رۆژنامەی ھەولێر

“پاڵتۆ”ـی نیگۆلای گۆگۆڵ وەک دەقێکی ئایندەگەرانە

ئارام کۆشکی

 

هەندێکجار دەقێک بۆ ساڵانێکی زۆر هەمیشە دەدرەوشێتەوە و زۆرجاریش نهێنی ئەو درەوشانەوە و هێزی بەردەوامییەی بەنادیاری دەمێنێتەوە، یان هێزی مانەوەکەی بڕوانەکردەنییە چەشنی دەقی پاڵتۆی نیکۆلای گۆگۆڵی نووسەری ڕووسی. هەندێک دەقی دیکەش هەن بەهۆی هۆکارێکەوە بۆ هەمیشەیی دەدرەوشێتەوە. نموونەی ئەم جۆرە دەقەش “سەد ساڵ تەنیایی” گابریل گاریسا مارکیز، کە لەو دەقانەیە کە هۆکاری درەوشانەوەکەی دیارە، ئەویش بەهۆی ئەوەوەیە کە مێژووی بڕواپێنەکراوی ئەمریکای لاتین لە ماوەی سەد ساڵدا دەنووسێتەوە، مێژوویەک کە زیاتر لە خەیاڵ دەچێت تا واقیع، ئەمە بێجگە لەوەی لە کۆتا پەرەگرافی ڕۆمانەکەدا هاتووە، کە هەر گەلێک لە ماوەی سەد ساڵدا توانای گۆڕانکاریی نەبێت، بۆ هەمیشەیی لە قاوغی خۆیدا دەمێنێتەوە.

دەقەکان سەرزەمینی ململانێن، ئێمەش خوێنەریش چێژ لەو ململانێیە وەردەگرین. پاڵتۆ؛ ئەگەرچی دەقێکی کورتە، بەڵام فراوان واتایەیە، کە بووە بناغەیەکی نوێ بۆ ئەدەبی هاوچەرخی ڕووسی. ناوبانگ و کاریگەریی دەقەکە گەیشتووەتە شوێنێک، کە نووسەرانی وەکو فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و ئیڤان تۆرگینێڤ بە سەرسامی لێیان ڕوانیوە و وتوویانە “هەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە هاتووینەتە دەرەوە.”
خاڵێکی گرنگ کە چەشنی ڕێسایەکی نەنووسراوە وەهایە ئەویش ئەوەیە کە دەقە درەوشاوەکان، یان دروستترە بڵێین دەقە نەمرەکان، ئەو دەقانەن، کە کراوەن، بەو مانایەی وەڵامی هەموو پرسیارێک نادەنەوە و هاوکاتیش جۆرێک لە ناوازەییان تێدایە، کە ئەمە بووەتە تایبەتمەندی خۆیان. هاوکات لەسەروو توانای نووسەری ئاساییەوەن، ئەمە بێجگە لەوەی ئایندەگەریانەن و توانای کەشفکردنی ئەو دیاردانەیان هەیە کە لە ئایندەدا ڕوو دەدەن، یان تەشەنە دەسەنن.

