لە شاری بینگهامپتن سەر بە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمهریکا، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، وەکو رێزلێنانێك بۆ کوردانی دانیشتوانی ئەو شارە و سەرانسەری ئەمهریکا، ئاڵای کوردستان لەسەر باڵەخانەی شارەوانی بینگهامپتن هەڵکرا و دواتریش لە رێورەسمێکی تایبەتدا رێز لە ژمارەیەك کوردی ئەو شارە نرا.
لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بالەخانەی شارەوانییەکەیان، سەرۆکی شارەوانی بینگهامپتن رایگەیاند، ئەو بڕیارە بۆ ئەو مەبەستەیە، کە رێز لە رۆڵی کوردانی دانیشتوانانی ئەو شارە و تەواوی ئەمهریکا بگیرێت کە رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە پێشخستنی شارەکیان.
جێراد کرام، سەرۆکی شارەوانی بینگهامپتن گوتی: “بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز، ئێمە لەسەر باڵەخانەی شارەوانی بینگهامپتن ئاڵای کوردستانمان هەڵکرد، ئەمەش وەکو رێزگرتنێک لەو رۆڵەی کوردانی دانیشتووی ئەمهریکا هەیانبووە لە پێشخستنی ئەو شارە و ئەمهریکا بە گشتی”.
گوتیشی: “كوردانی دانیشتووی ئهمهریكا رۆڵێکی کارایان هەبووە لە بووژاندنەوەی شارەکە و زیاتر ئاشناکردنی ئەمریکا بە کولتووری کورد و پتەوکردنی ئەو هەماهەنگیەش کە لەنێوان ئەمهریکا و کوردستان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”.