شەوانی تاعون-ی ئۆرهان پاموک بە کوردی بڵاو دەکرێتەوە

لە نوێترین کاری وەرگێڕانیشدا وەرگێڕ و موزیسیان “سامان کەریم” نوێترین رۆمانی ئۆرهان پاموک کە ساڵی ڕابردوو بە تورکی بڵاو کراوە وەرگێڕاوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوی بکاتەوە.

وەرگێڕ سەبارەت بەم ڕۆمانە دەڵێت: “ئۆرهان پاموک ڕۆمانی “شەوانی تاعون”ی لە ماوەی پێنج ساڵدا نووسیوە. پاموک لەم ڕۆمانەدا، دیمەنێکی پانۆرامیک لەبارەی شێخی تەکیەکان، نەتەوەپەرستە یۆنانییەکان، حاجییانی ناو کەشتییەکان، یاخیبوون دژی کەرەنتین، ترسی مردن و دوایین ڕۆژانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی پیشان دەدات. سەرلەنوێ پرسیارە بنچینەییەکان لەبارەی ژیان و عەشق و مردن دەوروژێنێت.”
سامان کەریم باشی لەوەش کرد کە “ڕۆمانەکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر کاتێک نەخۆشی تاعون لە وەرزی بەهاری ساڵی ١٩٠١دا لە دوورگەی مینگەری بیستونۆیەمین ویلایەتی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بڵاو دەبێتەوە، پاشا عەبدولحەمید، سەرەتا پاشا بۆنکۆوسکی کیمیاگەر و سەرۆکی چاودێری تەندروستی، دواتر دوکتۆر نوری گەنج و بە توانا بۆ دوورگەکە دەنێرێت تا کۆتایی بە نەخۆشییەکە بهێنن. پاشا عەبدولحەمید، پێش ماوەیەکی کورت، هاوسەرگیری بە د. نوری لەگەڵ پاکیزە سوڵتانی کچی پێنجەمین مورادی برا گەورەی و پاشای پێشوودا کردووە. پاکیزە سوڵتانیش لەگەڵ د. نوری مێردیدا بۆ دوورگەکە دەچێت. سەرکردە کامیلی نەتەوەپەرستی عوسمانی، زەینەبی خۆشەویستی سەرکردە کامیل، پاشا سامی والی و ماریکای خۆشەویستی لە دوورگەکەدا دەژین. ڕۆمانی شەوانی تاعون، چیرۆکی هەم عەشق و هەمیش هەڵوێستی بەرەنگاریی ئەو مرۆڤانەیە، کە دژی نەخۆشی تاعون، نەریتی دوورگەکە و هەڕەشەی مردن دەجەنگن.”
ئۆرھان پاموک لە ٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٢ لە ئەستەنبوڵ لەدایک بووە لە ماڵباتێکی ھاوشێوەی ماڵباتەکانی ناو ڕۆمانەکانی “جەودەت بەگ و کوڕەکانی” و “کتێبی ڕەش”، لە نیشانتاشی، بەشەشاری دەوڵەمەندنشین و بە ڕۆژئاواییبووی ئەستەنبوڵ پێ گەیشتووە. وەک خۆیشی لە کتێبی ئۆتۆبیۆگرافی ئیستانبوڵدا باسی کردووە، لە منداڵییەوە تا تەمەنی ٢٢ ساڵی خووی داوەتە نیگارکێشان و پێی وا بووە لە داھاتوودا دەبێت بەنیگارکێش. بەڵام دوای ئەوە واز لە نیگارکێشان دەهێنێت و ڕوو لە رۆمانووسین دەکات. پاموک خاوەنی خەڵانی نۆبڵە بۆ ئەدەبیات ساڵی 2006 و خاوەنی ڕۆمانە بەناوبانگەکانی “من ناوم سوورە، کتێبی ڕەش، بەفر، ژنە قژ سوورەکە، جەودەت بەگ و کوڕەکانی، ماڵی بێدەنگ” و چەند ڕۆمان و کتێبی دیکەیە.
وەرگێڕ و موزیسیان “سامان کەریم” تا ئێستا بەشی زۆری بەرهەمەکانی ئۆرهان پاموکی کردووە بە کوردی و ساڵی ڕابردوو نوێترین وەرگێڕانی ئەم نووسەرەی بڵاو کردەوە کە “کتێبی ڕەش” بوو

ھەواڵی زیاتر