کارزان گلی – هەولێر
پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، لەكۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی رێككەوتنی دەریایی نێوان لیبیا و توركیا بڕیاریدا ریێككەوتنەكە رەتبكاتەوە و دەڵێن نایناسین و هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە.
پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، پڕۆژەیاسای رێككەوتنی نێوان توركیا و لیبیای لەبارەی دەسەڵاتی دەریایی نێوانیانی رەتكردەوە و دەڵێن رێككەوتنەكە مافی وڵاتی سێیەمی خواردووە كە یۆنانە، بۆیە لەگەڵ یۆنان و قوبرسدا دەكەونە ناو راوێژ و گفتوگۆدا.
خەلیفە حەفتەر، كە رۆژهەڵاتی لیبیای لەدەستدایە و جیا لەحكوومەتی شەرعی لیبیا بۆ خۆی نیوەی لیبیا بەڕێوە دەبات و هەموو كەناڵەكانی دەریاشی هەر لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، رێككەوتنی لەگەڵ توركیادا كردووە لەبارەی دەسەڵاتی دەریایی نێوانیان لە دەریای سپی ناوەڕاست.
پێشتر حەفتەر وەكوو تیرۆرست لەلایەن توركیاوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا، چەندین جار توركیا هەوڵیدا لەناوی ببات و تەواوی لیبیا بخاتەوە ژێر ركێفی حكوومەتی شەرعی تەڕابلووس، بەڵام پێی نەكرا و ناچار داوەتی توركیای كرد و بەفەرمی وەكوو سەرۆك و سەركردەیەكی باڵا لەلایەن رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا لەئەنكەرا پێشوازی لێی كرد.
پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا پێیوایە ئەم رێككەوتنەی نێوان توركیا و لیبیا، دژی ئەو یاسایانەیە كە لەنەتەوە یەكگرتوەكانەوە دەرچووە لەبارەی دەسەڵاتی دەریایی و ئەوان پێشێلی یاسایان كردووە، بۆیە دەبێت رێككەوتنەكە هەڵبوەشێتەوە.
توركیا دژی یەكێتی ئەورووپا وەستایەوە
ئەنكەرا وەڵامێكی توندی یەكێتی ئەورووپای دایەوە لەبارەی رەتكردنەوەی رێككەوتنی دەریایی نێوان لیبیا و توركیا.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا، لەراگەیێندراوێكدا ئاماژەی داوە، ئێمە رەتی دەكەینەوە كە یەكێتی ئەورووپا دژی رێككەوتنێكی دەریایی وەستاوەتەوە كەیاساییە و لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا ئیمزا كراوە و رێككەوتنی لەسەر كراوە.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڵاوی كردوەتەوە: ”یەكێتی ئەورووپا بەهیچ شێوەیەك ئەو دەسەڵات و مافەی نییە، سنوور بۆ رێككەوتن و دەسەڵاتی دەریایی دابنێت. دەریای سپی ناوەڕاست پێویستی بەئارامی و ئاشتیی و رێزگرتنی وڵاتان هەیە، نەك هەڕەشە و حیساب بۆ نەكردنی رێككەوتنەكان.“
لیبیا و توركیا لەسەر ئەوە رێككەوتوون لەدەریای سپی ناوەڕاست گازی سروشتی و هایدرۆكاربۆن بەرهەم بهێنن، بەڵام یۆنان و ئیسرائیل ئەمە بەمەترسی دەزانن و دەڵێن لەدەریای سپی ناوەڕاست توركیا هیچ مافێكی نییە، بۆیە یەكێتی ئەورووپا لەبەیاننامەكەیدا دژی توركیا داوای لێدەكات بەهیچ شێوەیەك لەو دەریایەدا بەدوای گازی سروشتیدا نەگەڕێ.
ئەوەی مایەی مەترسییە بۆ توركیا، پێشنیار كراوە لەناو پەرلەمانی ئەوروویادا، ئەگەر توركیا داكۆكی بكات لەو رێككەوتنە و گوێ بەهۆشداری یەكێتی ئەورووپا نەدات، پێویستە سزا بەسەر توركیادا بسەپێندرێت، ئەگەر ئەو سزایەش بچێتە واری جێبەجێكردنەوە، رەوشی ئابووریی توركیا زۆر لەئێستا خراپتر دەبێت.
خەلیفە حەفتەر، لە ٢٤ی ١١ی ٢٠٢٦دا، دوای رووخانی مەعەمەر قەزافی، یەكەم سەردانی فەرمییەتی بۆ توركیا، بۆیە ئەمە بەو مانایە دێت ئیدی حەفتەر شەرعییەتی لەلای توركیا وەرگرتووە و ئەو رێككەوتنە گەورەیەشیان ئیمزا كرد.
جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بۆ توركیا و لیبیا ئەستەم دەبێت، چونكە یۆنان و قوبرس هەڕەشە دەكەن و دەڵێن ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، رەنگە شەڕ لەنێوانیاندا روو بدات و دوور نییە یۆنان هێرش بكاتە سەر قوبرسی توركیا، هەربۆیە توركیا هێزێكی زۆر و چەكی قورسی لەقوبرس جێگیر كردووە بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
