گوڵاڵە ساڵح
لە زۆر کۆمەڵگادا، مرۆڤەکان زۆر بە ئاسانی سنوورەکانی ڕێز و تایبەتمەندی دەبەزێنن و خۆیان دەکەنە دادوەر بەسەر ژیانی کەسانی ترەوە. بە ناوی دڵسۆزی یان پرسیاری سادەوە، وشەگەلێک دەردەبڕن کە وەک خەنجەر لە دڵ و دەروونی بەرامبەر دەدەن. ئەو کچەی هاوسەرگیریی نەکردووە، زۆرجار بە بێباکی پێی دەگوترێت «قەیرە»، ئەو خێزانەش کە منداڵی نابێت، بێ هیچ هەستکردنێک بە بەرپرسیارێتی، بە «وەجاخ کوێر» ناوزەد دەکرێن. لە پاڵ ئەوانەشدا، دەیان دەستەواژەی تر هەن بۆ پرسیارکردن لە هۆکاری نەبوونی منداڵ، دواکەوتنی هاوسەرگیری، یان شێوازی ژیان و هەڵبژاردنی کەسەکان.
ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە تەنها قسەی سەرپێیی نین، بەڵکو نیشانەی کەمیی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بێئاگاییە لە قورسایی وشەکان. ئەو کەسانەی ئەو دەستەواژانە بەکاردەهێنن، بیر لەوە ناکەنەوە کە لە پشت هەر بێدەنگییەک یان دواکەوتنێکەوە، چیرۆکێک، خەمێک، یان هۆکارێکی تایبەت هەیە کە کەس ناچار نییە بۆ هەموو کەسێکی باس بکات. بریندارکردنی هەستی مرۆڤەکان لەژێر پەردەی قسەی سادە و گاڵتەدا، کاریگەرییەکی قووڵ و درێژخایەن لەسەر ئارامیی دەروونیی تاک جێدەهێڵێت.
ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی ژیانی ئەوانی تر، بەشێکی سەرەکیی مرۆڤبوون و پێگەیشتوویی کۆمەڵایەتییە. هەندێک پرسیار و دەستەواژە هەن کە نەبوونیان زۆر لە بوونیان باشترە، چونکە وشەکان دەتوانن ئاوەدانکەرەوە بن یان وێرانکەر. پێویستە فێر بین پێش ئەوەی قسەیەک بکەین، لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەم قسەیە ئازار دەبەخشێت یان ئارامی؟ بە کەمکردنەوەی ئەو دەستوەردانە بێمانایانە، دەتوانین ژینگەیەکی تەندروستتر و مرۆڤانەتر بۆ هەموومان دروست بکەین.
