یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

ئه‌مرۆ گه‌ڕی یه‌كه‌می یارییه‌كانی خولی پله‌دووی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

14 یانه‌ ركابه‌ری سه‌ركه‌وتن بۆ ریزی پله‌یه‌كه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، گه‌ڕی یه‌كه‌می یارییه‌كانی قۆناخی دووه‌می خولی یانه‌ پله‌ دووه‌كانی كوردستان ئه‌نجامده‌درێت، یارییه‌كانیش كاتژمێر(3:00) به‌ڕێوه‌ده‌چن، قۆناغی یه‌كه‌م به‌ شێوه‌ی پاڵاوتن له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌چوو، ئینجا 9 یانه‌ سه‌ركه‌وتن، دواتر به‌ بڕیارێكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان 5 یانه‌ی دیكه‌، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی كۆتایی سه‌رخران، كه‌ ئێسته‌ به‌سه‌ر دوو گرووپ دابه‌شكراون، له‌ كۆتاییشدا دوو یانه‌ بۆ پله‌یه‌كی كوردستان سه‌رده‌كه‌ون.

شێخان میوانداریی پێشه‌وا ده‌كات
یانه‌ی شێخان له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری پێشه‌وا ده‌كات، كه‌ هه‌ردوو یانه‌كه‌ ئاستیان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌، به‌ڵام شێخان به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ نێو خاك و جه‌ماوه‌ری خۆی یاریی ده‌كات نزیكتره‌ تا بردنه‌وه‌ له‌ یارییه‌ به‌ده‌ستبهێنێت، شێخان له‌ گرووپی پارێزگای دهۆك بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سه‌ركه‌وت و پێشه‌واش له‌ گرووپی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌.

دینارته‌ ئاماده‌ترین یانه‌ی ئه‌م قۆناغه‌یه‌
یانه‌ی دینارتای سنووری پارێزگای دهۆك به‌ هێنانی كۆمه‌ڵێ یاریزانی تازه‌ و به‌توانا له‌ ریزه‌كانی یانه‌ی دهۆك، له‌ هه‌موو تیپه‌كان ئاماده‌تر و به‌هێزتره‌ تا بۆ پله‌ یه‌كه‌كان سه‌ركه‌وێت، ئه‌مه ئامانجی یه‌كه‌می تیپه‌كه‌یه‌ و پاره‌یه‌كی زۆریان له‌و پێناوه‌ خه‌رج كردووه‌، تا بۆ پله‌ یه‌ك سه‌ركه‌ون و دواتریش بگه‌نه‌ نایابی كوردستان، به‌ڵام هه‌رچی یانه‌ی خه‌باته‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌ بڕیار بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سه‌رخراوه‌، بۆیه‌ ئاماده‌كارییه‌كی باشیان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ نه‌كردووه‌، به‌هه‌مان پێكهاته‌ی پێشووتر و قۆناغی یه‌كه‌م رووبه‌ڕووی دینارته‌ ده‌بنه‌وه‌.

باتیفا و زانكۆی جیهان به‌یه‌كه‌و یاریی ده‌كه‌ن
یانه‌ی باتیفا، كه‌ یه‌كه‌م وه‌رزیه‌تی به‌شداری له‌ خوله‌كانی كوردستان ده‌كات، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سه‌ركه‌وتووه‌، ئێسته‌ چاوی له‌وه‌یه‌ بۆ یه‌كه‌مجار بگاته‌ پله‌ یه‌كی كوردستان، میوانداری زانكۆی جیهانی نوێنه‌ری هه‌ولێر ده‌كات، باتیڤا خۆی له‌ سنووری دهۆكه‌وه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ سه‌ركه‌وتووه‌، زانكۆی جیهانیش به‌ یه‌كه‌می پارێزگای هه‌ولێر گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م قۆناغه‌.
برادۆست خه‌ونی گه‌یشتن به‌ پله‌یه‌كی كوردستانی هه‌یه‌
یانه‌ی برادۆستی تازه‌ دامه‌زراو، له‌ هه‌موو رووێكه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی كارده‌كه‌ن، بوونه‌ته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی وه‌رزشوانان و میدیاكاران، ته‌نانه‌ت گواستنه‌وه‌ی یاریزانانیش به‌ شێوه‌یه‌كی نایاب به‌ ده‌ناسێنن، زۆربه‌ی هانده‌رانی وه‌رزشی یانه‌ی بردۆست به‌ به‌ربژێری یه‌كه‌م داده‌نێن تا بگاته‌ پله‌ یه‌كی كوردستان، میوانداری یانه‌یه‌كی هاوسنووری خۆی ده‌كات، كه‌ باش شاره‌زای شێوازی یاریكردنی یه‌كترن، ئه‌ویش یانه‌ی بابه‌گوڕگوڕه‌.
یانه‌‌كان به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌ دابه‌شكراون
له‌ دوو یاریی دیكه‌ یانه‌كانی په‌یام و خه‌ڵاتی پێنجوێن به‌یه‌كه‌وه‌ یاریی ده‌كه‌ن و خورماڵ و كفریش رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، ئه‌م چوارده‌ یانه‌یه‌ به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌ دابه‌شكراون، له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك 7 یانه‌ به‌شدارن، یارییه‌كان به‌ یه‌ك قۆناغ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ كۆتاییدا دوو یانه‌ بۆ پله‌ یه‌كه‌كان سه‌رده‌كه‌ون.
كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م پێكهاتوون له‌ یانه‌كانی (دینارته‌، شێخان، زانكۆی جیهان، خه‌بات، باتیڤا، پێشه‌وا و ره‌واندز)
كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م پێكهاتوون له‌ یانه‌كانی: (برادۆست، بابه‌گوڕگور، په‌یام، خه‌ڵاتی پێنجوێن، خورماڵ، كفری و به‌ختیاری).