رۆژنامەی ھەولێر

توركیا و قەتەر رێككەوتنێكی بەرگرییان ئیمزا كرد

كارزان گلی – هە‌ولێر

توركیا و قەتەر، رێككەوتنێكی بەرگرییان ئیمزا كرد، بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی هەر هێرشێكی سەربازی ببنەوە ئەگەر لەداهاتوو كرایە سەریان. رێككەوتنەكە بەرگرییە و هەروەها ئەنجامدانی مانۆڕەی سەربازییە بەیەكەوە و بەهێزكردنی پیشەسازی سەربازییە لەنێوانیاندا.

ئەم رێككەوتنەی نێوان ئەو دوو وڵاتە، هاوشێوەی رێككەوتنی مەككەیە كە لەنێوان توركیا و سعوودیە و پاكستان ئیمزا كرا، چونكە لەبەشێكی رێككەوتنی نێوان قەتەر و توركیادا هاتووە، هەر وڵاتێك هێرش بكاتە سەر یەكێك لەم دوو وڵاتە، بەو واتایە دێت هێرشی كردبێتە سەر هەردوو وڵات، ئەم مادەیەش لەرێككەوتنی مەككەدا بوونی هەیە.
ئەم هەنگاوەی ئەم دوو وڵاتە لەكاتێكدایە، ئیسرائیل و ئەمریكا لەشەڕێكی سەختدان لەگەڵ ئێران و گەرووی هورموزیش بەڕووی كەشتییە بازرگانییەكان داخراوە و رەوشی ناوچەكە خراپە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (جەزیرە)، رەجەب تەییب ئەردۆغان و شێخ تەمیم سانی، لەئیستانبۆڵ ئەو رێككەوتنەیان ئیمزا كردووە. جگە لەوەی هەردوو سەرۆك ئامادە بوونە، هەردوو وڵات كەسانی پلەبەرزی سەربازی و حكوومیشیان لەگەڵدا بووە و لەرێككەوتنەكەدا بەشداربوونە.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەم رێككەوتنە لەكاتێكدایە ناوچەكە لەشەڕێكی سەخت و نائارامدایە، بۆیە رێككەوتنەكە زۆر ستراتیژیی و گرنگە و لەڕووی كاتیشەوە زۆر بایەخی هەیە.

چی لەناو رێككەوتنەكەدا هەیە؟
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لەنێوان هەردوو وڵات بڵاوكراوەتەوە و میدیاكانی هەردوو وڵاتیش بڵاویان كردووەتەوە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بەم شێوەیەیە:
هەردوو وڵات بەشێوەیەكی زۆر ئاكتیڤ بەرگریی خۆیان بەهێز دەكەن، هانی وڵاتانی ناوچەكە دەدەن تا ئارامی بەرپا ببێت.
هەر لەرێككەوتنەكەدا هاتووە، هەر وڵاتێك پەلامار بدرێت، وەكوو ئەوە وایە پەلاماری هەردوو وڵات درابێت و دەبێت بەرگریی لەیەكتری بكەن.
هەردوو وڵات كار ناكەن بۆ ئەوەی تەنیا خۆیان ئارام بن و لەشەڕ دوور بن، نەخێر دەبێت هەوڵی گەورە بدەن تا ناوچەكە رووبەڕووی شەڕ نەبێتەوە. هەردوو وڵات دەبێت راوێژ بەیەكتری بكەن لەڕووی سەربازییەوە، بەتایبەت ئەگەر هات و ناوچەكە كەوتە مەترسییەوە.
هەردوو وڵات بەیەكەوە مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدەن، راهێنان بەسەربازەكانیان دەكەن و لەڕووی پیشەسازی سەربازییەوە هاوكار و پاڵپشتی یەكتری دەكەن.

ئایە ئەمە رێككەوتنێكی سەربازییە؟
عەبدوڵا بەندەر ئەلعوتەیب، شارەزا لەسیاسەتی نێودەوڵەتی، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و پێوایە، ئەم رێككەوتنە بۆ ئەوە نەكراوە دژی وڵاتێكی دیاركراو بێت.
ئەلعوتەیب دەڵێت: ”رێككەوتنەكە زیاتر بۆ ئەوەیە ئەگەر هەر هێرشێك بكرێتە سەر هەر وڵاتێك، لەڕووی داراییەوە تێچووی شەڕ هەڵبسەنگێنن و پاشان بەیەكەوە هەنگاو بنێن، نەك رێككەوتنەكە بۆ وڵاتێكی دیاریكراو بێت، نەخێر بۆ ئەو وڵاتانەیە كە بیانەوێت پەلامار بدەن.“
باس لەوەش دەكات، لەرێككەوتنەكەدا دیاری كراوە هەردوو وڵات راهێنان دەكەن و دەیانەوێت ئاساییشی ناوچەكە بپارێزن و شەڕ روو نەدات.
گرنكی ئەم رێككەوتنە لەوەدایە ناوچەكە ئارام نییە و هەردوو وڵات دەیانەوێت بۆ بەرگریكردن لەخۆیان لە هەر پەلامارێك و هەروەها هەوڵدان بۆ ئاشتی و ئارامی ناوچەكەكە و رێگریكردن لەشەڕ لەیەكترییەوە نزیك بن.