پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، توانیی یەكەمی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان بێت و بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تاكو ئێستا زیاتر لە كورسیی پەرلەمانی مسۆگەر كردووە. سەركەوتنە گەورەكەی پارتییش لە هەولێر، بووەتە باسوخواسی میدیاكان و هاووڵاتیان. رۆژنامەی ”هەولێر” قسەی لەگەڵ ئەو خەڵكەدا كردووە، كە دەنگیان بە پارتی داوە و لە هەولێردا بە گوڕوتینەوە چوونەتە سەر سندوقی دەنگدان.
گلێنە مەحموود، بۆ یەكەمجارە مافی دەنگدانی هەیە و تەمەنی ١٨ ساڵانە، دەڵێت دەنگم بە كاندیدی پارتی دا، چونكە هەست دەكەم ئاییندەی گەنجێكی وەكو من تەنیا پارتی دەیپارێزێت، ئیتر بۆچی دەنگی پێ نەدەم؟
بە گوێرەی گوتەی گلێنە، هەولێر ئەو شوێنەیە كە گەنج تێیدا ئارامە و هەست بە خۆشی دەكات، بۆیە دەبێت ئەو پارتە هەڵبژێرن، كە هەولێری گەیاندووەتە ئەو ئاستەی ئێستای.
حەكیم خۆشناو، تەمەنی ٥٢ ساڵانە، بە گڕ و تینەوە چووەتە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگی بە پارتی داوە، دڵخۆشیشە كە ئەو كاندیدەی دەنگی پێیداوە، سەركەوتنی بەدەست هێناوە.
خۆشناو دەڵێت: “لە پارتی زیاتر، پێموانییە هیچ پارتێكی تر بتوانێت قەوارەی هەرێمی كوردستان بپارێزێت، چونكە بینیمان ئەندام پەرلەمانەكانی پارتەكانی تر، چۆن دژایەتی هەرێمیان دەكرد و چۆن دڵخۆش بوون كاتێك حەشد، كەركووكی داگیر كرد”.
حەكیم خۆشناو، باسی لەوەش كرد، كاتێك پارتی بەهێز دەبێت، دەبێت بزانین كە كورد لە پەرلەمانی عێڕاق بەهێزە، كاتێك پارتی بێهێز بێت، كوردیش قورسایی نامێنێت.
زۆربەی ئەوانەی دەنگیان بە پارتی داوە لە هەولێر پێیانوایە، ئەو ئاوەدانی و ئەو خزمەتەی پارتی بۆ ئەو شارەی كردووە، هۆكارێكی دیكەی ئەو سەركەوتنەیە كە پارتی بەدەستی هێناوە، لە هەموو دونیاش وایە، هەر پارتێك خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت، میللەتیش لەسەر سندوقی دەنگدان پاداشتی دەداتەوە، ئەمەش گوتەی بەهزاد خدرە.
بەهزاد كە دەرچووی زانكۆیە بەشی ئابووری، پێیوایە سەركەوتنی پارتی لە هەولێر، پەیوەستە بەو خزمەتە زۆری كە كردوویەتی، هەروەها درۆشی لەگەڵ بەرنامەی خۆیدا نەكردووە.
ئەو دەڵێت: “ئەگەر پارتی لە هەولێردا، خزمەتی نەكردایە و شارەكە ئەو جوانییەی ئێستای نەبوایە، دڵنیا بن، هەولێرییەكان دەنگیان پێ نەدەدا، بەڵام جگە لەوەی هاووڵاتیان هەستیان كرد، كە تاكە هێز لە كوردستان پارتییە قەوارەی هەرێم دەپارێزێت، لە هەمان كاتدا هەستیان كرد، كە تەنیا پارتییە خزمەت دەكات و پڕۆژەی گەورە دەخاتە خزمەتی هەولێرییەكان”.
بەهزاد، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لەم هەڵبژاردنەدا هیچ ساختەكارییەك رووی نەدا، ئەمەش دەریخست، كە ئەوانەی پێشووتر پارتییان تۆمەتبار دەكرد، بەوەی ساختەكاری دەكات، دەركەوت راستیان نەگوتووە، بەڵكوو خزمەت و ئەو ئاوەدانییەی بۆ هەولێر و ناوچەكانی تر كراوە، هۆكاری سەرەكی بەهێزبوونی پارتییە.