ڕائیب جادر – هەولێر
ھەرێمی کوردستان، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرھەمی خوێنی ھەزاران شەھید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و ھیچ حزب و دەسەڵاتێک توانای ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێمی کوردستانی نییە. چاودێرانی سیاسی و حزب و لایەنەکان باس لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەکەن و دەڵێن، پەرلەمانی کوردستان بە ڕێکاری یاسایی و دەستووری کارا کراوەتەوە و ئەمە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت.
لەگەڵ دەرکەوتنی دیاردەی نوێی ناپاکی و کاڵبوونەوەی بەھا نیشتمانییەکان، چاودێران و سیاسەتمەداران نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەردەبڕن و باس لەوە دەکەن ئەو کردەوانەی سەردەمانێک مایەی شەرمەزاری بوون، ئێستا بە ڕۆژی ڕووناک دەکرێن، ئەمەش وەک بێباکییەک بەرامبەر خوێنی شەھیدان و ھەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەبینرێت.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ڕۆژی یەک شەممە داواکارییەکی ھاوبەشی ھەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێی بۆ دەرکردنی “فەرمانی وەلائی” بە مەبەستی ڕاگرتنی کاتیی دانیشتن و کاروبارەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە کۆی دەنگ ڕەتکردەوە.
دادگەی فیدراڵی دوای تاوتوێکردنی داواکارییەکە، ھیچ بڕیارێکی کاتی بۆ وەستاندنی پرۆسەکە پەسەند نەکرد و فەرمانی بەپەلەی ڕاگرتنی دەرنەکرد، لە کاتێکدا ئەو دوو لایەنە لە سکاڵاکەیاندا داوایان کردبوو بە شێوەیەکی کاتی ڕێگری لە بەردەوامیی دانیشتنەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان بکرێت تا ئەو کاتەی دادگە بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات.
ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی دوابەدوای دانیشتنەکەی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ی پەرلەمانی کوردستان دێت کە تێیدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێردرا، بە ڕەتکردنەوەی ئەم فەرمانە وەلائییەش، کار و چالاکییەکانی پەرلەمان بەبێ ھیچ ڕێگرییەکی کاتی بەردەوام دەبن.
قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بریتییە لەو پێگە یاسایی و فیدراڵییەی کە لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا بۆ ھەرێمی کوردستان چەسپێنراوە و وەک یەکەیەکی فیدراڵی یەکگرتوو ناسێنراوە.
ماددەی ١١٧ی دەستووری عێراق بە فەرمی دان بە ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا دەنێت وەک ھەرێمێکی فیدراڵی کە لە چوارچێوەی کۆماری عێراقی فیدراڵدا کار دەکات.
قەوارەکە خاوەنی پەرلەمان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی و ھێزی پێشمەرگەیە کە بە پێی دەستوور بەشێکن لە سیستمی بەرگری عێراق. ھەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی ھەیە لەسەر ئەو بەشانەی کە دەسەڵاتی فیدراڵی نیین یان ھاوبەشن.
قەوارەی ھەرێم لەلایەن زۆربەی ھێزە سیاسییەکان و حکوومەتی ھەرێمەوە بە ھێڵی سوور دادەنرێت و لە ئەنجامی خەباتی دوورودرێژ و بەردەوام ھاتووەتەدی. ئەمە لە کاتێکدایە بەھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان و دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، مشتومڕ و نیگەرانیی زۆر لەسەر مەترسیی دووئیدارەیی و لاوازبوونی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان لە ئارادایە.
ئەگەر بۆ مێژووی زیاتر لە سەد ساڵ بەر لە ئێستا بگەڕێینەوە تا ئێستا، دەبینین کورد بەردەوام خەباتی کردووە و قوربانیی داوە تا بەرگری لە خۆی و لە مافەکانی بکات و بگات بە ئاواتە باڵاکانی کە دیارترینیان قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆیە بۆ ئەوەی خۆی حوکمی خۆی بکات و ژێردەستە نەبێ، لە چوارچێوەی ھەرێمێکی فیدراڵی ھاتۆتە دی، لێ دروستبوونی ئەو قەوارەیە دەریایەک خوێنی ویستووە و ھەزاران دایکی جەرگسووتاو کردووە و ھەزاران منداڵی بێ دایک و باوک کردووە.
سەرگیز ھورمز، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھەروا بە ئاسانی نەبووەتە ئەمری واقیع و ھەرێمێکی فیدراڵیی یاسایی و دەستوورییە، ھیچ کام لە دوژمنان و تەنانەت دۆستانیشمان بەدیاری پێیان نەبەخشیوین، ئەو قەوارەیە بە خوێنی گەشی لاوەکانمان دروست بووە، بە ماندووبوون و شەونخوونیی دایکان و خوشکان و باوکان و کوڕانی لادێکان و جووتیارە ناندەرەکانی کوردستان، موژدەی لەدایکبوونی ھێناوە، ئەو قەوارەیە قەوارەی ھەمووانە لەسەر تاک بەتاکمان ئەرکە بیپارێزین و گەشەی پێ بدەین، نەک وەکو ئێستا ھەندێک لایەن کە ناپاکیان کرد بەرامبەر بە خوێنی شەھیدانی خۆیان داوا دەکەن نەمێنێت و کوردستان ببێتە دوو ئیدارەیی.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: ئەگەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان توشی نسکۆیەک بێت، ھەموو کورد، سەرجەم حزبەکان بێ جیاوازی گڵۆڵەیان دەکەوێتە لێژی و غلۆر دەبنەوە، بە جۆرێک، جارێکی دی ڕاستبوونەوەیان ئەستەم دەبێت، بۆیە پێویستە ھەمووان کار بۆ ئەوە بکەن قەوارەی کوردستان بپارێزن و ھەوڵ بدەن کەموکوڕییەکانی چارەسەر بکەن، ھەموو لایەنەکان بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و ھەوڵ بدەن کیانێکی پتەو و کوردانە بنیات بنێن، دوور لە ئینتمایی حزبایەتی، بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم پەلە بکرێت، تا کۆتایی بەو چەقبەستووییەی ھەرێمی کوردستان بھێنرێت.
