وە‌ك ھە‌موو كارێكی پیرۆز ڕۆژوویش خاڵی نییە‌ لە‌ حیكمە‌ت!

عومەر چنگیانی

لەگەڵ ئەوەی كە وەك بنەمایەكی نەگۆڕ و چەسپیو لە شەرعی ئیسلامدا، هیچ “حوكم”ێك لەسەر “حیكمەت” دانامەزرێت، بەڵكو هەر حوكمێك وابەســـتەیە بە “عیللەت”ـەوە، وەلێ ئەوە نەبێ كە مرۆڤ هەوڵی زانینی حیكمەتی پەرســـتنەكان نەدات، هەربۆیە هەمیشە زانایان بە پێی توانست ویستوویانە لەوبوارەدا خزمەت بكەن، لێرەدا منیش بە ئەركی دەزانم لە ژێر ڕۆشـــنایی ئایەتەكانی قورئانەوە، ڕۆژوو بە نموونە بێنمەوە: بـــەر لە هەموو خاڵێكیش با ئەوە ئەوە بڵێم كە ڕەوشـــتبەرزی بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە، حیكمەتێکی گەورە
و بەدیكراوە كە خوای گەورە لە سەدوهەشتاوسێهەمین ئایەتی سوورەتی “بەقەرە”دا پێمان دەفەرمێت: “ئەی گرۆی بڕواداران! خوای گەورە، ڕۆژووی لەسەرتان پێویست كردووە، هەروەك چۆن لەسەربڕوادارانی
بەر لە ئێوەیشی پێویست كردووە، بۆ ئەوەی خۆتان لە هەڵە بپارێزن”. كەوابوو ئارمانجی هەرە گەورەی ڕۆژوو، بەرزكردنەوەی لایەنی ڕەوشـــت و ســـلوكی ڕۆژووگەوانە، زیاتر
لەوەی كە هەر خۆگرتنەوە بێت لە خواردن و خواردنەوە و حەزەكانی دی، لێرەوە دەچمە نێو باســـكردنی هەندێك لە لایەنە سلوكییەكانی ڕۆژوو:
یەكەم/ پەیوەستبوون بە سووڕی گەردوونەوە: ئەو كاتەی كە مانگی ڕەمەزان دێتە پێشەوە، هەربڕوادارێك بە دڵ وابەستە و چاوەچاوی ئەوە دەبێت،
داخۆ كەی مانگی یەكشـــەوەی ڕەمەزان هەڵدێت و ئەمان دەیكەنە دی، بۆ ئەوەی سبەینێ دەست كەن بە ڕۆژووگرتن، بۆ شـــەوانیش دەكەونە چاوەچاوی كاتی پارشـــێو و هەڵهاتنی بەیان بۆ خۆگرتنەوە لە ڕۆژاندا لە خواردن و خوارنەوە و هەركەس دووركەوتنەوەی لە حەڵاڵی خۆی، تا دەكەوێتە كۆتایی مانگ و ســـەر لە نوێ گەڕان بە شـــوێن مانگی یەكشەوەی شەواڵ و دەســـتكردن بە جەژن، كە ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، كە پەرســـتنەكانی بڕوادار وابەســـتەن بە ژماردنی مانگی ئاســـمانەوە، بەتایبەتی وەك هەمووان دەزانین، ئەو مانگە بە ویســـتی خوا گەڕوخولی خۆیی هەیە، جارێك دەكەوێتە زســـتان و جارێك هاوین و جارێك پاییز و جارێك بەهار، كاتێك رۆژگار كورتە و كاتێك رۆژگار درێژە، بەم شـــێوە، دەبینین بڕوادار لەم پەرســـتنەدا، زۆر وابەســـتە دەبێتەوە بە خولەكانی گەردوونەوە، لەســـەرو هەموو ئەمانەیشەوە، هەر كە چاوی بەهەڵهاتنی مانگ دەكەوێت، بە خۆشـــیەوە لێـــی دەڕوانێت زیاتر لەو ئایەتانە دەگات كە خوای گەورە تێیاندا باســـی گەردوون دەكات وەك چلوچوارەمین ئایەتی سوورەتی “ئیسرا” كە دەفەرمێت: “هەر حەوت ئاســـمانەكان و زەوی و چیشـــیان تێدا هەیە، بە سپاسەوە تەسبیحاتی خوا دەكەن، بەڵام ئێوە لەو
