رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی پیاوە دارینەکە کاتێک خۆشەویستییەکی نامۆ گوندێک دەشەڵەقێنێت

حەسەن حەمەد ئاندێکی – هەولێر

فیلمی پیاوە دارینەکە بەرهەمێکی سینەماییی خەیاڵی، کۆمیدی و ڕۆمانسییە و چیرۆکی خۆشەویستییەکی نامۆ و تێپەڕاندنی سنوورە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەگێڕێتەوە. ڕووداوەکانی فیلمەکە لە گوندێکی کەناری دەریادا ڕوو دەدا؛ لەوێ ژنێکی ماسیگر بە تەنهایی ژیان بەسەر دەبات و بە هۆی جیاوازییەکانی لەگەڵ نەریتە باوەکانی گوندەکە، هەمیشە ڕووبەڕووی گاڵتە و ڕەخنەی دانیشتووان دەبێتەوە.

ئەم ژنە کە لە ڕەفتاری کۆن و بۆچوونی تەسکی دەوروبەری بێزار بووە، بڕیارێکی نامۆ دەدات؛ ئەویش دروستکردنی هاوسەرێکە بۆ خۆی، پیاوێک لە لقوپۆپی دار دروست دەکات. بەڵام ئەم پیاوە دارینە بە شێوەیەکی نەچاوەڕوانکراو دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی ژنەکە و هەڵگیرسانی حەسوودی و ناکۆکی لە نێوان دانیشتووانی گوندەکەدا.
فیلمەکە بە تێکەڵکردنی خەیاڵ، کۆمیدی و ڕۆمانس، تیشک دەخاتە سەر ئازادیی هەڵبژاردن، مافی تاک بۆ دیاریکردنی شێوازی ژیانی خۆی، خۆشەویستی و قبووڵکردنی جیاوازییەکان؛ هەروەها ئەوەش دەخاتە ڕوو کە چۆن بۆچوونی تەسکی کۆمەڵگە دەتوانێت ببێتە بەربەستێک لە بەردەم ئازادیی تاکەکاندا.
سەرچاوە: https://wickerthemovie.com/home