ڕائیب جادر – هەولێر
ململانێی نێوان ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دووڕیانێکی ھەستیاری خستۆتە بەردەم لایەنەکان کێشەکان لەناوخۆدا یەکلادەکرێنەوە، یان چارەنووسیان دەسپێردرێت بە دادگە، ئەم پرسە گۆڕەپانی یاسایی و سیاسی ھەرێمی کوردستانی دابەشکردووە، ھەندێک لە ھێزەکان پەنابردن بۆ دادگەی باڵای فیدڕالی بە بژاردەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان دادەنێن، لە کاتێکدا بەشێکی فراوانی لایەنەکان ھۆشداری دەدەن لەوەی ڕاکێشانی ململانێی ناوخۆییەکان بۆ دەرەوە سەروەری و پێگەی دەستووری قەوارەکە دەخاتە مەترسییەوە.
زۆرینەی چاودێران و شارەزایانی سیاسی، لەسەر ئەوە کۆکن کلیلی کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکە تەنیا لەناو ھەرێمی کوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆی نیشتمانییە، چونکە پشتگوێخستنی دامەزراوە شەرعییەکانی ناوخۆ سپاردنی بریار بە دەسەڵاتی دادوەری فیدڕال قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە و کێشەکان بە نادیاری دەھێڵێتەوە.
لە ھەولێر کۆبوونەوەی باڵای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ھێورکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان کرا، کە یەکەمین دیداری فەرمیی ھەردوو لایەن بوو لە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە وەک یەکەمین دیداری فەرمیی نێوان ھەردوو لایەن لە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم مانگەدا دێت و وەک دەستپێکێک بۆ ھێورکردنەوەی گرژییەکان سەیر دەکرێت، کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرا، بەتایبەت دوای پێشھاتەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان.
ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان بە ئامادەبوونی ٥٢ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، پێکھاتەکان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی ھەڵبژارد، کە تێیدا ڤالا فەرید بە سەرۆک، ڕامین نووری عەودی بە جێگر و مونا نەبی قەھوەچی بە سکرتێری پەرلەمان ھەڵبژێردران.
ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە یەکێتی و پارتی کرد کۆببنەوە و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکە بھێنن، ھاوکات داوای پێکھێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی بنکەفراوانی کرد.
ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا پشتیوانیی بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە و داوای لە تیمی وەزیرانی یەکێتی کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، کە تێیدا پارتی ٣٩ کورسی و یەکێتی ٢٣ کورسییان بەدەست ھێنا.
ھەوڵەکان بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسییدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە، وەکو ھەنگاوێکی مەحال دەبینرێت، چاودێران دەڵێن، ھەر ھەوڵێک بۆ دابڕانی سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان تەنیا خەیاڵە و لەگەڵ واقع ناگونجێت، پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ئەرکێکی نەگۆڕە و چارەنووسی ھەموو ناوچەکان بە یەکەوە بەستراوەتەوە.
ھۆگر بژار، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەر کێشەیەک لە نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەبێت دەبێت بە گفتوگۆ و لە ڕێگەی پەرلەمانەوە چارە بکرێت، نەک پەنا بۆ دەرەوە ببرێت و کێشەکە ئالۆزتر بکەن، لە ھەمان کاتدا سەنگ و قورسای کورد لاواز دەکات، چونکە ھەندێک لایەنی عێراقی و وڵاتانی ناوچەکە ئامانجیان ئەوەیە ھەرێمی کوردستان نەمێنێت، یان لاواز بکەن.
بردنی کێشە ناوخۆیەکان بۆ بەغدا کە ئێستا بەغدا خۆی دەیان کێشەی ھەیە، ئامانجەکە لێی فشار خستنەسەر لایەنێکە بۆ دەستکەوتی زیاتر، بەڵام بە گرنگ دەزانرێت لایەنەکان ئەوەندە ھۆشیاری سیاسییان ھەبێت، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە بەدابەشبوونی ھەرێمی کوردستان نادات. ھۆشەنگ عەبدوڵڵا، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھەندێک لایەن کە دەستیان داوەتێ ئەو ھەوڵانەیان ھیچی لێ سەوز نابێت، ئەوەی لە کوردستان و ئێستا لە بەغدا ھەوڵی بۆ دەدەن ئەگەر لە کوردستان بێت بە کەمترین ماندووبوون بە دەستی دەھێنن، چونکە لایەنی بەرامبەر لایەنێکی کوردییە و کێشە و گرفتەکانیش لە کوردستانن، نەک لە دەرەوەی کوردستان.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: پەرلەمانی کوردستان وەکو بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان شوێنێکە بۆ گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکان، بۆیە لە کۆتاییدا ھەموو کێشەکان ھەر دەبێت لە پەرلەمانەوە چارە بکرێن.
