رۆژنامەی ھەولێر

پوختەی ڕاپۆرتی ئاماری شێرپەنجە لە ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٦

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

 

ساڵانە کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی (ACS) خەمڵاندن بۆ ژمارەی تووشبووان و مردووانی نوێ بە شێرپەنجە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات. بەپێی نوێترین داتاکانی تۆماری ناوەندیی شێرپەنجە (تا ساڵی ٢٠٢٢) و ناوەندی نیشتمانی بۆ ئاماری تەندروستی (تا ساڵی ٢٠٢٣)، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٦دا نزیکەی ٢ملیۆن و ١١٤هەزار و ٨٥٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون (واتە نزیکەی ٥،٨٠٠ حاڵەت لە ڕۆژێکدا) و ٦٢٦،١٤٠ حاڵەتی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە تۆمار بکرێن. سەرەڕای ئەمە، نزیکەی ١٢٢،٦٨٠ حاڵەتی سەرەتایی شێرپەنجەی پێست (میلانۆما) و ٦٠،٧٣٠ حاڵەتی سەرەتایی شێرپەنجەی مەمک لە ژناندا پێشبینی دەکرێت.

داتاکانی ڕزگاری و کەمبوونەوەی مردن بە شێرپەنجە
شێرپەنجە دووەم هۆکاری سەرەکیی مردنە لە ئەمریکا و یەکەم هۆکارە لەنێو کەسانی خوار تەمەن ٨٥ ساڵاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێژەی مردن بە شێرپەنجە تا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام بووە لە دابەزین و لە ساڵی ١٩٩١ـەوە ڕێگری لە مردنی ٤.٨ ملیۆن کەس کراوە. ئەم دەستکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی جگەرەکێشان، پشکنینی پێشوەختە و پێشکەوتنی چارەسەرە پزیشکییەکان.
ئەم پێشکەوتنە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕزگاربوونی پێنج ساڵەدا ڕەنگی داوەتەوە؛ بۆ ئەو نەخۆشانەی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢١ دەستنیشان کراون، ڕێژەی ڕزگاربوونی گشتی گەیشتووەتە ٧٠٪ (بەراورد بە ٦٣٪ لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا). هەروەها ڕێژەی ڕزگاربوون لە قۆناغە پێشکەوتووەکانیشدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە:
شێرپەنجەی مۆخی ئێسک (Myeloma)؛ لە ٣٢٪ـەوە بۆ ٦٢٪ بەرز بووەتەوە.
شێرپەنجەی جگەر: لە ٧٪ـەوە بۆ ٢٢٪ بەرز بووەتەوە.
شێرپەنجەی سیپەلاک (قۆناغی بڵاوبووەوە): لە ٢٪ـەوە بۆ ١٠٪ زیادی کردووە.
ئامارەکانی تەمەن و جۆرەکانی شێرپەنجە
ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ماوەی ژیاندا یەک لە سێیە بۆ هەردوو ڕەگەز (٣٩.٢٪ بۆ پیاوان و ٣٨.٧٪ بۆ ژنان). هەرچەندە ٦٠٪ـی حاڵەتەکان لە تەمەنی ٦٥ ساڵ و سەرووتر دەستنیشان دەکرێن، بەڵام ڕێژەی تووشبوون لە گەنجاندا ڕوو لە زیادبوونە (٢٨٪ لە تەمەنی ٥٠-٦٤ ساڵ و ١٢٪ لە خوار ٥٠ ساڵ). ئەم دابەشبوونە بەپێی جۆری شێرپەنجە دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە، تەنها ١٪ـی شێرپەنجەی پرۆستات لە خوار تەمەنی ٥٠ ساڵییەوەیە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە شێرپەنجەی ملی منداڵداندا دەگاتە ٤٧٪.
سەرەڕای پێشکەوتنەکان، شێرپەنجەی سیپەلاک هێشتا کوشندەترین جۆرە و لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەبێتە هۆی مردنی زیاتر لە شێرپەنجەی قۆڵۆن و پەنکریاس پێکەوە.
میتۆدی لێکۆڵینەوە و ئالنگارییەکان
ئەم ئامارانە پشتیان بە داتاکانی پەیمانگای نیشتمانیی شێرپەنجە (SEER) و کۆمەڵەی ئەمریکای باکوور بۆ تۆمارە ناوەندییەکانی شێرپەنجە (NAACCR) بەستووە کە نزیکەی ١٠٠٪ـی دانیشتووان دەگرنەوە و، بە مۆدێلی ئاماریی ورد پێشبینییەکان کراون (بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی دواکەوتنی پشکنین لە کاتی پەتای کۆرۆنادا).
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە سەرەڕای ئەوەی وەبەرهێنانی زانستی ژیانی ملیۆنان کەسی ڕزگار کردووە، بەڵام بەردەوامیی ئەم پێشکەوتنە لە مەترسیدایە؛ ئەمەش بەهۆی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و نەژادی لە دەستگەیشتن بە پشکنین، هەروەها پێشنیازەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ کەمکردنەوەی بودجەی توێژینەوەکانی شێرپەنجە و بیمەی تەندروستی.