جەماوەری خۆڕاگر، بەئەمەک و تێکۆشەری پارێزگای هەولێر، سەرجەم چین و توێژەکان، پێکهاتە و ئازادیخوازانی پایتەخت…
بە ناوی خۆمان و پارێزگای هەولێرەوە، پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینی بێپایان ئاراستەی گەورە و بچووک، فەرمانبەران، مامۆستایان، قوتابیان، کرێکاران، پیشەوەران، کاسبکاران، گەنجان و لاوان، ئافرەتانی هەولێر و دەوربەری و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین.
کە ئەمڕۆ بە جۆش و خرۆشێکی کوردستانیانە و هەستێکی بەرزی نیشتمانپەروەرانەوە، بەشدارییەکی فراوان، شارستانی و کاراتان لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی پارێزگای هەولێر کرد، تاوەکو پەیامێکی ڕوون، ئاشتیخوازانە و یەکگرتوو بگەیەننە هەموو جیهان.
سوپاس بۆ یەکڕیزی، یەکدەنگی و هەڵوێستی مەردانەتان، ئامادەبوونی فراوانی جەماوەریتان سەلماندی کە خەڵکی هەولێر و دەوروبەری هەمیشە قەڵغانێکی پۆڵایینن بۆ پاراستنی خاک و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە ڕەواکان و سەروەریی نیشتمان ناکەن.
هەروەها سوپاس و دەستخۆشیی تایبەتمان هەیە بۆ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان، پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ و بەرگری شارستانی، تیمەکانی تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان و هەموو ئەوانەی لەئەرک دابوون کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکی پاراستنی ئاسایش و ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکەیان بەجێگەیاند.
هاوکات سوپاس و پێزانین بۆ سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، دەزگا میدیاییە ناوخۆیی و بیانییەکان و ڕۆژنامەنووسان، کە پیشەییانە و دڵسۆزانە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکەیان کرد و دەنگ و ڕەنگی ئاشتیخوازانەی جەماوەریان گەیاندە جیهان.
هەر سەربەرز و سەرکەوتوو بن، هەمیشە ئاوەدان و ئارام بێت هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان.
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
26ـی 11ـی 2026
