رۆژنامەی ھەولێر

ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “سیاسەتی چیرۆک”ی ئەلیف شەفەق

ئارام کۆشکی – هە‌ولێر

 

ئەلیف شەفەق؛ یەکێک لە دڵخوازترین نووسەرەکانمە و زۆرێک لە بەرهەمەکانیم خوێندووەتەوە، بۆیە جگە لە ڕۆمانەکانی هەر وتار و چاوپێکەوتنێکیشی هەبێت دەیخوێنمەوە، ئەم ماوەیەی پێشوو کتێبی “سیاسەتی چیرۆک”م خوێندەوە، کە کۆمەڵێک وتار و چاوپێکەوتنە و “محەمەد سەعید” کردوویەتی بە کوردی ناوەندی ڕەهەند بە چاپێکی قەشەنگ بەچاپی گەیاندووە. لێرەدا دەمەوێت چەند وێستگەیەکی ئەم کتێبە بەسەر بکەمەوە، کە دوای خوێندنەوەی نەمتوانی هەڵوەستەیان لەبارەوە نەکەم.

چیرۆک چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئەلیف شەفەق لە یەکەم وتاری ئەم کتێبەدا بەناوی “سیاسەتی چیرۆک”دا باسی دەکات. ئەو لە جێگەیەکدا دەڵێت “چیرۆکەکان ناتوانن سنوورەکانمان تیکبدەن، بەڵام دەتوانن کون بکەنە ئەو دیوارەی کە چواردەوری عەقڵیەت و مێنتێڵێتیان داوین.” ئەمە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی ئەم وتارە، لێرەدا شەفەق هەم باس لە هێشتنەوەی تایبەتمەندی گەل و نەتەوەکان دەکات وەکو خۆیان. هەم باس لەوە دەکات کە چیرۆکەکان دەتوانن گۆڕانکاریی لە بونیادی بیرکردنەوەماندا بکەن. هەر چیرۆکێک ئەمەی نەکرد چیرۆکێکی سەرکەوتوو نییە، چونکە چیرۆکە ڕاستەقینەکان مرۆڤ بەرەو جیهانی فراوانتر ڕێنوێنی دەکەن و ڕۆڵیان لە فروانکردنی دیدگای خوێنەراندا هەیە.
لەبەشێکی تری ئەو وتارەدا شتێکی گرنگتر دەخاتەڕوو و دەنووسێت “لە کۆتاییدا چیرۆکەکان وەکو دەروێشی گەڕۆک دەجوڵێن بازنە لەدوای بازنە بە دەوری یەکتردا دەیکێشن بۆ بەستنەوەی هەموو مرۆڤایەتی بەیەکەوە بەبێ ڕەچاوکردنی شوناسی سیاسی و ئەمە هەوڵێکی زۆر خۆشە.” چیرۆکەکان، یان ئەدەبیات بەگشتی گەورەتر لە نەتەوە و سیاسەت و ئایدۆلۆژیا دەڕوانێت، ئەدەبیات تەنها موڵکی یەک نەتەوە، یان چەند نەتەوە و زمانێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو موڵکی هەموو مرۆڤایەتییە و هەموان دەتوانن شانازی بە میرات و کەلەپوری ئەدەبیاتی هەموو دونیاوە بکەن.
ئەلیف شەفەق، لەو نووسەرە تورکانەیە، کە خاوەنی ئەدەبیاتێکی زۆر هیومانیستیانەیە و ئەو بەهەستێکی مرۆیی بەرزەوە دەنووسێت، هەر بۆیە کاتێک ڕۆمانی “زۆڵەکەی ئیستانبوڵ” بڵاو دەکاتەوە تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە، چونکە لەو رۆمانەدا باسی لە قەتڵوقامکردنی ئەرمەنەکان کردووە و لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی ئەم کتێبەدا ئاماژەی پێ دەکات.
لە یەکێکی تر لە چاوپێکەونەکاندا ئاماژە بۆ خوێنەرانی ڕۆمان لە تورکیا کراوە، کە زۆربەی خوێنەرانی رۆمان ئافرەتن و بەپێچەوانەوە زۆربەی نووسەران پیاون. ئەلیف ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەیەوێت ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت و نایەوێت هەر پیاوان بنووسن، بەڵکو دەشێ ئافرەتانیش لە بواری گێڕانەوەدا ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت.
سەبارەت بە پێگەی نووسین گەلێک قسەی سەرنجڕاکێش دەکات بەڵام ئەوەی بەلای منەوە زۆر سەرنجڕاکێش بوو ئەو ڕستەیە بوو کە دەڵێت “نووسین تیمارم دەکات.” هەر پەیوەند بەم بابەتەوە لە جێگەیەکی دیکەدا دەڵێت “کتێبەکان منیان لە منداڵێکی گۆشەگیریی شەرمنەوە ڕزگار کرد، بەڵام لە هەمانکاتدا هەمیشە ئاگاداری بەتکردنی کتێبەکان بووم.”
خوێندنەوە و نووسین دوای دانەبڕاوی ژیانی مرۆڤی داهێنەرە، بۆیە داهێنەران بەوپەڕەی جورئەتەوە بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئەم دوانەوە دەردەبڕن. ئەلیف بە ڕاشکاوانە لەم چاوپێکەوتنانەدا ئاماژە هەم بۆ کاریگەریی نووسین و هەم بۆ کاریگەریی خوێندنەوە دەکات، بەڵام ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە کتێبەکان وەک بت سەیر ناکات و نایان پەرستێت، ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە کتێبەکان دەڕوانێت.
سەبارەت بە نووسین و جێندەریش شەفەق دەڵێت “من ڕۆمانووسم و بڕوام بەو قسەیەی فێرجینیا وۆڵف هەیە کە دەڵێت با قەڵەمەکانمان بێ ڕەگەز بێت.” ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات ئەو خۆی وەکو فیمینیستێک، یان چالاکوانێکی بواری ژنان نابینێت، ئەو ڕۆمانووسە و دەڵێت “ئارەزووی ئەوە دەکەم کە پیاو و ژن بم لە یەککاتدا.” ئەم بۆچوونانەی شەفەق بەتەواوی دژی ئەو جیاکارییە ڕەگەزییەیە کە هەندێک نووسەر و توێژەر دەیکەن. نووسین بەرهەمی هەموو مرۆڤایەتییە و نووسەرە داهێنەرەکان بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەنووسن نەک بۆ ڕەگەزێکی دیاریکراو.
ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها چەند وێستگەرەکی بچووکی ئەم کتێبەیە، کتێبەکە گەشتێکە بۆ هەم ناسینی نووسەر و هەم بۆ ناسین و ئاشنابوون بە نهێنی نووسینی پشت بەشێک لە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە. دەستخۆشی بۆ “محەمەد سەعید”ی وەرگێڕ، کە لەڕێی ئەم کتێبەوە بە زۆر لایەنی شەفەقی ئاشنا کردین.