ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەخرێتەڕوو

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا گوتەبێژی فەرمیی هەردوو حیزب، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

ئەمین بابەشێخ، گوتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، رایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکەی نێوانیاندا تاوتوێی چەندین بابەتی گرینگیان کردووە، بەتایبەت یەکڕیزی کورد لە بەغدا، هاوکات باسی چەند بابەتێکی دیکەیشیان کردووە.

مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی شاندەکەی پارتی، رایگەیاند، چوونی ئەوان بۆ سلێمانی و سەردانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پاش ئەو پڕۆسە ئەنجامدراوەی هەڵبژارد دێت، کە بە شێوەیەکی ئاشتی و دیموکراسییانە بەڕێوەچوو و سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێنا، سەردانەکەیشی بە بەسەرکردنەوەیەکی دۆستانە نێوبرد، بەو پێیەی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هەندێ نیگەرانی لە نێو قاعیدەی حیزبەکاندا درووست ببوو، تا ئەو نیگەرانییە بڕەوێتەوە، پێویستیان بەوە بوو، کە پێکەوە دابنیشن.

مەحموود محەمەد جەختیشی لەوە کردەوە، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ جەنابی سەرۆک، بڕیاردراوە کە سەردانی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بکەن، بەو لایەنانەشەوە، کە کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان نییە و، پێویستە هەموان پێکەوە بن و نێوماڵی کوردستانی رێکبخەنەوە، تا بەهیچ جۆرێ درزێک لە نێوماڵی کورددا نەبێ و ببێتە هۆی درووستبوونی کێشە بۆ کوردستان، ئەوەش لە پێناو ئه‌وه‌ی هێزێک بدەنە هەموان، لە پێناو جێبەجێکردن و پاراستنی ئەو مافانەی لە دەستووردا بە گەلی کوردستان دراون، هاوکات بەدەستهێنانی ئەو مافانەشی کە نەنووسراون بەدییان بهێنن.

سەبارەت بە بارودۆخی کەرکووک، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ماوەی ساڵێک دەبێ لیژنەیەک لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی پێکهاتووە، کە چۆن بابەتی ئاساییکردنەوە جێبەجێ بکرێت، ئەو لیژنەش گەیشتوونەتە کۆمەڵێ بڕیاری باش، بەڵام ئاستەنگی هاتووەتە بەردەم، نموونەیشی بە رێککەوتنی ئاساییکردنی شنگال هێنا، ئومێدیشی خواست حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەی بکەن.

ئەمین بابەشێخ، جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو هەوڵێک بۆ یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دەدەن، چ بۆ هەرێم، چ بۆ بەغدا، وەکخۆی باسی کرد، چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان بوون و بەرنامەی خۆیان هەیە، بۆ هەمان مەبەست، کە پارتی سەرەتا هەنگاوی بۆ ناوە، هاوکات پێشوازیش لە هەموو لایەنێک دەکەن، دەستپێشخەری بۆ یەکڕیزی بکەن.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، مەحموود محەمەد، ئاماژەی بەوەدا، کە باسیان لەو پۆستە نەکردووە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە راستە پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە، بەڵام ناتواندرێت بگوترێت پشکی فڵان لایەنە و ئیحتیکاری فڵان لایەنە، مەرج نییە بڕیاری لێدرابێت بۆ لایەنێکی دیاریکراو.

ھەواڵی زیاتر