پارتی: یه‌کڕیزى و یه‌کده‌نگى ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئامانجه‌کانمان

 له‌ دواى کۆتاییهاتنى کۆبوونه‌وه‌ى نێوان شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شدا هه‌ردوولا ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌یان خسته‌ ڕوو.

مه‌حموود محه‌مه‌د، گوته‌بێژى پارتى دیموکراتى کوردستان و ئه‌ندامى شانده‌که‌ى پارتی له‌ میانى کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا ڕایگه‌یاند: “له‌ درێژه‌ى سه‌ردانه‌که‌مان بۆ لاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان، سه‌ردانى مه‌کته‌بى سیاسیى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانمان کرد و به‌ڕوونى باسمان له‌ ڕێکخستنه‌وه‌ى ناوماڵى کورد و پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق کرد، به ‌شێوه‌یه‌ک کە هێز بداته‌ لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان له‌ به‌غدا، که‌ ئه‌مه‌ش گرنگیى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌وانه‌ى به‌ ته‌نگ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستانەوەن، به‌ یه‌که‌وه و‌ پشتگیرى یه‌کتر بین، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌هێڵین دژه‌کانمان جیاوازییه‌کانمان بقۆزنه‌وه‌ و نه‌هێڵن بگەینە‌ مافه‌کانمان، بۆیه‌ کۆبوونه‌وه‌کان بۆ دروستکردنى که‌شێکى ئارامه‌ له‌ نێوان لایه‌ن و هێزه‌ کورستانییه‌کاندا.”

فاتیح ڕه‌وف، گوته‌بێژى سۆسیالیست ڕایگه‌یاند: له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ى نێوانیاندا تاوتوێى چه‌ندین بابه‌تى گرینگیان کردووه‌؛ له‌وانه‌ ئاساییکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى نێوان لایه‌نه‌کان، به‌تایبه‌تی لابردنى هه‌ر گرژییه‌ک که‌ له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا دروست بووبێت، هەروەها جه‌ختى زۆرمان لە بابه‌تى یه‌کڕیزیى نێوان لایه‌نه‌ کوردییه‌کان له‌ به‌غدا کرده‌وه‌، چونکه‌ ئاشکرایه‌ هه‌رکات ئێمه‌ یه‌کڕیز و یه‌کده‌نگ بووبین، ده‌ستکه‌وتى زیاترمان به‌ده‌ست هێناوه‌، بۆیه‌ سه‌ردانه‌که،‌ سه‌ردانێکى گرنگه‌ له‌م کاته‌دا.