسانەی دەچنە ئەنجوومەنی نوێنەران، تا بتوانن لە پرۆسەی سیاسی و ئەنجوومەنەکە ببنە دەنگێکی بەهێزتر و نە‌هێڵن درزێک درووست بێت، وەک پێشووتر ئەو درزە درووست ببوو و، کۆمەڵێ زیانی بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و بژێوی ژیانی خەڵکی گەیاند.

گوتەبێژی پارتی، کە هاوکات ئەندامی شاندی سەردانیکەری پارتیە، ڕایگەیاند؛ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزووتەوەی ئیسلامی نوێ نییە و بۆ پێش راپەڕین دەگەڕێتەوە، کاتێ بڕیاریاندا هاوشانی لایەنەکانی دیکەی کوردستان چەک هەڵبگرن و دژی رژێمی بەعس بجەنگن و رووبەڕووی ئەو ستەم و زوڵمە ببنەوە، هاوکات لە کۆمەڵێک وێستگەشدا هاوڕا و هاوسەنگەر بوون.

گوتیشی؛ سەردانەکەیان دۆستانەیە و بۆ دووبارە نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانیانە لە پێناو یەکڕیزی و یەکدەنگی، کە پێویستییەکی حەتمییە بۆ ئەم قۆناغە و حیزبەکانی کوردستان، بەو پێیەی تەحەدیات هەیە و بەرگەی ئەو تەحەدییانە بگرین، هاوکات بارودۆخی عێراق بەشێوەیەکە، دەبێ هەموو لایەنێکی سیاسی بەشێک لە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، چونکە هەندێ جار عەقڵییەتێک حوکمڕانی لە عێراقدا دەکات، کە باوەڕی بە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کورد نییە، بۆیە بە پێویستیشی زانی پێکەوە بەرەنگاری ئەو جۆرە عەقڵییەتە ببنەوە، هەربۆیەشە پێویستیان بە یەکڕیزی نێوماڵی کورد هەیە.

ھەواڵی زیاتر