ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
بە ئامادەبوونی جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا و بەرپرسان و ئەندامانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، رێوڕەسمی باشترینەکانی ساڵی 2026 کیشوەری ئاسیا بەڕێوەچوو و لە کۆتاییدا، کوڕە کوردێک توانی بۆ جاری یەکەم لە مێژوو خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەو کیشوەرە بباتەوە.
لە شاری بانکوکی تایلەند، عەلیرەزا بیرانوەند گۆڵپارێزە کوردی هەڵبژاردەی ئێران و یانەی تراکتۆرسازی ئەو وڵاتە، توانی بۆ جاری یەکەم خەڵاتی باشترین یاریزانی کیشوەری ئاسیا بباتەوە. ئەو گۆڵپارێزە کوردە لە ساڵی 2026 توانی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشداری مۆندیال بکات و رۆڵێکی کاریگەریشی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکەی هەبوو.
گەڕاندنەوەی لێدانی سزای رۆناڵدۆ
عەلیرەزا، تەمەنی 34 ساڵە، بەشداری لە 3 مۆندیالدا کردووە و لەجامی جیهانی 2018ـی رووسیادا، کە ئاستێكی بهرزی پێشكهش كرد، بەگەڕاندنەوەی لێدانی سزای کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەوەندەی دیکە ناوبانگی دەرکرد.
بیرانوەند خاوەنی بەهێزترین هەڵدانی تۆپە بەدەست لە مێژووی تۆپیپێدا، کە تۆپێکی بۆ ماوەی 70 مەتر بەدەست هەڵداوە.
لە لایەکی دیکەشەوە کوردەکە لە یاری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر بەلجیکا لە قۆناخی یەکەمی مۆندیالی 2026، رۆلێکی کاریگەری هەبوو لەسەر ئەنجامی یارییەکە و توانی 7 دەرفەتی یاریزانانی بەرامبەر بگەڕێنێتەوە و پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵی هەڵبژاردەکەی بکات، ئەو یارییەش بووە وەچەرخانێکی گەورە بۆ گۆڵپارێزە کوردەکە و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر دیاری کردنی وەکو باشترین یاریزانی ئاسیا هەبووە.
خۆزێ مۆرینیۆ ستایشی دەکات
دوای ئاستە بەرزەکەی عەلیرەزا بیرانوەند لە مۆندیالی 2026، جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی، کە ئێستا سەرکردایەتی ریال مەدرید دەکات، لەبارەی عەلیرەزا بیرانوەندەوە گوتی: “لە یەکێکم پرسی ئەم گۆڵپارێزە لە کام یانە یاری دەکات؟ چاوەڕێم دەکرد یانەیەکی بەناوبانگ بێت. گوتیان تراکتۆر. منیش خۆم وا نیشاندا کە بەوردی دەزانم باسی چی دەکەن، بەڵام لە راستیدا نەم دەزانی! ئەگەر گۆڵپارێزێک بتوانێت بەرامبەر بەلجیکا ئەو گەڕاندنەوانە ئەنجام بدات، دەبێت لە یەکێک لە گەورەترین یانەکانی ئەورووپا یاری بکات”.
ژیاننامەی عەلیرەزا بیرانوەند
عەلیرەزا بیرانوەند لە 21/9/1992 لە گوندی سەرابیسی سەر بە پارێزگاری لۆرستانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و بەکالۆریۆسی لە پەروەردەی وەرزش لە زانکۆی سەما هەیە. عەلیرەزا لە بنەماڵەیەکی گەورە لەدایکبووە و یەکەم منداڵی خێزانەکەیە و چوار خوشکی هەیە بە ناوەکانی سەروەر، ئارێزۆ، سۆهێلا و نێگین. هەروەها عەلیرەزا بیرانوەند برایەکیشی هەیە بە ناوی ئەحمەدڕەزا. بنەچەی عەلیرەزا بیرانوەند دەگەڕێتەوە بۆ گوندی پۆشتێ جەزایەری لە خوڕەمابادی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە بنەماڵەیەکی عەشاییری لەدایک بووە و گەورە بووە.
ماڵباتی بیرانوەند لە دۆخێکی دارایی باشدا نەبوون و لە خوار چینی مام ناوەند بوون، هەر ئەمەش ئەو گۆڵپارێزە کوردەی ناچار کرد واز لە خوێندن بهێنێت، لە پێناو بژێوی ژیانی ماڵباتەکەی بۆ ئەوەی یارمەتی بژێوی خێزانەکەی بدات. عەلیرەزا لە تەمەنی 15 ساڵیدا پارەی قەرز کرد کە بێتە تاران بۆ ئەوەی بگات بە خەونەکەی کە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێیە.
خۆشبەختانە هەوڵەکانی ئەم گۆڵپارێزە کوردە سوودی هەبوو و دواجار بووە گۆڵپارێزی یەکەمی یەکێک لە بەناوباگترین یانەکانی ئێران و ئاسیا کە یانەی پێرسپۆلیس بوو و دواتریش بووە گۆڵپارێزی یەکەمی هەڵبژاردەی ئێران، ئێستاش بیرانوەند هەر گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی ئێرانە و لە ریزەکانی یانەی تراکتۆرسازی یاری دەکات.