زریان شەمدین، چالاکوانی سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ھەر کێشە و گرفتێک ھەبێت، دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆیەکی بەرپرسانە و لەسەر مێزی دانوستان چارەسەری کێشەکان بکرێت.
ئەو چالاکوانە، دەشڵێ: پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لە دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان و قەوارەی سیاسیی کوردستان و سەرچاوەی سەروەریی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە کاتێک دادگەی فیدراڵی ئەم داواکارییە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕەت دەکاتەوە، دەرخەری ئەوەیە کە ئەم دامەزراوانە پارێزراویی دەستوور و یاساییان ھەیە، ھیچ دادگەیەک لە عێراق تایبەتمەند نییە کار بکات لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ڕێکارەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان بە بیری زۆرینە و کەمینە ڕێکارێکی دروستە و لە ڕووی دەستوورییەوە جێگای خۆی گرتووە.
ئەبوبەکر ھەڵەدنی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە نوسینێکدا لە ھەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “فەیسبووک” بڵاوکردەوە و دەڵێت: قەوارەی ھەرێمی کوردستان موقەدەس و پیرۆزە، بەرھەمی سەدەیەک دڵۆپەکانی خوێن و فرمێسک و عارەق و زامی سارێژ نەبوویی ئەنفال و جینۆسایدی گەلێکی ستەمدیدەیە، دەبێ وەک بیلبیلەکانی چاومان بیپارێزین.
ئەبوبەکر ھەڵەدنی، باسی لەوەشکردووە، قەوارەی ھەرێم نابێت بکەینە قوربانی دەستەیەک نابەرپرسی تێر نەخۆر و بکوژ و ببڕ.
کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ھەڵوێستی پارتی ڕوون و ئاشکرایە و بەردەوام سەرۆک بارزانی و پارتەکەش داوایان لە ھەموو لایەک کردووە، پەرلەمانتاران بچنە پەرلەمان و کارەکانی خۆیان بە دروستی بکەن، تاوەکو خزمەتی ھەرێم و گەلی کوردستان بکەن و ئەو سوێندەی خواردوویانە جێبەجێی بکەن.
سەبارەت بە ئەگەری دابەشبوونی ھەرێمی کوردستان، کەمال کەرکووکی ئاماژەی بەوەدا، ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور یەک ھەرێمە و ھیچ ھەوڵێک لەو پێناوەدا سەرناگرێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا باسی لەوە کرد، ئەرک و مافی یەکێتییە ھاوشێوەی پارتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن. گوتیشی، پێیان باشە ھەموو لایەنەکان پێکەوە لە پەرلەمانی کوردستان دابنیشن و کەس داوایان لێ ناکات وەک ئەوان قسە بکەن، بەڵکو مافی خۆیانە لەوێ ڕای خۆیان بە ڕێکوپێکی دەرببڕن.
دەربارەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی داواکاریی ھەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگرتنی کارەکانی پەرلەمان، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئەوەی خستەروو، ئەو بڕیارە بۆ ئەوان زانراو بوو، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە ماددەی دەستوورییەوە ھەیە، لە ھەموو جیھاندا دوای ھەڵبژاردن ھەر لایەنێک زۆرینەی دەنگی ناو پەرلەمان بەدەست بھێنێت، دەتوانێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان دابنێت، لیژنەکان پێکبھێنێت، چاودێریی حکوومەت بکات، متمانە بە حکوومەت بدات و یاسا دەربکات یان ھەمواری بکاتەوە.
ھەروەھا کەمال کەرکووکی، جەختی لەوە کردەوە، ئەو دۆخە بۆ ئەوان ڕوون و ئاشکرا بوو و بەداخەوە ئەو لایەنانەی سکاڵایان تۆمار کرد نەدەبوو ئەو کارە بکەن.
لە کۆتاییدا سەبارەت بە پرسی دوو کارگێڕی “دوو ئیدارەیی”، کەمال کەرکووکی، گوتی: خەڵکی کوردستان و یاسا و دەستوور ئەوە پەسند ناکەن، ھیواشی خواست ھەموو لایەنەکان بێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست و پێکەوە خزمەتی ھەرێمی کوردستان و گەلەکەیان بکەن، چونکە ھێشتا ئەرکی زۆریان لە پێشە و نابێت ھیچ لایەن و کەسێک ببێتە ھۆکاری لێکترازانەکان.

