رۆژنامەی ھەولێر

لەیلا سلێمانەوە تا نینا ستیبە

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری

 

کەسێکی تەمەن ٤٠ ساڵ لە (کامبرێج – Cambridge)ی بەریتانیا کە نایهەوێت ناوی بهێنرێت، پرسیارێکی ئاراستەی ڕۆژنامەی (گاردیەن) کردووە، و دەڵێت: «تا ئێستا چیرۆکی مۆدێڕنی ژنانم نەخوێندووەتەوە، بۆیەشە نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم بۆ ئەوەی ئەم کێماسییەی خۆم لە خوێندنەوە پڕ بکەمەوە. لەم سەردەمەدا کە دەنگی ژنان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە بیستن هەیە، کەچی من نەزانانە خەریکی درێژەدان بە کلتوورێکم کە خۆم باوەڕم پێی نییە. بۆیە دەپرسم لە کوێوە دەست پێبکەم؟ بە خۆشحاڵییەوە چەند ساڵی ئایندەم بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانی ژنە نووسەرە هاوچەرخەکان تەرخان دەکەم، بەڵام بەڕاستی پێویستم بە ڕێنمایی و ناساندنی کتێبەکانیان هەیە. تکایە لەمبارەوە یارمەتیم بدەن؟»

(گاردیەن)یش پرسیارەکەی ئاراستەی (ئەلێکس کلارک – Alex Clark)ی ڕەخنەگری ڕۆژنامەی ئینگلیزیی گاردیەن و توێژەر و بەڕێوەبەری هونەریی وێژە و ئەدەب لە فێستیڤاڵی (بات – Bath) کردووە تا وەڵامی پرسیارەکەی ئەم کەسە بداتەوە. ئەلێکس باشترین ژنە نووسەرەکانی چیرۆکە مۆدێڕنەکان هەر لە لەیلا سلێمانییەوە تا نینا ستیبە بەم شێوەیەیە دەناسێنێت:

سڵاو..
چەندە خۆشحاڵم بە بوونی کەسانی وەک ئێوە کە بەم شێوەیە بۆ خوێندنەوە ئامادەن. دیارە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیار و داواکارییەکەت، دەتوانن سەردانی کاندید و پاڵێوراوەکانی ئێستا و پێشووی خەڵاتی ژنان بۆ چیرۆکی خەیاڵی بکەن کە کە لیستێکی درێژە وەک لیستەکەی ساڵی ٢٠١٨. هەرچەندە چەندین لیستی هاوشێوە هەن، بەڵام ئەگەر بۆت وردتر بکەمەوە، هەر خودی پرسیارەکەتان ئەوە ئاشکرا دەکات کە ژنە نووسەرەکان وەک یەک پارچە تەماشا دەکرێن، ڕێک کلتوورێک کە پلەبەندییان دەکات و هەوڵ دەدرێت لە یەک چوارچێوە قەتیس بکرێنەوە.
بۆیە باشتر وایە پرسیارەکەتان بە جۆرێکی دیکە بکەن. بۆنموونە بڵێن: حەز بە چ جۆرە نووسینێک دەکەن؟ چ جۆرە چیرۆک و ڕۆمانێکتان لا سەرنجڕاکێشە و دڵخۆشتان دەکات؟

ئەگەر بە دوای ژانری مێژووییدا دەگەڕێن، کتێی ئەم نووسەرانە بخوێننەوە:
(هیلاری مانتیل – Hilary Mantel)، (لیسا ئیڤانس – Lissa Evans) و (جینێفیر ئیگان – Jennifer Egan) یان (لێواری مانهاتان – Manhattan Beach) و (نیوەی خۆری زەرد – Half of a Yellow Sun) لە نووسینی (چیماماندا نگۆزی ئادیچی – Chimamanda Ngozi Adichie). ئەمانە هەڵبژاردنێکی باشن بۆ خوێندنەوە.
بەڵام ئەگەر لایەنگری هەندێک ڕۆمانی وەرگێڕدراوی خەیاڵین، ئەوا دەتوانن ڕۆمانی (کتێبی سپی – The White Book)ی (هان کانگ – Han Kang) بخوێننەوە کە (دیبۆرا سمیت – Deborah Smith) وەریگێڕاوە یان کتێبی (لالایی – Lullaby)ی (لەیلا سلێمانی – Leila Slimani) بخوێننەوە کە لەلایەن (سام تەیلۆر – Sam Taylor)ەوو وەرگێڕدراوە. لەم کتێبانە بەڕاستی خەیاڵت دەبینی کە دەفڕێت.

با پرسیارێکت لێبکەم:
ئایا حەز دەکەن لەگەڵ (نینا ستیبه – Nina Stibbe) پێبکەنن یان لەگەڵ (هانیا یاناگیهارا – Hanya Yanagihara) بگرین؟ ئەگەر وەڵامەکەتان بەڵێیە، کەوایە دەست بکەن بە خوێندنەوەی کتێبەکانیان.

خۆ ئێستا پرس و کێشەکەتا لا ڕوونە، وایە؟
دونیای کتێبەکان بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش فرەجۆر و هەمەچەشنە و ئێوەی خوێنەر بە پێدانی هەل بە هەر یەکێکیان، بە تاقیکردنەوە و خوێندنەوەی هەر یەکێکیان، دەتوانن ئەو ناوەرۆکە بدۆزنەوە کە حەزێکی زۆرتان بۆی هەیە و دەتانهەوێت ئەزموونی بکەن. هیوادارم ئەم کتێبانەی پێم ناساندن، لاتان سەرنجڕاکێش بن، نەک بێزارکەر.
هەروەها لە کۆتاییدا هەندێک لەو ژنە نووسەرە هاوچەرخانەتان پێ دەناسێنم کە من خۆم حەز بە نووسینەکانیان دەکەم، هەر لە ژنە نووسەرە کۆنەکانەوە تا نووسەرە تازە پێگەیشتووەکان:
(جێنی سمایلی – Jane Smiley)، (دێبۆرا لڤی – Deborah Levy)، (جێنی ئۆفل – Jenny Offill)، (ئان ئینرایت – Anne Enright)، (کارمێن ماریا ماچادۆ – Carmen Maria Machado) و (سارا مۆس – Sarah Moss).

سەرچاوە: گاردیەن
لینکی بابەت: https://www.theguardian.com/books/2018/mar/31/book-clinic-contemporary-female-authors-leila-slimani-nina-stibbe-hilary-mantel