ڕۆژووی مانگی ڕە‌مە‌زان ئە‌ركێكی پیرۆزی ئایینیە‌!

عومەر چنگیانی

پێناسەی ڕۆژوو/ ڕۆژوو یان رۆژگ، واتە/ خۆگرتنەوە لەو شتانەی كە دەبنە هۆی شكاندنی ڕۆژوو، لە بەیانیەوە تا ئێوارە. ڕۆژوو، لە دووهەم رۆژی مانگی شەعبانی ساڵی دووهەمی كۆچیدا، لەسەر بڕوادارانی شوێنكەوتەی محەمەد – دروود و ساوی خوای لەسەر بێت – پێویست كرا و لەپێشدا بە سێ قۆناغدا تێپەڕی.
یەكەم/ سەرەتادا ڕۆژوو بە پێی ویستی بڕوادار بوو، واتە، هەركەس
سەرپشك بوو لەوەدا بیویستبا بەڕۆژوو ببێت یاخود قەرەبوو، بریتی (فیدیە) بدات، قورئان لە سەدوهەشتاوچوارەمین ئایەتی سوورەتی”بەقەرە”دا دەفەرمێت:
“ئەوانەی دەتوانن بەڕۆژوو ببن و پێ نابن بۆیان هەیە بۆ هەر رۆژێك بۆ ژەمێك هەژارێك تێر بكەن”.
دووەم/ لە قۆناغی دووهەمدا بەپێویست گێڕدرا لەسەر هەربڕوادارێك، كە توانستی ڕۆژووگرتنی هەبێت، بەدەر لە نەخۆش و كەسێك كە لە سەفەردا بێت، كە بەڕۆژوو ببێت، بەڵام ئەو دووانە – نەخۆش و كەسێكی سەفەری – دوای ڕەمەزان دەبێ ڕۆژووەكەیان بگرنەوە؛ قورئان لە ئایەتی ١٨٥ی
سوورەتی “بەقەرە”دا دەفەرمێت:
“ئەو بڕوادارەی كەوتە نێو مانگی ڕەمەزان، دەبێ بەڕۆژوو ببێت، بەڵام گەرهاتو كەسێك نەخۆش بوو، یان لە سەفەردا بوو، با دوای ڕەمەزان لە كاتێكی دیكەدا بیگرێتەوە”.
تێبینی: ئەوکەسەی کەمترین شارەزایی لە داڕشتنی قورئان هەبێت کە بە زمانی عەرەبیە لەوە تێدەگات سەرباری ئەوەی وشەی(کوتیبە)، بە مانا (پێویست گەڕا)یە وشەی (فالیصمه)یش تێدەگات کە داڕشتنێکە پێی دەگوترێت (فیعلی موزاریع) کە لامی ئەمری لە پێشەوەیە، واتە ڕۆژوو فەرزە ئەرکە.
سێیەم/ لە دوو قۆناغەكەی پێشوودا، هەر ڕۆژگەوانێك دوای
بەربانگكردنەوە و خواردنی شیو (نانی ئێوارە) ئیتر كە دەخەوت، بۆی نەبوو بە شەودا هیچ بخوا و هیچ بخواتەوە و ژن و مێرد نەدەبوو نزیكی یەكتر ببنەوە و سەرجێیی بكەن، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەوەیش گۆڕرا و لە بانگی ئێوارەوە تا بانگی بەیانی، خواردن و خواردنەوە و سەرجێیی ئازاد کرا و ئیتر ئەمە دوا قۆناغ بوو، قورئان لە سەدوهەشتاوحەوتەمین ئایەتی
سوورەتی “بەقەرە”دا دەفەرمێت:
“لە شەوانی ڕەمەزاندا حەڵاڵە و رێگەی ئەوەتان پێ دراوە، كە ژنوشوو سەرجێیی بكەن… تا دەگاتە ئەوەی دەفەرمێت: “شەوان بخۆن و بخۆنەوە، تا دەگاتە بەیانی.” بەم شێوە تێدەگەین، كە گرتنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان ئەركێكی شەرعی و داوایەكی خواییە لە هەر بڕوادارێك و، هەركەسیش بڕوای پێی نەبێت، پێی ناگوترێت بڕوادار.
مەرجی پێویستەتیی ڕۆژوو
١/ دەبێ ئەوكەسە مسوڵمان بێت و بڕوای بە ڕۆژوو هەبێت، كەوابوو ڕۆژوو پێویست نیە لەسەر كەسێك كە مسوڵمان نەبێت.
۲/ دەبێ ئەو كەسە لەوانە بێت كە تەكلیفی شەرعی لەسەر بێت و توانای گرتنی هەبێت، بە مانا پێویست ناكات لەسەر منداڵ و شێت. هەروەها بەساڵاچوو و نەخۆشکەوتەی درێژخایەن، كە ئەمانە دەتوانن، بۆ هەر رۆژێك، فیدیە بدەن، ئەوەندەی تێركردنی هەژارێك بۆ یەك ژەم.
مەرجی جێبەجێكردن
دەبێ ئەو كەسەی بەڕۆژوو دەبێت، لەبەر بڕوا و باوەڕەکەی بەڕۆژوو بێت؛
هەروەها ئافرەت لەو كاتەدا دەبێ پاك بێت لە دەشتان و سووڕی مانگانە. سەرنج و تێبینی:
١) بەربانگکردنەوە بە خورما یان ئاو سوننەتە نەوەک واجب، وەلێ
باشترینە چونکە پێغەمبەر – دروود و ساوی خوای لەسەر بێت – گەر دەستی کەوتبێت خۆی بە خورمای تەڕ (روتاب)، بەربانگی کردۆتەوە و هانیشی داوین بۆی، گەر بەردەستیش نەبووبێت بە خورمای وشک (تەمر)، دەنا بە چەند قومێک ئاو.
۲) لە حیکمەتەکانی ڕۆژوو فریای برسیکەوتنە، نەک تەنها دەردی برسێتی چەشتن و بەس، بەمانا بتوانین بە وخەرجییە نەکردووەی نیوەڕوانانمان دەسگیرۆیی هەژاران بکەین.

ھەواڵی زیاتر