پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هاوتا ئەسعەدی هونەرمەند و ماڵئاواییەکی هەتاهەتایی

بەشێك لە هونەرمەندانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەرهەمەكانی هونەرمەندی كۆچكردوو (هاوتا ئەسعەد) مۆركێكی تایبەتی بە خۆی هەبووە و زیاتریش گرنگی بە بەرهەم بۆ بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەكان داوە، بۆیە بەرهەمەكانی هەمیشە زیندووە.

هاوتا ئەسعەد، هونەرمەندی ناوداری كوردستان و شاری هەولێر ئێوارەی رۆژی 7ی ئەم مانگە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە تەمەنی 61 ساڵیدا و لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.
هاوتا ئەسعەد ماوەی نزیكەی 40 ساڵە هاتبووە بواری هونەرییەوە و چەندین كاری ناوازەی هەبوو، هاوتا برای هونەرمەندی ناودار زیاد ئەسعەدە و خاوەنی شەش منداڵە كە سێ لە منداڵەكانیشی رێچكەی هونەریان گرتووە و یەكێكیان (كەژێ) كە ئێستا یەكێكە لە كچە هونەرمەندە ناسراوەكان.
كەژێ كچی هونەرمەندی كۆچكردوو دوای مەرگی باوكی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وێنەیەكی خۆی و باوكی و برایەكی بڵاو كردەوە و نووسیبووی “رۆحت شاد بێت و خوات لەگەڵ باشترین مامۆستای ژیانم، باوكە گیان”.
هونەرمەندی موزیسیان سەید ئەحمەد رەواندزی بە (هەولێر)ـی راگەیاند، لە ساڵی هەشتاكانەوە هاوتا ئەسعەدی ناسیوە و موزیكی بۆ یەكەم بەرهەمی داناوە و دواتریش هاوتا هەر بەردەوام بوو، بۆیە بەرهەمەكانی هەر بە زیندوویی دەمێننەوە.
رەواندزی روونیكردەوە، ستایڵی بەرهەمەكانی هاوتا ئەسعەد زیاتر سووننەتی بوون، خۆیشی لەڕووی تێكست و ئاوازەوە گرنگی بە بەرهەمەكانی دەدا و شارەزای لە بواری ئاوازدانان و مەقام بوو.
هەر لەو بارەیەوە هونەرمەند دانا عەبدولجەبار بۆ (هەولێر) ئاماژەی بەوەكرد كە بەرهەمەكانی ئەو هونەرمەندە هەمیشە مۆركی تایبەتی خۆی هەبووە لەڕووی تێكست و میلۆدییەوە، بەرهەمەكانیشی لە یەكتر جیاوازتر بوون، بۆ نموونە بەرهەمی بۆ خۆشەویستی و پێشمەرگە و نیشتمان هەبوو.
دانا وتی “بۆ هونەرمەند زۆر گرنگە كە بەرهەمەكانی هەمەچەشن بن و نابێت بەرهەمەكانی لە یەك بواردا بن، بەڵكو بۆ بۆنە نەتەوەییەكانیش بەرهەمی هەبێت، بەڵام بەرهەمەكانی هاوتا بۆ بۆنە نەتەوەییەكان لە هونەرمەندانی دیكە جیاوازتر بوون”.
ئەو هونەرمەندە وتیشی “هاوتا ئەسعەد خۆی سەرپەرشتی منداڵەكانی دەكردن بۆ كاری هونەریی بەتایبەتیش بۆ كەژێی كچی كە تێكست و میلۆدی بۆ داناوە و دڵنیام سەروەتێكی باشی بۆ جێهێشتوون”.
لەلایەكی دیكەوە دلێر عەبدولقادری هونەرمەندیش ئاماژەی بەوەدا كە هاوتا ئەسعەد كەسایەتییەكی بەئەدەب و كۆمەڵایەتی بوو، حەزی لە هاوكاریكردنی هونەرمەندان بوو، یەكێك لە كارە جوانەكانی گۆرانی وتن بوو دژی شەڕی براكوژی و هەروەها بۆ بۆنە كۆمەڵایەتییەكان، بۆیە ئەو تۆن و دەنگەكەی هاوتا زەحمەتە دووبارە ببێتەوە.
دلێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئەوەشی گوت، هاوتا هاوشان لەگەڵ هونەرمەندی گەورە (زیاد ئەسعەد) خزمەتێکی گەورەیان بە هونەری گۆرانی و میوزیکی کوردی کردووە، شایانی رێز و پێزانینی زۆرە هیوادارم بەر پرسانی وەزارەتی رۆشنبیری لە ئاست ئەو لێزانی و دانایەی ئەو هونەرمەند بێدەنگ نەبن و هەرنەبێ چلەیەکی ماتەمینی جوانی بۆ رێک بخەن، بۆ ئەوەی هەرنەبێ ئەوەی بە چاوی خۆی نەیبینی لە دوای خۆی مناڵەکانی و کەسوکارەکەی بیبینن!