ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی ١١ی ٢٠٢٦، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە یاوەریی ئەندامانی بەش، سەردانی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیی کرد.
لە سەردانەکەدا، لەلایەن فەریق عەزیز وەیسی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی زێرەڤانی و ژمارەیەک لە ئەندامان، فەرماندە و ئەفسەرانی فەرماندەییی زێرەڤانی بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.
لە دیدارەکەدا، د. سالار عوسمان بە ڕێز و پێزانینەوە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی و قارەمانانەی هێزەکانی زێرەڤانی لە پاراستنی خاک و قەوارەی هەرێمی کوردستاندا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن تیشکی خستە سەر ڕۆڵی پێشمەرگە لە کایەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندندا، و جەختی لە گرنگیی پابەندبوونی نیشتمانی لە ڕاگەیاندن و بەهێزکردنی لایەنی ڕۆشنبیریی پێشمەرگە کردەوە.
لە بەرامبەردا، فەریق عەزیز وەیسی، بە گرنگییەوە تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و کاریگەریی کایەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا و جەختی لەوە کردەوە کە نووسەران، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان قەڵەم و مینبەرێکی گرنگن بۆ دۆکیۆمێنتکردن و ناساندنی ئەو قارەمانێتی و گیانفیداییەی کە هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا نواندوویانە.