یەکخستنی ناوخۆیی و یەکڕیزی ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد کلیلی سەرەکییە بۆ بەھێز بوون و مانەوە لە گۆڕەپانی خزمەتکردندا، لە ھەمان کاتدا ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد دەبێتە ھەوێنی بەدەستھێنانی ھێزی زیاتر لە گۆڕەپانەکە.
ئەبو توراب تەمیمی، سیاسەتمەداری عێراقی، ڕوونیکردەوە، گەلی کورد لە پێناو ناسنامە و نەتەوەی خۆیدا جەنگاوە، بەرگریی کردووە و بەرگەی ستەمی ڕژێمی سەدام حوسێنی گرتووە، دوای ڕووخانی ڕژێم، برا کوردەکانمان لە سەرجەم پارێزگاکان ماف و شایستەکانی خۆیان بەدەست ھێناوە، بە شێوەیەک کە لە دۆخی ئێستای پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست باشترە.
ئەبو توراب تەمیمی، زیاتر گوتی: ئەو بابەتە سەرەکییەی دەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە، بەو پێیەی ئەمڕۆ پارێزگای سلێمانی دەیەوێت لە ھەرێم جیا ببێتەوە، ئەم کارە نە خزمەت بە عێراق دەکات و نە خزمەت بە برا کوردەکانمان دەکات، ئەو دەستکەوتانەی کورد بەدەستی ھێناون، لە سایەی یەکڕیزی، تەبایی و ھەڵبژاردنی کەسانی شیاو بووە، ھەروەھا ئەم دەستکەوتە گەورەیەی بۆ یەکڕیزیی سەرۆک بارزانی و مام جەلال گەڕاندەوە.
تەمیمی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: ھیوادارین پارێزگاکانی ھەرێم یەکگرتوو بن، ھەروەک بۆمان گرنگە وەک عێراقی ڕۆڵی خۆیان ھەبێت، خزمەتی وڵات بکەن و تەبا بن، ڕەنگە ھەندێک کەس بیانەوێت پەرتەوازەتان بکەن و دابەشتان بکەن، وا بزانن ئەمە بۆ ئەوان خاڵی بەھێز و بۆ ئێوە لاوازییە، بەڵام پێم وایە بە یەکڕیزیی ئێوە عێراق بەھێز دەبێت و خۆشتان بەھێز دەبن، لەگەڵ پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و پاراستنی عێراقێکی یەکگرتوو و یەکپارچە.
ئەبو توراب تەمیمی، ھیوای خواست بە حیکمەتی کەسانی ژیر ئەم ناکۆکییانە کۆتاییان پێ بێت و گوتی، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی توانای کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکەی ھەیە، ھەروەھا لەناو سەرجەم سەرکردایەتییە کوردییەکاندا، چ لە پارتی و چ لە یەکێتی، ھێشتا کەسانی دانا و ژیر ھەن و ئەم قەیرانە چارەسەر دەبێت.
عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، لە پەیامێکدا بۆ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە قۆناغێکی ھەستیار و پڕ لە ئاستەنگدا بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتیکردنی حکوومەتی لە ئەستۆ گرتووە و ئەو ھەوڵانەی لە بواری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، چاکسازیی کارگێڕی و پاراستنی سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان داویەتی، جێگەی گرنگیدان و ھەڵسەنگاندنی سیاسیی پارتەکەیانن.
بازرگان، ھەڵوێستی فەرمیی پارتەکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، پارتی چاکسازیی تورکمان پێی وایە خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری لە سەرکردایەتیدا دەبێت لە ڕێگەی پابەندبوون بە دەستوور، پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی کۆمەڵگە و دابینکردنی مافە ڕەواکانی ھەموو پێکھاتەکانەوە ڕەنگ بداتەوە.
جەختیشی کردەوە، جیاوازییە سیاسییەکان دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ، لێکتێگەیشتن و ڕێکارە دەستووری و یاساییەکانەوە چارەسەر بکرێن، نەک بە شێوازێک ببێتە ھۆی لاوازکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان یان پەکخستنی پڕۆسەی حوکمڕانی.
سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا گوتی: ئێمە لە پارتی چاکسازیی تورکمان بە پێویستی دەزانین ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانیان لە پێش ھەژموون و بەرژەوەندییە حزبییەکان دابنێن، چونکە پاراستنی ئارامی، ئاسایش و پێکەوەژیانی گەلی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی ھاوبەشە.
