شاندەكەی پارتی چی پەیامێكی پێیە؟

فارس نەورۆڵی

هەڵبژاردن کۆتایهات، بە بەراورد لەتەک هەڵبژاردنەکانی پێشودا هەڵبژاردنێکی تاڕادەیەکی زۆر پاک و مەدەنیانە بەڕێوەچوو هەر بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم وهەست کردن بە بەرپرسیاریەتی مێژووی جوڵەکانی بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن دەستپێکرد دەیەوێ ئەو پەیامە بگەیەنێتە کۆی حیزبەکان بەوانەی کورسییان هەیەو بەوانەی کورسییان نیە پێیان بڵێ ئەوەی گرنگە بۆ کۆی هێزە سیاسییەکان خۆ داماڵینیانە لەتەپ و تۆزی سەردەمی بانگەشە و سەرەڕای جیاوازییەکان ستراتیجێکی نوێ داڕێژین بۆ چوار ساڵی ئایندەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کوردستان لەهەمو کایەکاندا،چونکە لەم چوارساڵەدا پێشبینی دەکرێت گۆڕانی جدی لە عێراقدا ڕووبدات. بۆیە هیچ پاساوێکی لۆژیکی بۆ هیچ لایەنێک نیە لەم دژ یەکییە بەرامبەر یەکتر بەردەوام بین، چونکە نامان گەیەنێتە هیچ کوێ. بۆیە پێویستە کاربکەین بۆ کوشتنی ئەو ڕقە شاراوەیەی بەرامبەر یەکتر هەمانە و دەست لە مزایەدە هەڵگیرێ و پۆست و دەسکەوت بکەینە قوربانی ستراتیجی بەهێزبوونی کوردستان و تێگەیشتنێکی نوێش بەرهەم بهێنین بۆ پەیوەندی لەتەک خەڵک و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
بۆ دروست کردنەوەی ئینتیما، بۆ ئەوەی خەڵک پاڵپشی نوێنەرانی گەلی کوردستان بکات لەبەغدا.
ئەمە دەبێتە گرەنتیی بەهێزبون و سەرکەوتن، پارتی ئەوەش دەزانێ هیچ هێزو دەسەڵاتێک لەدەرەوە ناڕوخێ ئەگەر لەناوەوە هێز و متمانەی ناوخۆیی هەبێت باوەڕیشی وایە ئەگەر هێزە سیاسیەکان متمانە لەنێوانیاندا دروست ببێت دەرفەت زۆرە بۆ بەهێز بوونی هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە.
بۆیە جوڵەکەی پارتی بۆ دیدار لەتەک کۆی هێزە سیاسیەکاندا دەرفەتێکی باشە بۆ دروستکردنی ستراتیجێکی نوێ کە ببێتە بنەما بۆ نەخشە ڕێگای هەرێمی کوردستان لەناوەوە و لەدەرەوەی هەرێم ئەوە پەیامی پارتییە.
بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان کەواتە پێویستە لەخاڵێکی هاوبەشەوە دەستپێبکەین.