سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی 13 قوتابخانە لە هەولێر دروست دەکرێن

لەسەر ڕاسپاردەى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، 13 قوتابخانە لەناو شار و سنووری پارێزگای هەولێر دروست دەکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک وەبەرهێنەر کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی پاریزگای هەولێر “دواى دیدارى مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک وەبەرهێنەر کە لە دەستپێشخەریەکدا بڕیاریاندا لەسەر ئەرکی خۆیان ژمارەیەک قوتابخانە لە ناو شار و سنووری پارێزگای هەولێر دروست بکەن، سەر لە بەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە 2022/4/13، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار، لەدیوانى پارێزگا، بەمەبەستى بەدواداچوون و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان و چارەسەرکردنى هەر کێشە و گرفتتێک ئەگەر هەبێت لە دروستکردنى (13) قوتابخانە لەناو شار و سنووری پارێزگای هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لەو وەبەرهێنەرانە کۆبووەوە”.

ئاماژە بەوەکراوە “لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵ و بەرێوەبەرانى ناحیەکانى بەحرکە و کەسنەزان ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر سوپاس و دەستخۆشى لە وەبەرهێنەران کرد بۆ ئەنجامدانى ئەو کارەیان و ئامادەیی پارێزگاى هەولێریشى نیشاندا بۆ هەر هاوکارى و ئاسانکارییەک لە رایکردنى کارەکانیان و رایگەیاند: بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین، ئامادەین هەموو ئاسانکارییەکتان پێشکەش بکەین”.

ئەوەشخراوەتەڕوو “لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى قوتابخانەکان کرا بەپێى ئەو نەخشە و کوالێتیەى داوا کراوە لەو شوێنانەى کە پێویستن، هەروەها تیشک خرایە سەر چارەسەربوونى بەشێک لەو کیشانەى کە ببوونە هۆى دواکەوتنى دروستکردنى قوتابخانەکان، لەلایەن خۆیانەوە وەبەرهێنەرانە وێراى ئەوەى سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد کە زۆر هاوکاریان بووە و ئاسانکارى بۆکردوون لە دابینکردنى زەوى و ڕایکردن و چارەسەرکردنى هەر کێشە و گرفتێک کە هەیان بووە، تەئکیدیان لەوەکردەوە کە هەموو هەوڵێکى خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ ساڵى نوێ خوێندن کارەکانى دروستکردنى قوتابخانەکان بەکۆتابێت و دەست بە پڕۆسەى خوێندن بکرێت لەناو ئەم قوتابخانانە.

کۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ وەبەرهێنەران
کۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ وەبەرهێنەران