رۆژنامەی ھەولێر

سووپەرستارێکی کورد لوتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرت

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

لە گەڕی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، زاخۆ لەبەردەم هاندەرانی شورتەی شۆک کرد، لە یاریی کلاسیکۆی کوردستان دهۆک و هەولێر بە یەکسانبوون بە گۆڵێک کۆتاییهات، لەو یارییدا هاندەرانی دهۆک بە تیفۆیەکی گەورە دژی هەوڵدان بۆ دابەشبوونی هەرێمی کوردستان وەستانەوە.

کلاسیکۆی کوردستان دەنگی دایەوە
لەسەر یاریگای دهۆک و لە کلاسیکۆی کوردستاندا، بە ئامادەبوونی 36 هەزار هاندەر، دهۆک میوانداریی هەولێری کرد. لە گێمی یەکەمدا هۆک باڵادەست بوو؛ سەرەتا سیابەند عەگید بە لێدانێکی بەهێز بەختی خۆی تاقیکردەوە و تۆپەکەی بەسەر ستووندا تێپەڕی، دواتریش یونس حەموود دووجار نزیک بوو لە گۆڵکردن، تاوەکو لە خولەکەکانی کۆتایی نیوەی یەکەمدا لە پاسێکی هونەریی یونس حەمود، یوسف ئیمام بەلێدانێکی بەهێز و بە سوودوەرگرتن لە هەڵەی حوسێن حەسەنی گۆڵپارێزی هەولێر، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ دهۆک تۆمارکرد و گێمی یەکەم بە پێشکەوتنی خاوەن یاریگا کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا، لوئەی سەڵاحی راهێنەری هەولێر ئیبراهیم بایشی کاپتنی هێنایە نێو یاریگا لە شوێنی عەلی سادق؛ بەمەش هەولێر ئاستێکی جیاوازی پێشکێش کرد و لە هێرشێکدا میولێن نزیک بوو لە گۆڵکردن بەڵام کومێل سەعدی رێگر بوو. گوشارەکانی هەولێر بەردەوام بوون تاوەکو کریستۆفەر جۆن بە سوودوەرگرتن لە هەڵەیەکی کومێل سەعدیی گۆڵپارێزی دهۆک، گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ هەولێر تۆمارکردەوە، بەمەش کلاسیکۆی کوردستان بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
هاوکات لە یارییەکی دیکەی بەهێزی هەمان گەڕدا، زاخۆ میوانداریی شورتەی کرد. ئەحمەد یەحیا لە خولەکی 40 بە گۆڵێک شورتەی پێشخست، بەڵام زاخۆ لە گێمی دووەمدا ریزەکانیان رێکخستەوە و لە خولەکی 69ئۆرینیۆ بە لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ زاخۆ تۆمارکرد تاوەکو یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1کۆتاییبێت.
لەو یارییەدا هاندەرانی دهۆک و هەولێر یاریگەیان پڕ کرد لە ئاڵای کوردستان و بە تیفۆیەکی گەورە نووسییان: هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت.

شەڕ و گرژی لە دوای یاریی کلاسیکۆ روویدا
دوای تەوابوونی یاری نێوان هەردوو یانەی هەولێر و دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەچوو، گرژی لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانە دروستبوو و لەئەنجامدا چەند هاندەرێکی هەولێر برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.”
“دوای ئەوەی یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایی هات، بەشێک لە هاندەرانی یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەوە بەرد و دەبەیان هەڵدایە نێو یاریگە، ئەمەیش گرژی لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانەدروست کرد.”

نوێنەرەکەی کەرکووک گڕی گرتووە
یانەی گازی باکووری شاری کەرکووک ئەم وەرزە بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتووە، لەم گەڕەدا شکستی بە یانەی کەرخی شاری بەغدا هێنا.
گازی باکوور چوارەم سەرکەوتنی لەم وەرزە تۆمار کرد و ناوەڕاستی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.

ئەستێرەیەکی کورد لوتکەی گرتووە
هیران ئازاد، ئەستێرەی کوردی پێشووی یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی، ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی زەورا دەدرەوشێتەوە و بە تۆمارکردنی هەشت گۆڵ لوتکەی گۆڵکارانی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.
لە دوایین یاری، سووپەرستارە کوردەکە دوو گۆڵی لە دژی تەڵەبە کرد و سەرکردایەتی سەرکەوتنی یانەکەی کرد.