رۆژنامەی ھەولێر

هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەست پێدەکات

بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی گرنگ دەربارەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر بکرێت، دوای ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەکە بۆ سفر دابەزی بەهۆی هێرشە درۆنییەکانیەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی گرنگ لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای دانەگازدا بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی تاوتوێکردنی رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر پەیوەستە بە وەرگرتنی رەزامەندیی ئەمنی بۆ کۆمپانیای دانەگاز تا بتوانێت کارەکانی دەست پێ بکاتەوە.
8ی تشرینی دووەمی 2026، لە رێگەی درۆنەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری شارەدێی قادرکەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی.
بەهۆی هێرشەکەوە کە بەشی بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی گازی شلی کردە ئامانج، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەرهەمهێنانی گاز بە یەکجاری راگیرا، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێ بکەوێتەوە. ئەو وەستانە بووە هۆی کەمبوونەوەی دوو هەزار و 500 بۆ دوو هەزار و 800 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان و دابەزینی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە پێنج بۆ شەش کاتژمێر لە رۆژێکدا.