تەسبیحاتانەی ئەوان تێناگەن”. هەروەها لە هەژدەهەمین ئایەتی سوورەتی “حەج”دا دەفەرمێت: “ئایا ئێوە ئەوە دەبینن، كە ئاسمانەكان
و چیـــش لـــە زەویدا هەیە، كڕنۆش دەبەن بۆ خوای گەورە و هەروەها خۆر و مانگ و ئەســـتێرە و كەژ و دارودرەخت و ئاژەڵ و گیانلەبەرەكانیش، هەروەها زۆرێكیش لە مرۆڤەكان، بەڵام زۆرێكی وا هەن، كە سزای خوایان پێشایانە و هەست بە خۆیان ناكەن، كەسێكیش، كە خوای گەورە بێبەهای بكات، كەس ناتوانێت
رێزی بۆ دابنێت، خوای گەورە ویستیاری چی بێت ویستی خۆی جێبەجێ دەكات”. ئیتـــر لەم تێڕوانین و چاوەڕوانیكردنەی هەڵاتنی مانگە، لە ئاســـمان و ئەم چەرخ و گەڕ و ســـووڕانە،
مســـوڵمانان هەرهەموویان تیایدا، یەكسانن و جیاوازیەك نییە لە نێوان عەرەب و كەسانی دی و زەنگین و هەژار و بەدەســـەڵات و بێدەســـەڵاتدا، كێ زۆر گەورەیە و كێش زۆر بچووكە هەر وەك یەك، ئەگەر لە یەك
شوێندا بن كاتی بەربانگیان دێت و وەك یەك كاتی پارشێو و بانگی بەیانییشیان لێ دێت. دووەم/ پارێزران لە تاوان و گوناه: وەك دەزانیـــن خـــوای گەورە ئەم مانگـــەی تایبەت كردووە بە ڕۆژگـــەوە و ڕۆژوویش مەتاڵ و قەڵغانی
بڕوادارە و دەیپارێزێت لە نزیكبوونەوە لە تاوان و، بێجگە لە ڕۆژوو نەبێت، هەرهەموو ئاكار و كردەوەیەكی بڕوادار بۆ خۆیەتی.
سێهەم/ هەڵسەنگاندن و خۆڕاستكردنەوە: وەك دەقەكان باسمان بۆ دەكەن لەم مانگەدا، خوای گەورە لایەنەكانی لە ئێمە نادیار، كە پێیان دەڵێین: (شەیاتینی) جڵەو دەكرێن و بڕوادار دەدرێتە دەست خۆی، داخۆ تا چەند ئەو دەتوانێت بەسەرخۆیدا زاڵ ببێت و سەرپشك دەكرێت و فریودانی لاوەكی كەم دەبێتەوە بۆ خراپەكردن؛ قورئان لە پەنجاوســـێهەمین ئایەتی ســـوورەتی “یوسف”دا دەفەرمێت: “بە راستی دەروون و نەفســـی مرۆڤ زۆر فەرمانی پێ دەدات بە خراپەكردن، مەگەر كەســـێك نەبێت، كە خوای گەورە وەبەر میهرەبانی خۆیی خســـتبێت، بە راستی خوای ئێمە زۆر لێخۆشبووگ و بەبەزەیی و میهرەبانە”. كە لێرەوە مرۆڤی بڕوادار بۆی دەردەكەوێت، مادام شـــەیاتینیەكان جڵەو كرابێتن و لەغاو کرابێتە دەمیان، تێدەگات ئەوان چییان لێی ویســـتووە و ئارەزوویشـــی، چی دەوێت لێی، بـــۆی روون دەبێتەوە، كە (دەردەكە) لە
كوێدایە و هەرخۆی لە خۆیدا زانینی دەرد، رێگەیەكە بۆ دۆزینەوەی دەرمان. چوارەم/ پاسەوانیكردنی لاشە، لە تێهاتن و لێچوونەدەر: لە ئەنجامی وابەســـتەبوونی بڕوادار، بەڕۆژووگرتنەوە، وای لێ دێت، زۆر بە وردی چاوەدێری ئەو شتانە
بێت، كە دەچنە نێو لاشەی و ئەو شتانەیش، كە لێی دێتە دەر، تەنانەت بە شێوەیەكی وای لێ دێت، ئەگەر بە لەبیرچوونیش هەڵەی وا بكات، سەرباری ئەوەی لە ناخەوە پێی ناخۆش دەبێ، دەكەوێتە پرسیاركردن،
داخۆ ڕۆژووەكەی چی لێ بەسەر هاتووە و دەبێ لە ڕووی شەرعەوە حوكمی ئەو كارەی چۆن بێت

ھەواڵی زیاتر