جووتیار کەلاری
بەنداوی دەربەندیخان، کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستانەوە، یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی ئاودێری و کارەبا. هەرچەندە بەنداوەکە لە ساڵی ١٩٦١ بە فەرمی لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە کرایەوە، بەڵام بیرۆکە و مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی لەسەر دەستی “دەستەی بونیادنانەوە”.
قۆناغەکانی دروستکردنی بەنداوەکە بەم شێوەیە بووە:
١٩٤٦: دەستکرا بە کارکردن و ئەنجامدانی چەندین لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی گونجاوترین شوێن بۆ بەنداوەکە.
١٩٥٣: کۆتایی بە قۆناغی لێکۆڵینەوەکان هات.
١٩٥٤: دەستکرا بە دیزاینکردنی پرۆژەکە.
١٩٥٥: گرێبەستی جێبەجێکردن واژۆ کرا. کۆمپانیای هارزا (Harza)ی ئەمریکی وەک دیزاینەر و ڕاوێژکار دیاریکرا. هەروەها چەندین کۆمپانیای فەرەنسی و ڕۆمانی بەشدارییان لە جێبەجێکردنی بەشە جیاوازەکانی بەنداوەکەدا کرد.
بەنداوی دەربەندیخان لە جۆری بەنداوی (گڵ بەردینە)، کە کرۆکەکەی لە قوڕ پێکهاتووە و شانەکانی بە بەرد پڕکراونەتەوە. تایبەتمەندییە ئەندازەییەکانی بریتین لە:
بەرزی: ١٢٨ مەتر.
درێژی: ٥٣٥ مەتر.
پانی لە بنەوە: ٥٠٠ مەتر.
پانی لە سەرەوە: ١٧ مەتر.
توانای گلدانەوەی ئاو: لە سەرەتادا توانای گلدانەوەی (٣ ملیار m^3) ئاوی هەبووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و بەهۆی تەمەنی بەنداوەکەوە (پاش شەش دەیە)، تواناکەی دابەزیوە بۆ (٢.٥٧ ملیار m^3). بەرزترین ئاستی کارپێکردنیشی لە ڕووی دەریاوە ٤٨٥ مەترە.
بەرهەمهێنانی کارەبا: بەنداوەکە سێ یەکەی کارۆئاوی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە، کە توانای هەر یەکەیان دەگاتە (٨٣ مێگاوات / سەعات) لە بەرزترین ئاستی ئاوی بەنداوەکەدا.
دەرچەی ئاودێری: سێ دەرچەی هەیە کە بۆ بەردانەوەی ئاو بۆ خوارووی بەنداوەکە لە کاتی پێویستدا بەکاردێن، هەر یەکەیان توانای تێپەڕاندنی (١٧٥ m^3) ئاوی هەیە لە چرکەیەکدا.