یەکەمجار لەڕێی دراماوە بە دەقی “پاڵتۆ” ئاشنابووم، درامایەکی ڕەش و سپی، کە مامۆستا ئەحمەد سالار ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینی. دواتر چەندجارێک تێکستەکەم خوێندەوە. تێکستێک کە هەر خوێنەرێک یەکجار بیخوێنێتەوە بۆ هەمیشەیی لە هزرییدا دەمێنێتەوە، بەڵام پەرجوویەک لەو تێکستەدایە کە ناوە ناوە بۆلای خۆی ڕامدەکێشێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیخوێنمەوە. واتە لەڕیزی ئەو دەقانەیە جێگەیەک لە ژیانتدا داگیر دەکەن. خاڵێکی درەوشاوەی ئەم دەقە ئەوەیە، کە بۆ هەموو خوێنەرێکە و هەموان بەپێی تێگەیشتنی خۆیان لەم چیرۆکە ناوازەیە بەهرەمەند دەبن… هەربۆیە لەنێو خوێنەرانی هەموو جیهاندا بڵاوبووتەوە و دەنگدانەوەی بە هەموولایەکدا هەیە.
پاڵتۆ؛ چیرۆکی سەختی ژیان، ئەستەمییەکانی بەردەم فەرمانبەرێکە، کە بە مووچەیەکی کەم تەنها توانای دابینکردنی خواردنی ڕۆژانەی خۆی هەیە. مرۆڤێک چەشنی گریگۆری کافکا بەرەو مەسخبوون دەچێت و وەکو بوونەوەرێکی لێ هاتووە، کە لە خەون و خولیاکانی داماڵراوە، بەهۆی نەبوونییەوە توانای گۆڕینی پاڵتۆ کۆنەکە و کڕینی پاڵتۆییەکی نوێی نییە، دوای بیرکردنەوە و بەرنامە بۆ دانانێکی زۆر ئەوسا پاڵۆیەک دەکڕێت، ئەویش دوای چەشتنی زەجرێکی زۆر، کە خوێنەر بەتەواوی دەبێتە هاوسۆزی “ئەکاکی ئەکایڤیچ” بۆ ئەوەی پاڵتۆکە بەدەست بهێنێت.
بەدەستهێنانی پاڵتۆکە، دەشێ ڕەمزێک بێت بۆ بچووککردنەوەی مرۆڤ لە سەردەمێکدا کاتێک لە خەون دادەماڵرێت، کاتێک هیچ هیوایەکی نامێنێت بۆ ئەوەی ئاییندەیەکی جیاواز بخولقێنێت بۆیە خەونەکەی دەبێتە دابینکردنی شتە ماددیەکان کە لای ئەکاکی پاڵتۆیە. مرۆڤەکان لەنێو سیستمی سەرمایەداری و نیولیبراڵیزم و سیستمەکانی دیکەی هاوشێوەدا لە مرۆڤبوون دەخرێت، ئەمە لەڕێی داگیرکردنی خەونەکانییەوە. مرۆڤ کە خەون و خولیای نەما، کە ئەگەری ئەوەی لە دڵدا نەما ژیانی بگۆڕێت، ئیدی چەشنی گریگۆر سامسای پاڵەوانەکەی ڕۆمانی مەسخ-ی کافکا بەرەو مەسخبوون دەچێت و ماڵئاوایی لە مرۆڤبوون دەکات و دەبێتە ئامێرێک کە تەنها فەرمان جێبەجێ بکات.

خاڵی درەوشاوەی دەقی “پاڵتۆ” ئەوەیە کە نزیکەی دوو سەدە لەمەوبەر درکی بەو بێبەهابوونەی مرۆڤ کردووە، کە ئەمڕۆ لە سەردەمی نوێ و جیهانگیرییدا پەیڕەو دەکرێت. سەردەمێک لە هەمووکات زیاتر مرۆڤبوون لە مەترسیدایە. لێرەوە دەتوانین بڵێین دەقە نەمر و درەوشاوەکان دەقگەلی پێشبینیکارانەن (بێگومان نووسەر فاڵگرەوە نییە)، بەڵکو نووسەران خاوەنی هێزی ئایندەبینین. نووسەران دەتوانن ئایندە بخوێننەوە، یان کاتێک سەرەتای دیاردەیەک لەنێو کۆمەڵگەدا، یان سیستمی سیاسیدا دەردەکەوێت، ئەوان دەتوانن مەترسییەکانی تەشەنەکردنی ئەو دیاردەیە لە ئایندەدا بخوێننەوە. هەر بۆیە پاڵتۆ دەقێک نییە بۆ سەردەمێکی دیاریکراو، بەڵکو دەقێکە بۆ هەموو سەردەمێک، کە ئەمەش سیمای دەقە نەمرەکانە.

لێرەدا نامەوێت وردەکاریی چیرۆکەکە بۆ خوێنەر بگێڕمەوە، دەمەوێت بە سەرنجدان لە دەقی “پاڵتۆ”ی نیگۆلای گۆگۆڵ؛ وەک دەقێکی ئایندەگەرانە سەرنج لە دەقەکانی دیکەش بدەین کە هەڵگریی هەمان تایبەتمەندین، چونکە کۆمەکمان دەکەن بۆ تێگەیشتن لە ئێستا و پاشەڕۆژی کۆمەڵگەکان و سیستمە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان، چونکە دەقە نەمرەکان تەنها حیکایەت و چیرۆک ناگێڕنەوە، بەڵکو لەڕێی گێڕانەوەوە جەستەی کۆمەڵگە توێکاریی دەکەن، کە خوێنەر دەتوانێت باشتر لە کۆمەڵگەکان و سیستمە سیاسی و ئابوورییەکان تێبگات.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕی بەتوانا مامۆستا حەمەکەریم عارف، بۆ وەرگێڕانی ئەم دەقە ناوازەیە و ناوەندی ڕەهەندیش بۆ دووبارە چاپکردنەوەی ئەم بەرهەمە.