بەڵگەفیلمی “دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان” سەبارەت بە كەسایەتی و شانازییەكانی شاخەوانی كورد ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” كە بەسەر لووتكەی بەرزی شاخی ئێڤێرێستدا سەر كەوت، لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد “ئیبڕاهیم سەعیدی” لە ڕێكخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلم” ساز دەكرێت.
“ئیبڕاهیم سەعیدی” كە بە بەرهەمە بەڵگەفیلم و چیرۆكییەكانی خۆی لەوانە: فیلمی سینەمایی “ماندوو” و بەڵگەفیلمی “دایكانی من” سەبارەت بە كۆمەڵكوژی ئەنفال لە فێستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەكان لە ئاستی جیهاندا بەشدارییەكی سەركەوتوانەی كردووە و هەروەها چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە؛ لە نوێترین بەڵگەفیلمی خۆیدا، تیشكی خستۆتە سەر ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” ئەفسانەی شاخەوانیی كوردستان و ئەو كەسەی كە بەسەر لووتكەی “ئێڤێرێست” وەكوو بەرزترین شاخی جیهان و هەروەها شاخە بەرزەكانی دیكەی دنیادا بە بێ كەڵك وەرگرتن لە گازی ئۆکسیجین سەركەوت و ناویی خۆی بۆ هەتا هەتایە لە مێژوودا تۆمار كرد.
سەعیدی لە بەڵگەفیلمی “دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان”دا بە تایبەت باسی ژیان، كەسایەتی و شانازییە وەرزشییەكانی ئەم پاڵەوانە نەتەوەییەی شاخەوانی كوردستان دەكات.
لەم بەرهەمە هونەرییەدا هەوڵدەدرێت تاكوو لایەنە جۆراوجۆرەكانی ئەم ڕەمزەی شاخەوانی جیهان و هەروەها قۆناغەكان و تایبەتمەندییە بێوێنە و پیشەییەكانی ئەم شاخەوانە بەرجەستە بكرێت و شیكاریی لەسەر بكرێت و بە جوانی و بە وردیی بۆ بینەر بخرێتە ڕوو.
ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” لە ڕێكەوتی 17ی سێپتەمبەری ساڵی 1969 لە شاری نەغەدە لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و لە ڕێكەوتی 17ی ئۆگۆستی ساڵی 2003 لە كاتی سەركەوتن بەسەر لووتكەی “گاشێربرۆمی” لە وڵاتی پاكستان لە نزیكەكانی لووتكە و بە هۆی داڕمانی بەردێكەوە، بە توندی بریندار بوو و بە هەوڵی هەڤاڵانی شاخەوانی خۆی گەیێندرایە نەخۆشخانەی “شیفا” لە شاری ئیسلامئاباد و دوای 20 ڕۆژ ململانێ لەگەڵ مەرگ، بەداخەوە لە ڕێكەوتی 7ی سێپتەمبەری ساڵی 2003 ماڵئاوای لە ژیان و هەوادارانی كرد.
ئەوراز لە ماوەی ژیانی كورتی شاخەوانی خۆیدا شانازییەكی زۆریی بۆ كۆمەڵگای وەرزشی و لقی شاخەوانی كوردستان بەدەستهێنا، كە بریتین لە: سەركەوتن بەسەر لووتكەی “راكاپۆشی” Rakapushi بە بەرزایی 7788 مەتر لە وڵاتی پاكیستان لە ساڵی 1998، سەركەوتن بەسەر لووتكەی “ئێڤێرێست Everest بە بەرزایی 88۴8 مەتر، بەرزترین شاخی جیهان، هیمالیا لە وڵاتی نیپال لە ساڵی 1998، سەركەوتن بەسەر لووتكەی “چو وایۆ” Cho Oyu بە بەرزایی 8201 مەتر، شەشەمین لووتكەی بەرزی جیهان، هیمالیای تەبەت، بە بێ كەڵك وەرگرتن لە گازی ئۆکسیجین لە ساڵی 2000، سەركەوتن بەسەر لووتكەی “شیشاپانگما” Shishapangma بە بەرزایی 8036 مەتر، سێزدەیەمین شاخی بڵیندیی دنیا، هیمالیای تەبەت، بە بێ كەڵك وەرگرتن لە گازی ئۆکسیجین لە ساڵی 2000، سەركەوتن بەسەر لووتكەی “ماكالۆ”Makalu بە بەرزایی 8463 مەتر، پێنجەمین شاخی بەرزی جیهان، هیمالیای تەبەت، بەبێ كەڵكوەرگرتن لە گازی ئۆکسیجین.